بەهرەیەك لە تاریكیدا

خابیر 20 ساڵە بەبێ چاوەكانی جل دەچنێت
27-12-2018 05:26
خه‌ونی خابیر به‌قه‌ت ژیانی ساده‌یە، ته‌نیا داواده‌كات شوێنێكی تایبه‌ت به‌ نابینایان له‌ شاره‌كه‌ی ئه‌ودا بكرێتەوە.

 

پەرەگراف – دهۆك

 

خابیر محەمەد بە هەموو ژیانی ڕوناكی نەبینیوە، بۆیە هیچ كاتێك پێویستی بە چاوەكانی نەبووە و لە دونیا تاریكەكەی ئەودا، دەستەكانی بونەتە ڕێنیشاندەر و بژێویی ژیانیشی بۆ دابیندەكەن.

 

ئەو كچە خەڵكی پارێزگای دهۆكە، تەمەنی گەیشتۆتە 38 ساڵ و لە زگماكییەوە نابینایە، بەڵام پەككەوتە نیە و زیاتر لە نیوەی تەمەنی سەرقاڵی كاركردنە.

 

"هەرچەندە لە سەرەتاوە كە دەستم بەكاركردن كرد بەشێك لە خەڵك و هاوڕێیەكانم دەیانوت ناتوانی كاری چنینی جلوبەرگ بكەیت، بەڵام من توانیم و بەردەوام بوم" خابیر محەمەد بۆ پەرەگراف وای وت.

 

جیاواز لە هەر كەسێكی تر، كەرەستەكانی كاركردنی خابیر زۆر سادە و كۆنن، خوری و شیشی چنین لەگەڵ مقەست، بەبێ هیچ ئامێرێكی سەردەم، تەنیا هەست و دەستەكانی ئیش دەكات لە نەخشاندنی هەر جلوبەرگێكدا.

 

"لەسەر حسابی خۆم كەلوپەلی دروستكردنی جلوبەرگ دەكڕم، داوتر دوای چنینیان بە دەست لە بازاڕ دەیانفرۆشم".

 

خابیر دەڵێت "ماوەی 20 ساڵە كاری دەستی دەكەم، تا ڕادەیەكی باش لەگەڵ كارەكانمدا ڕۆیشتوم و توانیومە ژیانی خۆم بەڕێوەبەرم".

 

لە خێزانەكەی ئەو كچەدا، سێ نابینای تری زگماك هەن، خوشكێك و دوو برای دیكەی چاوەكانیان هیچ نابینێت، باوكی خابیر لە ژیاندا نەماوە و لەگەڵ خوشكێك و دایكیدا، پێكەوە لە ماڵێكدا دەژین.

 

بەشێكی قورسی بژێوی ئەو خێزانە لە ئەستۆی خابیردایە، ڕۆژانە چەندین كاتژمێری بە چنینەوە تێدەپەڕێ، بە تایبەت چەند ساڵێكە و لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانی داراییدا، ژیانیان زیاتر زەحمەت بوە و كاریگەری لەسەریان هەبووە.

 

"ئەگەر داواكاری هەبێت لەسەر كڕینی جلوبەرگ دروستكردن ئەوا ئەو ڕۆژە شەش تا حەوت كاتژمێر بەردەوام كاردەكەم".

 

موشتەرییەكانی خابیر زۆر و دیاریكراو نین، زۆرێك بۆ چنینی پارچەیەك جلوبەرگی منداڵە ساواكانیان سەردانی دەكەن، خۆیشی بە بیرۆكە و هەستی خۆی، هەندێك جلوبەرگ لەسەر شێوازی كۆنی بە دەست دروستكراو دروستدەكاتەوە و دەیفرۆشێت.

 

خابیر وتی "لە كارەكانمدا هیچ هاوكارییەك نەكراوم لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان یاخود ڕێكخراوەكانەوە"، لەگەڵ ئەوەشدا "قەیرانی ئابوریی و خراپی باری ئابوریی خەڵك كاریگەری بۆ ئێمە هەبوە و ژیانی قورس كردوین".

 

ئەو، هاوكارییەكی كەمی مانگانەی هەیە، بڕە پارەیەكی دیاریكراوە تایبەت بەخاوەن پێداویستی تایبەت و كەمئەندامان، بەڵام ئەوەش بێ كێشە نییە و بەهۆی ڕێكارەكانی حكومەتەوە، لە پێداچونەوە بە ڕێژەی كەمئەندامی موچەخۆران و ڕۆتیناتی چەندین لیژنەی تایبەتمەندەوە، ئەو توێژە لە نێویاندا نابینایان نیگەرانن و بێزارن.

 

"بەهۆی قەیرانی دارایی و بڕیارە سەیروسەمەرەكانی حكومەتەوە بۆ كەمئەندامان، هەر ماوەی جارێك دەبێت سەرقاڵی لیژنە و لیژنەكاری بین، ئەوەش كاریگەری دەرونی لەسەر ئێمە دروستكردووە" خابیر بەوشێوە باسی لە گرفتەكانی هاوكارییەكەی حكومەت كرد.

 

بەپێی ئامارەكانی یەكێتیی نابینایانی كوردستان، زیاتر لە شەش هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی نابینان یاخود وەكو كەمبینا واتە كزبینیی ناویان تۆماركراوە، بەشێك لەوان، لەبری نەبونی چاوەكانیان، بە بەهرەیەكی تر لە نێو كۆمەڵگەدا تواناكانی خۆیان نیشاندەدەن.

 

بەهرە و خولیاكەی خابیر محەمەد، تەنیا لەچوارچێوەی ماڵەكەی خۆیدا نەماوەتەوە، ئەوەتا سێ خولی درێژخایەنی فێربونی چنینی بۆ نابینا و كەمبینایان كردووەتەوە، تا ئەوانیش فێربن و پشت بەخۆیان ببەستن.

 

"من بەشداری چەندین خولیشم كردوە، پلەی زۆرباشم هەبووە، بەشداریش بوم لە 15 پێشانگەدا".

 

خەون و ئومێدەكانی خابیر بەقەت ژیانی سادەن، تەنیا داوای ئەوەدەكات شوێنێكی تایبەت بە نابینایان لە شارەكەی ئەودا، لە دهۆك كە زیاتر لە 800 نابینا و كەمبینا هەن بكرێتەوە، تا هەم ئەو بتوانێت هاوتوێژەكانی فێری چنین بكات و هەمیش بە بەهرە و كاری تر ڕۆژەكانیان بەسەربەرن و بژێویی ژیانیشیان دابینبكەن.