چیرۆکی ئەو کوڕەی بۆ سەردانی دایکی گەڕایەوە قەڵادزێ‌و ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەمەریکا

31-01-2017 05:35
ژمارەیەک هاوڵاتی کوردو نەتەوەکانی دیکە خۆپیشاندان دژی بڕیارەکەی ترەمپ دەکەن لەشاری هاریسۆنبۆرگی ئەمەریکا. فۆتۆ: لاری مێریگان، پەرەگراف

 

پەرەگراف- نزار ناری

 

هێمن بەتاسەوە بوو لەئەمەریکاوە بگاتەوە ئامێزی دایک‌و باوکی لەقەڵادزێ‌و ئارامییەک بە دایکە نەخۆشەکەی ببەخشێت، بێئاگا لەوەی بڕیارێکی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا ڕێگای گەڕانەوەی لێدەگرێت بۆ ئەو وڵاتە.

 

هێمن ماوەی 2 ساڵە هەرێمی کوردستانی جێهێشتووەو لە ئەمەریکا مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی(گرین کارد)ی وەرگرتووە ئەوەش بەوهۆیەی پێَشتر لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق خزمەتی کردووە، ئەو یەکێکە لە قوربانییانی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ کە کاردانەوەی زۆری لەناوخۆو دەرەوەی ئەمەریکا لێکەوتۆتەوە.

 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەبڕیارێکدا کە دوای 7 ڕۆژ لەدەستبەکاربوونی لە 27ی ئەم مانگەدا دەریکرد، پێدانی ڤیزەو چوونەژورەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکانی؛ عێراق، سوریا، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سودان‌و یەمەنی بۆ ناو ئەمەریکا ڕاگرت بۆ ماوەی 90 رۆژ.

 

هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەدەوڵەتی عێراق، بڕیارەکەی ترەمپ دەیگرێتەوەو بەو هۆیەوە چەندین هاوڵاتی کە ڤیزای ئەمەریکایان هەبوو نەیانتوانی گەشتی ئەو وڵاتە بکەن‌و ئەوانەشی گەڕاونەتەوە بۆ هەرێم ڕێگای گەڕانەوەیان لێگیراوە.

 

بڕیارەکەی ترەمپ بەشێوەیەکە کە ئەوانەی هەڵگری مۆڵەتی هەمیشەیی ئەمەریکان کە بە گرین کارد ناسراوە، بەهەمان شێوە بۆیان نییە بچنە ناو ئەمەریکا ئەگەر لەئێستادا لەدەرەوەی ئەو وڵاتە بن، ئەوەش هەمان دۆخە کە بەسەر هێمندا هاتووەو ئێستا لەکوردستانەو ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا.

 


دانیشتوانی ئەمەریکا پشتگیریی کۆچبەران دەکەن. فۆتۆ: لاری مێریگان

 

هێمن عەلی، خاوەنی مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی(گرین کارد) لە ئەمەریکا، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشیی دایکییەوە گەڕاوەتەوە بۆ شاری قەڵادزێ، بۆ پەرەگراف وتی "دوای ئەوەی بۆماوەی دوو ساڵ کوردستانم جێهێشت، بڕیارمدا مۆڵەتێک لە کارەکەم وەربگرم‌و بگەڕێمەوە سەردانی دایک‌و باوکم بکەم لەکوردستان، بەڵام لەئێستادا ناتوانم بگەڕێمەوە."

 

هێمن کە سەرەڕای ئیشەکەی خۆی بەهەمان شێوە کاری خۆبەخشیش لەو وڵاتەدا دەکات، زۆر نیگەرانە لەو بڕیارەی سەرۆکی نوێی ئەمەریکاو پێیوایە کە "هیچ مرۆڤانە نییە" ئەو کە پێشتر لەگەڵ سوپای ئەمەریکا لەعێراق کاری کردووەو هاوکاریی کردوون، ئێستا ترسی ئەوەی هەیە بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکی نوێی ئەمەریکاوە کە ڕێگەی گەڕانەوەی لێگرتووە، کارەکەی لەو وڵاتە لەدەست بدات.

 

بەشێک لەو هاوڵاتییە کوردانەشی بەمەبەستی جیاواز ئێستا لە ئەمەریکان بە بڕیارەکەی ترەمپ توشی دڵەڕاوکێ بوون‌و نیگەرانن لەئایندەی ناڕۆشنی کۆچبەران لەو وڵاتە.

 


ناڕەزایی هاوڵاتیانی شاری هاریسۆنبۆرگی ئەمەریکا کە نزیکەی 250 خێزانی کوردی لێ دەژی.   فۆتۆ: لاری مێریگان

 

هەردی جاف، خوێندکاری ماستەر لە زانکۆیEMUی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا، دەڵێت "بەدڵنیاییەوە ئەم بڕیارە دودڵی‌و نائارامییەکی زۆری دروستکردوە لەلای ئەو هاوڵاتییانەی کە لێرە بەنیازی سەفەرکردنن یاخود گەڕاونەتەوە ئەو وڵاتانەو ڕێگای گەڕانەوەیان لێگیراوە، کە تێیاندایە خوێندکارە یاخود ڤیزای کارکردنی هەیە، تەنانەت خەڵکانێک هەن کە ئیقامەی دائیمی(گرین کارد) یان هەیەو ڕێگریان لێکراوە کە بگەڕێنەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمە کاریگەری دەکاتەسەر کارو خوێندنی ئەو کەسانە".

 

بڕیارەکەی ترەمپ شەپۆلێکی ناڕەزایی بەرفراوانی لەسەر ئاستی جیهان‌و لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا دروست کرد، لەدوای دەرکردنیشی، بڕیارەکە بەزوویی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەکاردانەوەشدا زنجیرەیەک خۆپیشاندان لەشارە جیاوازەکانی ئەمەریکاو فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون، تێیاندا هاوڵاتیانی ئەمەریکی‌و کۆچبەران داوای هەرچی زووتر لابردنی ئەو بڕیارەیان کرد.

 

دەربڕینی ناڕەزاییەکان بە شێوەی جۆراوجۆرە، وەک لەڕێی سۆشیاڵ میدیاو ڕێپێوان‌و خۆپیشاندانی جەماوەری لەبەردەم فڕۆکەخانە‌و دامودەزگا دادگاییەکانی ئەمەریکا، بەشێک لەوانەشی دەنگیان بە ترەمپداوە لە هەڵبژاردنەکاندا دژی ئەو بڕیارەی وەستاونەتەوە.

 

هەردی جاف بۆ پەرەگراف وتی "ئەوەی سەرنجڕاکێشە لێرەدا خەڵکی ئەمەریکا خۆیان تەسلیمی ئیرادەیەکی سیاسی ناکەن کە دژی ویژدان‌و پرەنسیپ‌و دینیان بێت. جێگای دڵخۆشییە کە خەڵکی ئەمەریکا لەم نائارامییە تێدەگەن بۆیە بەشێوەیەکی گشتی هاتوونەتە سەرشەقام، ئەمە وادەکات کە پێموابێت ئەم بڕیارە تاسەر نابێت‌و بە زوترین کات لەژێر فشاری شەقامدا گۆڕانکاری ئەرێنی بەسەردا دێت."

 


چەند منداڵێکی بەشدابووی ناڕەزاییەکان دژی بڕیارەکەی ترەمپ.  فۆتۆ: لاری مێریگان

 

ناڕەزایەتییەکان دژی ئەو بڕیارە ئاستی جیاوازی تێپەڕاندوەو تەنها خەڵکی ئاسایی نین کە دژی بڕیارەکەی ترەمپن، بەڵکو حاکمی هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا‌و پارێزگاری هەندێک لە شارە گەورەکانی وەک نیویۆرک بە ئاشکرا دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوەو داوای هەرچی زووتر گۆڕانکاری دەکەن لە بڕیارەکەدا.

 

چەند رۆژێک دوای بڕیارەکەش دادگای فیدڕاڵی ئەمەریکا بڕیارێکی دژی ناردنەوەی دوو هاوڵاتی عێراقی دەرکرد کە لە فڕۆکەخانەی جۆن ئێف کەنەدی لەشاری نیویۆرک ڕێگری لەچوونە ژورەوەیان دەکرا، دادگا بڕیاریدا کە ڕێگایان پێبدرێت بچنە ناو ئەمەریکاوە.

 

بەختیار حەسەن، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە یاسای تایبەت، هاوڵاتی کوردی دانیشتوانی ئەمەریکا، پێیوایە کە بڕیارەکەی ترەمپ یاسایی نییە، "چونکە لانیکەم دەبێت ئاگادارکردنەوەی پیشوەختە هەبێت."

 

جگە لە ڕووە یاساییەکەی، بەختیار کە ئێستا لەئەمەریکا نیشتەجێیە پێی وایە "بڕیارەکە ئینسانی نییەو وڵات بە ئاقارێکی خراپدا دەبات، تەنانەت گومانی ئەوەش دەکەم کە ڕەگەزپەرستی لێبکەوێتەوە. ئەم بڕیارە کاتێک ڕاست بوو کە بارێکی نائاسایی هەبوایە، بەڵام خۆ ئێستا باری نائاسایی نییە. بڕیارەکە ئەم وڵاتە بە ئاقارێکدا دەبات کە ژیان بۆ ئێمەش لێرە سەخت دەبێت بەهۆی ئەو ڕەگەزپەرستییەوە کە سەرهەڵدەدات."

 

دۆناڵد ترەمپ کە پاڵێوراوی پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکا بوو بۆ پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە، لەمیانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوودا زیاد لەجارێک دژایەتی خۆی بۆ کۆچبەران دەربڕی، بەڵێنی بە داخستنی سنوورەکانی ئەمەریکادا بەڕووی هاوڵاتیانی مسوڵماندا، لەهەفتەی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیشدا بەڵێنەکەی بردەسەر.

 

لەدوای دەرچوونی ئەو بڕیارەی ترەمپ، حکومەتەکانی ئەو وڵاتانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە کاردانەوەی جیاوازیان هەبوو، وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرەڕای نیگەرانییان لەو بڕیارە، بەڵام بڕیاریاندا هەنگاوی هاوشێوە نەنێن‌و رێگە بە هەر هاوڵاتییەکی ئەمەریکی بدەن بچێتە ئەو وڵاتەوە گەر ڤیزای هەبێت.

 

پەرلەمانی عێراقیش بەپێچەوانەی ئێرانەوە داوای لەحکومەتی وڵاتەکەی کرد کە هەمان ڕێگا لەبەرامبەر هاوڵاتیانی ئەمەریکادا بگرێتەبەر‌و ڕێگایان نەدات بچنە خاکی عێراقەوە، بەڵام تائێستا حکومەتی عێراق هیچ بڕیارێکی لەو بارەیەوە نەداوە.