منداڵانی ئەودیو شیشی زیندان.. چوار هەزار منداڵ لە بەندینخانەكانی توركیادان

03-01-2019 07:00
نزیكەی 700 منداڵی خوار تەمەن 6 ساڵ لە زیندانەكانی توركیادان.

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

لە زیندانە جیاوازەكانی وڵاتی توركیا چوار هەزار منداڵ و مێردمنداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ هەن، كە نزیكەی 700 منداڵیان تەمەنیان لەخوار شەش ساڵەوەیە، لە پێنج ساڵی ڕابردووشدا 13 منداڵ لە زیندانەكانی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.


هەرچەندە توركیا بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور بە خراپترین زیندان بۆ ڕۆژنامەنوسان ناوزەندكرابوو، ئەو وڵاتە بۆ منداڵ و مێردمنداڵانیش بەهەمانشێوەیەو بەشێكیان منداڵیی خۆیان لەودیو شیشی زیندانەكانەوە بەسەر دەبەن.



بەیانییەكی بەفراویی زستانی ڕابردوو لە شاری ئیستەنبوڵ، ئایشێی تەمەن 32 ساڵ، مامۆستای ناوەندیی، هەردوو منداڵەكەی ماچ كردو ماڵەكەی جێهێشت بۆ ئەوەی بەڕێ بكەوێت بۆ قوتابخانە،
كاتێك لەدەرگای پێشەوەی ماڵەكەیان چووەدەرەوە، حەوت پۆلیس دەوریان دا و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" كەلەپچەیان كردو بردیان. دوو مانگ دواتر، عەلی تەمەن 4 ساڵ، ناچاربوو بچێت لە زیندان لەگەڵ ئایشێی دایكیدا بژی.


ئایشێ كە ئێستا لە كەمپێكی پەنابەرانی یۆنانە باس لەوە دەكات، بۆ ماوەی چوار مانگ ژیانی خۆی و منداڵەكەی وەك فیلمێكی ترسانك وەهابووە لە زینداندا، ژووری زیندانەكەیان كە تەنها بۆ 10 كەس دروستكراوە، 23 كەسی تێدابووە، ئەو بەباشیی دۆخی نالەباری ئەو منداڵانەی لەبیرە كە لەگەڵ دایكیاندا لەو ژووری زیندانەدا بوون، منداڵەكان دەرمانی پێویستیان وەرنەگرتووە، زۆر جار بەهۆی قەرەباڵغییەوە چای گەرمیان بەخۆیاندا ڕشتووە، هاوكات گریانە پڕ حەسرەتەكانی منداڵانیشی هەرگیز بیرناچێتەوە.



ئایشێ و منداڵەكەی تاكە كەیس نین لە توركیا، بەڵكو بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی چاودێریی مافی منداڵان، تا كۆتایی مانگی ئابی 2017، 668 منداڵی خوار تەمەنی شەش ساڵ لەگەڵ دایكیاندا لە زیندانەكاندا بوون، لەسەدا 23ی ئەو منداڵانەش تەمەنیان لەخوار یەك ساڵ بووە. بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی دادی توركیا كە لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو بڵاوكراوەتەوە، 560 منداڵ لەگەڵ دایكیاندا لە بەندینخانەكاندان.



ئەوەش لە كاتێكدایە لە وڵاتێكی وەك ئەفغانستان، 333 منداڵ كە 103ـیان تەمەنیان لە پێنج ساڵ زیاترە، لە بەندینخانەكانی ئەو وڵاتەدا لەگەڵ دایكیاندا زیندانیكراون.



بەپێی ئامارێك، لەسەدا 80ی منداڵانی ناو زیندانەكانی توركیا هیچ جۆرە پەروەردەو خوێندنێكی فەرمیی وەرناگرن، تەنها لەسەدا 18ی منداڵەكان سوودمەندن لە باخچەی ساوایان، بەڵام تەنانەت لەوێشدا بەپێی پێویست كەلوپەلی پەروەردەییان لەبەردەستدا نییە.



پارێزەر ئەمین چۆبان سەرۆكی ناوەندی مافی منداڵان لە كۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد
 بۆ ئاژانسی فورات دەڵێت، لە زیندانەكانی توركیادا 3 هەزار منداڵی تەمەن 12 بۆ 18 ساڵ زیندانیكراون لەگەڵ 700 منداڵی تری خوار تەمەن 6 ساڵ(لە یەك رۆژەوە تاوەكو 6 ساڵ) لەگەڵ دایكیاندا لە زیندانەكاندان، نزیكەی 170 منداڵی پەنابەریش زیندانیكراون.


پارێزەر ئەمین دەشڵێت"دوای ئەوەی پێشێلكردنی مافەكانی منداڵان دەستنیشان دەكەین، ڕاستەوخۆ دەچین بۆ سەردانی ئەوانەی كە مافەكانیان پێشێلكراوە. بە تایبەتی لە ئامەد كێشەی منداڵانی زیندانیی سیاسی لە زیندانەكاندا دێنەبەردەستمان. بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (تەمەك - TMK) مامەڵە و هەڵسوكەوت لەگەڵ منداڵە زیندانییە سیاسییەكاندا دەكەن. هەر وەك ئەوەی كەسی گەورە بن ڕەفتاریان لە دژ ئەنجام دەدرێت و لە هەموو ڕوویەكەوە ئەوەیان تیادا دروست دەكەن، كە ئەوان كەسانی سیاسین. لە سەرتاسەری توركیا بە گشتی دۆخ و ژیانی منداڵانی زیندانیكراو باش نییەو توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت".



بەپێی زانیارییەكانی ئەو پارێزەرە، ئەو منداڵانەی زیندانیكراون زۆربەیان بەهۆی ڕووداو و تاوانی كۆمەڵایەتییەوە دەستگیركراون. جگە لەوانەش ماوەی 4 بۆ 5 ساڵە، منداڵانی پەنابەریش دەستگیرو زیندانی دەكرێن. زیاتر لە 170 منداڵ كە هاوڵاتیی توركیا نین لە زیندانەكانی توركیادان كە زۆربەیان خەڵكی سوریان، هەروەها لە ساڵی 2013ەوە تاوەك ئێستا 13 منداڵ لە زیندانەكاندا گیانیان لە دەستداوە.



پێشێلكارییەكانی مافی منداڵان لە توركیا تەنها زیندانیكردنی منداڵان نییە، بەڵكو لە چەندین لایەنی دیكەوە منداڵان پشتگوێخراون لەو وڵاتە، لە كاتێكدا ئەنقەرە واژۆی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی منداڵی كردووەو پابەندبوونی بە كۆی مافە جیهانییەكانی منداڵەوە دوپاتكردوەتەوە.



بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوێكی چاودێرییكاری مافەكانی منداڵ، لەسەدا 11ی منداڵانی توركیا بە بەدخۆراكی لەدایك دەبن، لەسەدا 20ی منداڵانی ئەو وڵاتەش پێش ئەوەی تەمەنیان بگاتە پێنج ساڵ گیان لەدەستدەدەن، هەروەها لەسەدا سێی منداڵانی توركیا لە تەمەنێكی كەمەوە دەخرێنەبەر كارێك كە شیاوی تەمەنی خۆیان نییە.



هەرچی لەبارەی پەروەردە و خوێندنیشەوەیە، تا ئێستاش لەسەدا پێنجی منداڵانی توركیا ناخرێنەبەر خوێندن، كچانیش بەشێوەیەكی گشتی قوربانیی زیاترن لەو بارەیەوە.



هەرچەندە لە توركیا بەپێی یاسا تەمەنی هاوسەرگیرییكردن بۆ كوڕ و كچ 17 ساڵە، بەڵام زۆر حاڵەت لەو وڵاتەدا هەیە كە كچی تەمەن 12 ساڵ بە شوو دەدرێت، ئەو هاوسەرگیریانە زیاتر لە ناوچەكانی دوور لە شارەكان و بەشێوەیەكی نافەرمیی بەڕێوەدەچن، بەم دواییانەش پۆلیسی توركیا چەند پیاوێكیان دەستگیركرد كە لە بیستەكانی تەمەنیاندا بوون و لەگەڵ كچی تەمەن 12 ساڵ هاوسەرگیرییان كردبوو.