دوای سێ ساڵ لە ئەشكەنجە و گریان

لەیلا؛ لە ‌داعش هەڵات و بەدوای هاوسەرەكەیدا وێڵە
17-12-2018 06:36
هێشتا چیرۆكە تراژیدییەكەی لەیلا تەواو نەبووەو بەدوای هاوسەرو كەسوكارەكەیدا وێڵە.

 

پەرەگراف- دهۆک

 

لەیلا تەعلو بە سێ ساڵی پڕ لە زەحمەتیدا تێپەڕی، هەموو جۆرە ئەشكەنجەیەكی جەستەیی و دەرونیی بینی، بەڵام كۆڵی نەدا و لەگەڵ دوو منداڵەكەیدا، هێشتا لە نیوەڕێگای ئامانجەكەیدایە.

 

ئامانجی ئەو ژنە ئێزدییە، دۆزینەوەی هاوسەرەكەی‌و كەسە نزیكەكانیەتی، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە گەورەیەی حوكمڕانیی داعش لەبەر یەكی هەڵوەشاندەوە.

 

"ئەوەی من باسی دەكەم تەنیا بە وشە ناوترێت، زۆر وەحشیگەرانە لەگەڵمان مامەڵەیان دەكرد، ئەو دەستدرێژیی و ئەشكەنجە زۆرەی لەسەرمان بوو.. باسی كامیان بكەم؟" لەیلا تەعلو وای وت.

 

ئەو لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆكەكەیدا بۆ پەرەگراف، كەوتەوە بیری ئەو بەیانییەی بوو بە ڕۆژێكی ڕەش بۆ ئێزدییەكان، بە دیاریكراوی كاتژمێر 8:30 خولەكی 3ی ئابی 2014، كاتێك لە پڕ داعش گەیشتە بەردەگای ماڵەكەیان و هەموو خێزانەكەی، دەستبەسەر كران.

 

لەیلا و هەموو ئەوانەی ئەو ڕۆژە دەستبەسەربون نەیاندەزانی چی ڕویداوە، بەزۆر ڕەوانەی دەرەوەی ناوشاری شەنگال كران و لە یاریگایەكی وەرزشی منداڵاندا كۆكرانەوە، چەكدارەكان دەستیانكرد بە جیاكردنەوەی ژن و كچ لە پیاو و كوڕانی گەنج، لەڕێی بڵندگۆوە داعش یەكەم قسەی خۆی كرد و داوایكرد لە نێوان بوون بە ئیسلام و مەرگدا، یەكێكیان هەڵبژێرن.

 

"داعشەكان چەند پیاو و گەنجێكیان لەوێ جیاكردەوە و گولـلەبارانیان كردن، زۆر ناخۆش بوو، بەدەنگی بەرز هاوارمان دەكرد، بەڵام ئەوان وەكو وەحش بەردەوام بون و چەندین كەسیان كوشت".

 

دیمەنە ترسناكەكانی ئەو ڕۆژە، قەت لەبیری لەیلا ناچنەوە و تەنیا شتێك بۆ منداڵەكانی كرد "بەدەستەكانم چاوەكانیانم بەست تا كوشتنی خەڵكەكە نەبینن".

 

لەیلا تەعلو تەمەنی 31 ساڵە، هاوسەرگیری كردووە و دایكی دوو منداڵە، لە هێرشەكانی داعش بۆ قەزای شەنگال لە ڕۆژئاوای نەینەوا لەگەڵ 15 كەسی تری بنەماڵەكەیاندا، كەوتنە دەستی چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە.

 

"من لە هاوسەرەكەم جیاكرامەوە، لەگەڵ منداڵەكانم و دەیان كچ و ژنی تری ئێزدی گواستراینەوە بۆ قەزای بەعاج لە موسڵ، هەمومان لە خوێندنگەیەك دانراین و دوای چەند كاتژمێرێك، ئەمیرەكانی داعش وەكو دەستكەوتی جەنگ بەسەر خۆیاندا دابەشیانكردین".

 

لەو ڕۆژەوە، مەینەتی و ئەشكەنجەی جەستەیی ژنان و كچانی ئێزدیی دەستیپێكرد، لە چەوساندنەوە و دەستدرێژیی تا مامەڵەی كڕین و فرۆشتن پێیانەوە لە نێو چەكدارەكانی داعش.

 

لەیلا دەڵێت لە بەعاجەوە ڕەوانەی قەزای تەلەعفەر كران لە ڕۆژئاوای نەینەوا و جارێكیتر لەنێو چەكدارەكاندا دابەشكران، بەهۆی مامەڵەی توندی چەكدارەكانەوە، كچ و ژنانی ئێزدی ڕوبەرڕوی بارێكی دەروونی خراپ بونەوە، "هەبوو گیانی لەدەستدەدا، هەبوو خۆی دەكوشت و بەرگەی ئەشكەنجە و دەستدرێژیی نەدەگرت".

 

"من بەهۆی ئەشكەنجە و دوریی لەكەسوكارم زۆرجار بیرم لەخۆكوشتن دەكردەوە، بەڵام بیرم لەمنداڵەكانم كردەوە، بۆیە بێ ئومید نەبووم و خۆم ڕاگرت" لەیلا وای وت.

 

لە سەروبەندی هێرشەكانی داعش بۆ شەنگال و دەستبەسەرداگرتنی ئەو قەزایە، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزدی بون، زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە بەدیل گیران و تائێستاش زیاتر لە سێ هەزاریان لە نێویاندا كچ و ژن و منداڵ چارەنوسیان بەنادیاریی ماوەتەوە، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم.

 

دوای هەشت مانگ مانەوە لە تەلەعفەر، كچان و ژنانی ئێزدی ڕەوانەی شاری ڕەققە كران لە سوریا، كە ئەوكات بە پایتەختی داعش ناودەبرا، لەوێ بەسەر چەكدارانی سوری و ئەوروپیدا دابەشكران.

 

لەیلا بەردەوام لەهەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەكدا بوو، قسە لەگەڵ برا یان هاوسەرەكەی یاخود كەسێكی نزیكیدا بكات، بەبێ ئەوەی بزانێت چارەنوسیان چی لێ بەسەرهاتووە، بەڵام دەستكەوتنی تەلەفۆن و هۆكاری پەیوەندیی زۆر قورس بوو.

 

"لەسوریا كەوتینە نزیكی چەند ماڵێك كە داعش نەبون، دوای دوو ساڵ مانەوە لە ڕەققە، ڕۆژێكیان دەرفەت دروستبوو بە تەلەفۆن پەیوەندیم كرد بە براكەمەوە، هەواڵی هەموانم و پرسی، لەوەوە زانیم چارەنوسی هاوسەرەكەم دیارنیە".

 

 لەیلا(كراس سپییەكە) لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتی دایكە تێریزا لە هیندستان/ مانگی 10ی 2018.

 

پەیوەندی لەیلا بە براكەیەوە، چەندجارێك دوبارە بوەوە، لەڕێی كەسانی متمانەپێكراو لە ڕەققە و دوور لە داعش، تا ئەوەی گەیشتنە ڕێگەیەك بۆ دەربازبون لەدەستی چەكدارانی ڕێكخراوەكە.

 

"براكەم لەگەڵ چەند كەسێك كە بازرگانییان لەگەڵ چەكدارانی داعش دەكرد ڕێككەوت بەپارە من و دوو منداڵەكەم ڕزگار بكات"، بەوتەی لەیلا بەپێی ئەو مامەڵەیە براكەی ژمارە تەلەفۆنێكی پێداوە و ڕێككەوتون لەسەر ڕۆژێك كە ماتۆڕسیكلێك لەشوێنی مانەوەیاندا هەڵیانبگرێت، "ئەو كەسە هات و ماتۆڕەكەی عەرەبانەی پێوەبوو، من و منداڵەكانم لەعەرەبانەكەدا سەركەوتین و گەیەنراینە ‌ڕۆژئاوای كوردستان".

 

لە كانتۆنی كۆبانێ لەیلا بۆ 15 ڕۆژ مایەوە، دواتر و لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا، هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لەگەڵ منداڵەكانیدا ڕەوانەی خانەسۆریان كرد لە شەنگال، لەوێ بەبراكەی شادبووەوە.

 

لەیلا دەڵێت "هیچ هاوكارییەكی ئێمە نەكراوە، بۆ دەستپێكردنەوەی ژیانی ئاسایی، تەنیا ئەوەنەبێت لەكاتی ڕزگاركردنماندا دوو دەفتەر و 300 دۆلار خەرجكراوە لەلایەن نوسینگەی كاروباری ڕفێنراوانی ئێزدی لە دهۆك".

 

لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، لە هیندستان لەگەڵ كەسێكی تری پێكهاتەكەیدا، خەڵاتی دایكە تێریزا بە لەیلا تەعلو بەخشرا و ئەم مانگەش، بەبۆنەی یادی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤەوە، لەدهۆك وەكو باڵیۆزی ئاشتیی دیاریكرا.

 

 دیاریكردنی لەیلا وەك یاڵیۆزی ئاشتیی/ دهۆك مانگی 12ی 2018.

 

لەیلا و كەسوكاری ئێستا لەكەمپی ئاوارەكانی شاریە لەپارێزگای دهۆك نیشتەجێن، هێشتا هاوسەرەكەیی و چەندین كەس لە بنەماڵەكەی بێسەروشوێنن، بۆیە هێشتا چیرۆكەكەی كۆتایی نەهاتووە و هەموو ئومێدی ئەو، دۆزینەوەی كەسە نزیكەكانی و گەڕانەوەیە بۆ ژیانی بەر لەدەركەوتنی داعش.