گوندێكی تایبەت بە ژنان لە ڕۆژئاوای كوردستان نەریتە باوەكان دەشكێنێت

30-11-2018 04:03
ژنانی گوندی ژینوار

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

ژنانی ڕۆژئاوای كوردستان بەشێوەیەكی جیاواز و ئەزموونێكی ناوازە یادی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنانیان كردەوە، ئەویش دروستكردنێكی گوندێكی تایبەتبوو بە ژنان بە ناوی "ژینوار" كە بە مانای "نیشتمانی ژنان" دێت.

 

تەنها ژنان نیشتەجێی هەمیشەیین لەو گوندەدا، ڕێ بە پیاوانیش دەدرێت سەردانی كەسوكارەكانیان بكەن لە "ژینوار" بەڵام ناتوانن بەشێوەیەكی هەمیشەیی تێیدا بمێننەوە.

 

بیرۆكەی دامەزراندنی گوندێكی تایبەت بە ژنان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015، دوای ماوەیەكی زۆر لە گفتوگۆ، دواجار ئەو دەستانەی تایبەتن بە كاروباری ژنان لە ڕۆژئاوا ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر میكانیزمەكانی دروستكردنی ئەو گوندە كە سەر بە شاری حەسەكەیە.

 

دیمەنێكی گوندەكە.

 

بەردی بناغەی گوندەكە لە ئازاری 2017 دانرا و لە ڕۆژی جیهانی دژ بە توندوتیژی دژی ژنان بەفەرمی كرایەوە. ڕومەت هەڤاڵ، سەرپەرشتیاری گوندەكە لەوبارەیەوە بە بی بی سی ڕاگەیاندووە"ئەمە یەكەمین ئەزموونی لەم جۆرەیە لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گوندەكەش تەنها بۆ ژنانی كورد نییە، بەڵكو پێشوازیی دەكەین لە هەموو ئەو ژنانەش دەیانەوێت تێیدا بژین بەبێ ڕەچاوكردنی نەتەوە و دین و مەزهەب."

 

لەبەردی بناغەوە تا كۆتایی دروستكردنی گوندەكە، تەنها ژنان خۆیان بەهەموو ئەركەكان هەستاون. هاوكات شارەوانی ناوچەی دەرباسییە، كە لەڕووی ئیدارییەوە گوندەكەی دەكەوێتەسەر، ئامێری پێویستی بۆ ژنەكان دابینكردووە تا لە دروستكردنی گوندەكەدا بەكاریبهێنن.

 

ژنانی گوندەكە گفتوگۆ لەسەر ڕەشنوسی پەیڕەوێكی ناوخۆ دەكەن بۆ گوندەكە.

 

ئەو ژنانەی لە گوندی "ژینوار" نیشتەجێن، لە چەند شوێنی جیاوازی پارێزگای حەسەكەوە هاتوون، لەوانە؛ گرە تەمر، دەرباسییە و كۆبانی. هاوكات گوندەكە هێزێكی تایبەتی پۆلیسی پاراستنی هەیە كە بەهەمان شێوەی هەر لە ژنان پێكدێن و ئاسایشی گوندەكە دەپارێزن.

 

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، ژنانی ڕۆژئاوای كوردستان سەرنجی بەشی زۆری چاودێرانی جیهانیان بۆخۆیان ڕاكێشاوە، بەو پێیەی ئەوان لە كاتی شەڕدا شان بەشانی پیاوان بەرگریی دەكەن و دەیان فەرماندەیان هەیە و هێزێكی تایبەت بەخۆشیان بەناوی "یەكینەكانی پاراستنی ژنان" پێكهێناوە، هاوكات لە ئیدارەكردنی ناوچەكانیشیاندا، ژنان ڕۆڵێكی باڵایان هەیە و دەیان پۆستی گرنگیان لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان هەیە.

 

گوندەكە دوای تەواوكردنی خانووەكانی.

 

دروستكردنی گوندێكی لەو شێوەیە كاردانەوەی جیاوازی لە نێوان ستایش و ڕەخنەدا لێ كەوتەوە.

 

بەشێك پێیانوایە ئەو ژنانە سەلماندوویانە كە خۆیان دەتوانن هەموو كاروبارەكانی ژیانی خۆیان ڕابپەڕێنن و ئەو كارانەشی كە پێشتر تەنها وەك ئیشی پیاوان سەیردەكرا، ئەوان ئەنجامیانداوە؛ وەك دروستكردنی خانوو و شۆفێریكردن و بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلە گەورەكان.

 

لەبەرامبەریشدا بەشێكی دیكە دەڵێن دروستكردنی گوندێكی تایبەت بە ژنان، جیاوازیكردنی نێوان ژن و پیاوە و زیاتر ئەو دوو ڕەگەزە لێك دادەبڕێت. لە وەڵامدا ڕومەت هەڤاڵ دەڵێت"ئەمە جیاوازیكردن نییە لەنێوان ژن و پیاودا، بەڵكو دابینكردنی شوێنێكی ئارامە بۆ ئەو ژنانەی كەسوكارەكەیان لە جەنگدا لەدەستداوە، یاخود ئەو ژن و دایكانەی لەگەڵ منداڵەكانیان بەتەنهان و لەدۆخێكی ئابووری سەختدان."

 

سەرپەرشتیاری گوندەكە دەشڵێت"ئەمڕۆ بە قۆناغیكی سەختدا تێدەپەڕین، بۆیە پێویستە ڕیزەكانی ژنان ڕێكبخەینەوە و هۆشیاریان بكەینەوە لە بەرگریكردن لەخۆیان."

 

هەرلەسەرەتاوە تا كۆتایی ژنان كاریان لە دروستكردنی گوندەكەدا كردووە.

 

گوندكە لە ئێستادا لە 30 ماڵ پێكدێت و ڕووبەرێكی زۆری سەوزاییە و بەشێك لە گژوگیاكانی سوودی لێدەبینرێت بۆ چارەسەركردنی هەندێك لە نەخۆشییەكان، هاوكات 200 سەر مەڕیشیان هەیە و وەك سەرچاوەیەكی ئابووریی بەكاریدەهێنن.

 

"ژینوار" جگە لە قوتابخانەیەكی سەرەتایی، مۆزەخانەیەكی بچوك و شانۆیەكی تێیدا. هەروەها نانەواخانەیەك و باخێك بۆ چاندنی سەوزە و قاوەخانەیەك و چێشتخانەیەك بۆ میوانەكان و ئەنجومەنێك بۆ ژنان و بەرگدروویەكی تێیدا.