بنەمای پەرەگراف متمانەیە

سەدان پاڵاوگە بونەتە هەڕەشە بۆ ژینگە و تەندروستی خەڵك

پاشەڕۆی پاڵاوگەیەكی نایاسایی لە نزیك شاری هەولێر/مانگی 10ی 2014. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف- سەنگەر سالار

خاك و ئاووهەوای هەرێمی كوردستان، لەبەردەم مەترسی مانەوەی پیسیی و ژەهری سەدان پاڵاوگەی نایاسایی نەوتیدایە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو، بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە، ئەوەش باجەكەی لەسەر تەندروستی خەڵك دەكەوێت.

ئەو پاڵاوگە نەوتییانەی بە هۆكاری پیسبون دادەنرێن، ساڵانێكە بوونەتە جێی مشتومڕی كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیاری جیاوازیان بۆ دەركراوە، بەڵام هێشتا دانەخراون، سەرباری هۆشداریی بەردەوامی كاریگەرییە خراپەكانیان بۆ ژینگە.

لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی، ژمارەیەكی زۆر لە پاڵاوگەی نەوتی هەن، بەشێكیان بە پاڵاوگە بچوكەكان و بەشێكیان بە پاڵاوگە نایاساییەكان ناودەبرێن.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، كاركردنی ئەو پاڵاوگانە و پاشماوەی كارەكانیان، كاریگەریی ڕون و دیاری هەیە لەسەر ئاووهەوا و خاكی نزیكی ئەو شوێنانەی تێیدا دامەزراون، ئەوەش لای حكومەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە شاراوە نییە و چەندینجار باسكراوە.

د. ئاسۆ حەمەسەعید، پسپۆڕی تەندروستی گشتی و ژینگە دەڵێت، پێویستە پاڵاوگە و كارگەكان چەند كیلۆمەترێك دوور لەناوچەی نیشتەجێبون دروستبكرێن، بەپێی مەرجی ژینگەیی و تەندروستی، تا كاریگەریی لەسەر خەڵك نەبێت.

ئەو نمونەی دروستكردنی چەندین پاڵاوگەی هێنایەوە لە نزیك شارو شارۆچكەكاندا، كە بەهۆیەوە بەتایبەت لەسلێمانی و هەولێر، دوكەڵی ڕەش و چڕ لەگەڵ بۆنی ناخۆش بڵاودەكەنەوە، لە ئەنجامدا خەڵكیان هەراسانكردووە.

"ئەو پاڵاوگانە بەهۆی پاشەڕۆكانیانەوە كە بەشێكی دەچێتە ژێر خاك و بەشێكی بە هەوادا بڵاودەبێتەوە، زیان بە ئاو و هەوا و خاك و كشتوكاڵ، دواجاریش بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن".

جگە لە دوكەڵی زۆر و ئەو زیانانەی بەوتەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ژینگە هەیەتی، بەرهەمی زۆربەی پاڵاوگەكان كوالێتی زۆر نزمە و دەبێتە هۆی خراپبونی ئۆتۆمبێلی خەڵك.

لە دوایین هەوڵدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، بڕیاریدا شەش پاڵاوگە ڕوبەڕوی دادگا بكاتەوە بەهۆی نەبونی فلتەر و پیسكردنی ژینگە و زیانگەیاندن بە تەندروستی هاوڵاتیان و زیندەوەران، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەكی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە كە 22ی تشرینی یەكەمی 2018 لەپەیجی خۆیان لەفەیسبوك بڵاویكردۆتەوە.

شەڕی یاسایی و بڕیاری نێوان حكومەت و پاڵاوگەكان نوێ نیە، لە 2010وە چەندینجار دوبارە بووەتەوە، هەرجارە و زنجیرەیەك ڕێوشوێن دەركراوە، بەڵام پاڵاوگەكان لەكاردان و دەرەنجامی هەوڵەكانیش زۆرینەیان ئاشكرانین.

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی پێشووی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان كە ساڵانێك لەسەر دۆسیەی پاڵاوگەكان كاری كردووە بۆ پەرەگراف وتی"كارمان لەسەركردن و زۆربەیان داخران، بەڵام لەبەرئەوەی بەرپرسانیان لە پشتەوە بوو، دواتر سودیان لە پەكخستنی پەرلەمان وەرگرت و دەستیان بە كار كردەوە."

خولی پێشوی پەرلەمان، بەهۆی ناكۆكی سیاسی نێوان لایەنەكان بە تایبەت گۆڕان و پارتی، بۆ ماوەی دوو ساڵ دانیشتنەكانی پەكیكەوت.

"ئەم پاڵاوگانە مۆڵەتی یاسایی هیچ دامودەزگایەكی حكومەتیان نییە، خۆیان لێرە و لەوێ‌ لە كاتی جیاوازدا بە پاڵپشتیی بەرپرسان و كەسانی دەستڕۆیشتوو دامەزراون" شێركۆ جەودەت وای وت.

بەوتەی سەرۆكی پێشوی لیژنەی سەرچاوە سروشتییەكان سەرباری نایاسایی بونی پاڵاوگەكان، بەڵام "حكومەتی هەرێم ساڵانە بە بەهای سێ‌ ملیار دۆلار گازوایلی لێدەكڕینەوە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا."

شێركۆ جەودەت كە لەم خولەشدا ئەندامی پەرلەمانە، وتی"ئەم پاڵاوگانە بەرهەمەكانیان كوالێتییەكی زۆر نزمی هەیە، ژینگە پیس دەكەن و ئاویش ژەهراوی دەكەن، دواجار دەبنە هۆكار بۆ توشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە."

لە هەرێمی كوردستان، تائێستا لێكۆڵینەوەیەكی ورد نەكراوە لەسەر ئاستی زیانەكانی پاڵاوگە نەوتییەكان لەسەر ژینگە و خەڵك، بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی ئەمساڵی عێراق بۆ پیسبونی ئاوی خواردنەوەی پارێزگای بەسرە، كە بەهۆیەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لێكەوتەوە، یەكێك لەهۆكارەكان كارگە نەوتییەكانە.

لە تەمموزی ئەمساڵدا، حكومەتی هەرێم جارێكیتر دانی بەوەدانا پاڵاوگە نایاساییەكان زیانیان بە ژینگە و تەندروستی مرۆڤ گەیاندووە‌و بوونەتە سەرچاوەی "نەخۆشیی مەترسیدار."

ئەو هەڵوێستەی حكومەت لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی نەوت و گازدا هات، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، تێیدا بۆ تاوتوێی پرسی پاڵاوگەكان بڕیاردرا بە زوویی چارەسەری ئەو دیاردەیە بكرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند "نمونەیەكی زەق لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی باسكراون كە بە ‌هۆی پاشەڕۆی ئەو پاڵاوگانەوە زیانی گەورە بەر‌ سەرچاوەكانی ئاو و بەرهەمی كشتوكاڵی گەیشتووەو‌ هۆكاری سەرەكیشن بۆ بڵاوبوونەوەی چەند نەخۆشییەكی مەترسیدار".

پاشەڕۆی پاڵاوگە نایاساییەكان مەترسین بۆسەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ. وێنە؛ پەرەگراف.

لەژێر چاودێری داواكاری گشتی و بۆ جێبەجیێكردنی بڕیارەكانی حكومەت، لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە بە ئەندامێتیی قائیمقامەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و ئیدارەی گەرمیان، لە نێویاندا نوێنەری دەستەی ژینگە.

عەبدولڕەزاق عەزیز، نوێنەری دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لەو لیژنەیە بۆ پەرەگراف وتی"لیژنەكەمان ماوەی دوو مانگ مۆڵەتی بەو پاڵاوگانە داوە كە فەرمانی داخستنیان هەیە تا كەلوپەلەكانیان لاببەن و ئەو زەوییەی لەسەری بون خاوێنی بكەنەوە. بۆ ئەو پاڵاوگانەشی كە ڕێگە بە كاركردنیان دەدرێت، پێویستە لەو ماوەیەدا مەرجەكان جێبەجێ بكەن."

ناوبراو كە بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری هونەرییە لە دەستەی ژینگە، ئەوەی ڕونكردەوە "ئەگەر ئەو پاڵاوگانە مەرجەكان بە تەواویش جێبەجێ بكەن، بەشێك لە زیانە ژینگەییەكان هەر دەمێنێتەوە."

بڕیارە نوێیەكانی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە، لە 2015دا وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە بڕیارێكدا پاڵاوگەكانی كرد بە دوو بەش، لیستێكی پێكهاتوو لە 164 پاڵاوگە لەوانەی مەرجەكانیان تێدانیە و دەبێت دابخرێن، لەگەڵ ئەوانەی پێویستە مەرجەكانی ئەوان و وەزارەتی پیشەسازی و ژینگە جێبەجێ بكەن، كە 28 پاڵاوگە بون.

ئەو بڕیارەی سێ ساڵ لەمەوبەر جێبەجێنەكراوە، پێشتریش لەكابینەكەی بەرهەم ساڵح، لە 2010دا زنجیرەیەك بڕیار دەربارەی پاڵاوگە بچوكەكان دەركرا، بەڵام ئەنجامەكانیان دیارنەبوو.

سەرۆكی پێشوی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمان دەڵێت"بەپێی ئەو داتایەی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانمان وەرگرت ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەكان لە سەرانسەری هەرێم 214 پاڵاوگە بوون"، شێركۆ جەودەت وتیشی"ئەو پاڵاوگانە نەوتی خاویان لەحكومەت وەردەگرت و گازوایلیان بەرهەمدەهێنا. پاش فشارەكان حكومەت فرۆشتنی نەوتی خاوی بەوان ڕاگرت، بەڵام ئێستاش نەوتی خاو هەر لەحكومەت‌و لە بازاڕی ڕەش دەكڕن".

بەپێی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، هەركەس و پڕۆژە و كارگەیەك ببنە هۆكاری پیسبون و ژەهراوی كردنی ژینگە و ئاو و هەوا، ئەوا سزا دەدرێن بە زیندانی یان غەرامە لە نێوان 150 هەزار بۆ 200 ملیۆن دیناری عێراقی.

هەڵۆ عەسكەریی، سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێم، ئەیلولی ئەمساڵ و دوای بڕیارە نوێیەكانی حكومەت لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە لەبەردەوامیی كاركردن لە دۆسیەكەدا، بەوپێیەی وەكو ئەو باسیكرد، دەیان پاڵاوگە دورن لە ڕێنماییە تەندروستیی‌و ژینگەییەكان، بەهۆیەوە زیان لە ژیانی خەڵك دەدەن.

لیژنە پێكهێنراوەكەی حكومەت، بەردەوامە لە كارەكانی و لەڕێی سەردانی مەیدانییەوە، دەكۆڵێتەوە لەو پاڵاوگانەی پێویستە مەرجەكان جێبەجێ بكەن، لە گرنگترینیاندا بۆ پاراستنی ژینگە دانانی فلتەرە.

نوێنەری دەستەی ژینگە لە لیژنەكەدا لەبارەی ڕێگرییەكانەوە دەڵێت "ڕەنگە لە كاتی هەڵمەتی لابردنی پاڵاوگەكاندا گرژیی دروست ببێت"، بۆیە عەبدولرەزاق عەزیز هۆشداریی دا و داوای لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ كرد، خۆیان لێپرسینەوە بكەن، ئەوكات خاوەنی پاڵاوگەكان "خۆ ناكرێت ڕوبەڕوی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیران بوەستنەوە".

دووكەڵە ڕەشەكە؛ دوژمنێك لە بەرهەمهێنانی گازەوە بووەتە هەڕەشە بۆ خەڵكی چەمچەماڵ

دووكەڵێكی چڕی ڕەش، لە ڕوبەرێكی بچوكی گوندی توڕكەوە بەرزدەبێتەوەو لەگەڵ شنەبایەكی كەمدا دەگاتە ئاسمانی چەمچەماڵ.

ژیان لەژێر چەپۆكی زۆرداریدا؛ چیرۆكی ئەو كچانەی بەزۆر دەدرێن بەشوو

پەروین هێشتا لەتەمەنی مێردمنداڵی تێر نەبوو، لەژێر چەپۆكی زۆرداریی باوكیدا، بارێكی قورسی خستە سەرشانی و بە ناچاری هاوسەرگیری كرد.

دەرۆزەكردن؛ پیشەی تەمەن
بۆچی ئەوانەی دەستدەدەنە ئەو كارە ناتوانن وازی لێبێنن؟

هەر كە نوێژی عەسر تەواو بوو، محەمەد هەستایە سەرپێ و بە دەنگی بەرز، بەشێوەزاری كرمانجی تێكەڵ بەسۆرانی و وشەی عەرەبی هاواری لە نوێژخوێنان دەكرد..

سەدان پاڵاوگە بونەتە هەڕەشە بۆ ژینگە و تەندروستی خەڵك

2018-12-22 18:33:37