هیومان ڕایتس ۆوچ: ئاسایشی هەرێم ئەشكەنجەی مێرمنداڵانی داوە تا دان بنێن بەوەی لەگەڵ داعش بوون

08-01-2019 10:35
ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ری چاكسازی ژنان و منداڵان له‌ هه‌ولێر كه‌ تێیدا به‌ ده‌یان منداڵی تێدا به‌نده به‌ تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش‌. وێنە؛ جۆو بێكەر/ هیومان ڕایتس ۆوچ

پەرەگراف

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ ئاسایشی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەوەی ئەشكەنجەی مێرمنداڵانی داوە تا ناچاریان بكات بە دانپێنان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش، مێرمنداڵان چیرۆكی خۆیان بۆ ڕێكخراوەكە گێڕاوەتەوە كە چۆن لێیان دراوەو بە بەكارهێنانی تەزووی كارەبا ناچاركراون بە دانپێنان بە ئەندام بوون لە داعش.


هیومان ڕایتس ۆوچ ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییەو چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لە سەرانسەری دونیا، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە لە زاری ئەو مێرمنداڵانەی بە تۆمەتی ئەندام بوون لە ڕێكخراوی داعش دەستگیركراون دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ ئەفسەرانی ئاسایش ئەشكەنجەیانداون بە لێدان‌و بەكارهێنانی تەزوی كارەبا. زۆرێك لە مێرمنداڵان وتویانە، پارێزەریان نەبووەو ڕێگەیان پێنەدراوە نووسراوی دانپێنانەكان بخوێننەوە كە ئاسایش بۆیان نووسیوون‌و بەزۆر پێیان واژۆ كردوون.


جۆو بێكەر، بەڕێوەبەری داكۆكیكردن لە مافەكانی منداڵ لە هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت''نزیكەی پاش دوو ساڵ لە بەڵێندان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێكۆڵینەوەكردن لە ئەشكەنجەدانی منداڵانی بەندكراو، هێشتا ئەم دیاردەیە بەشێوەیەكی ترسناك بەردەوامە. دەبێت بەرپرسانی كوردستان دەستبەجێ دەست هەڵگرن لە ئەشكەنجەدانی منداڵان و لێكۆڵینەوە لەو كەسانە بكەن كە لە پشت ئەو كارەوەن."


هیومان ڕایتس ۆوچ لە سەنتەری چاكسازی ژنان و منداڵانی هەولێر لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨ چاوپێكەوتنی لەگەڵ ٢٠ مێرمنداڵ كردووە كە تەمەنیان لە نێوان ١٤ بۆ ١٧ ساڵدا بوو كە هەموویان یان سزادرابوون یان تۆمەتباربوون بە هەبوونی پەیوەندی بە داعش لەگەڵ سێ مێرمنداڵ كە تازە ئازاد كرابوون. ئەو سەنتەرە كە لە بەندیخانەیەك پێك دێت و بە دیواری بەرزی كۆنكرێتی و وایەر دەورەدراوە یەكێكە لەو سێ سەنتەرەی كە لە هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ بەندكردنی منداڵ بەكاردەهێنرێت.


لەكاتی سەردانەكەیاندا، ستافی سەنتەرەكە وتیان كە ٦٣ مێرمنداڵ لە سەنتەرەكەدا بە تۆمەتی كاری پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە بەندن و ٤٣ منداڵیان سزا درابوون. هەروەها هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ ستافی سەنتەرەكەو كەس و كاری منداڵەكان و دوو كوڕی تەمەن ١٨ ساڵ كرد كە دەستگیركرابوون و بەندكرابوون.


١٦ لە ٢٣ مێرمنداڵەكە وتیان كە ئەفسەرانی ئاسایش لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لە بنكەكانی ئاسایش ئەشكەنجەیان داون بە لێدانی هەموو جەستەیان بە سۆندەو كێبڵی كارەباو دار. سێ لە مێرمنداڵەكان وتیان،‌ ئەفسەران بە تەزووی كارەبا ئەشكەنجەیان داون. هەندێكی تر وتیان كە بۆماوەی دوو كاتژمێر بەشێوازی دووپشكیی لە دواوە دەستیان بەستراوە. ژمارەیەك لە منداڵەكان وتیان،‌ بۆماوەی چەند ڕۆژێك ئەشكەنجەدراون تا ئەوكاتەی دانپێدانانیان كردووە.


چوار مێرمنداڵی تر وتویانە كە ئاسایش لەكاتی لێكۆڵینەوەدا هەڕەشەی ئەشكەنجەدانیان لێكردوون. مێرمنداڵێكی ١٧ ساڵ وتی كە ئەفسەری لێكۆڵەرەكەی پێی وتوە، ''ئەگەر ڕاستیەكەمان پێنەڵێی، ئەوا كوڕەكان بانگ دەكەم بێن لێتبەن و ئێسقانەكانت بشكێنن."


هەندێك لە منداڵەكان وتویانە كە پەیوەندیان بە داعش كردووەو كاریان لەگەڵ كردون و مەشقی سەربازی و ئاینیان لەلایەن داعشەوە پێكراوە. یەكێكیان وەك شۆفێر یەكێكی تر وەك چێشت لێنەر. تەنها یەكێكیان وتی كە لە دژی هێزە سەربازیەكانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا بەشداری شەڕی كردووە. هەندێكی تریان وتیان،‌ هیچ تێوەگلانێكی شەخسییان بە داعشەوە نەبووە، بەڵام ئەندامی خێزانیان هەبووە لەناو داعشدا بووە. هیومان ڕایتس ۆوچ نەیتوانی سەربەخۆیانە شێوازو قەبارەی تێوەگلانی ئەم مێرمنداڵانە بە داعشەوە هەڵسەنگێنێ.


هەموو ئەو مێردمنداڵانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە دانپێدانانیان كردبوو جگە لە یەكێكیان نەبێ. زۆرێكیان وتیان چاریان نەبووەو ئەشكەنجەدراون و ژمارەیەكیان وتیان كە درۆیان كردووە. مێرمنداڵێكی تەمەن ١٦ ساڵ وتی''نووسراوی دانپێنانەكەم دەڵێ كە بۆماوەی ١٦ ڕۆژ پەیوەندیم بە داعش كردووە، بەڵام لە ڕاستیدا بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیم پێوە نەكردوون. وتم ١٦ ڕۆژ بۆئەوەی ئەشكەنجەدانەكە بوەستێنم."


بەپێی ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ، ‌زۆرێك لە منداڵەكان وتویانە كە ئەفسەرانی لێكۆڵەر پێیان گوتون چی بڵێن بۆ دانپێنانەكانیان. ''یەكەم جار وتیان كە دەبێت بڵێم لەگەڵ داعش بووم وتم باشە،'' ئەمە وتەی كوڕێكی تەمەن ١٦ ساڵ بوو، ''پاشان وتیان كە دەبێت بڵێم بۆماوەی ٣ مانگ لەگەڵ داعش كارم كردووە. پێم گووتن لەگەڵ داعش نەبووم، بەڵام وتیان نا دەبێت بڵێم لەگەڵ داعش بووم.'' ئەو وتی پاش دوو كاتژمێر لە لێكۆڵینەوەو ئەشكەنجەدان ڕازیبووم بە ئیعتراف كردن.


هەموو مێرمنداڵەكان وتیان، ڕێگەیان پێنەدراوە نووسراوی دانپێنانەكان بخوێننەوە كە ئاسایش بۆی نووسیوون و ناچاریان كردوون بە واژۆكردنی. زۆرێكیان پاش خوێندنەوەی دانپێنانەكان لە دادگادا ئینجا زانیویانە چی تێدا نووسراوە.


لانی كەم لە پێنج منداڵ بە دادوەری لێكۆڵەریان وتووە كە لە ژێر ئەشكەنجەدا ئیعترافیان كردووە، بەڵام دادوەرەكان وتەكانیان پشتگوێ خستوون. مێرمنداڵەكان وتیان،‌ دەستگیركراو بە تۆمەتی تیرۆر دەهێنرێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵەرو پاشان دادوەری لێكۆڵەر فەرمانی گواستنەوەی گومانلێكراو بۆ بەندیخانەیەك دەدات تا كاتی دادگایكردنی لەبەردەم پانێڵێكی سێ دادوەریدا.


ئەو شێوازی ئەشكەنجەدانانەی كە كوڕەكان باسیان كرد لەگەڵ وتەكانیان سەبارەت بە نەبوونی پارێزەرو نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ كەس و كارو خێزانەكانیان لێكچووی وتەی ١٧ مێردمنداڵی تربوو كە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعش لە هەمان سەنتەردا بەندبوون و لە مانگی كانوونی یەكەمی ٢٠١٦ قسەیان بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ كرد. لە ٢٠١٧، حكومەتی هەرێم بەڵێنی دامەزراندنی كۆمیتەیەكی هاوبەشی لەگەڵ یۆنامی لە عێراق دا بۆ لێكۆڵینەوە لەم تۆمەتانە.


هیومان ڕایتس ۆوچ نامەیەكی ئاڕاستەی دیندار زێباری ڕێكخەری فەرمانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داكۆكی نێودەوڵەتی كرد بۆ قسەكردن لەسەر ئەم تۆمەت و دەرئەنجامانە. لە ١٨ی كانوونی دووەم زێباری وەڵامیدایەوەو وتی، بەرپرسانی ئاسایش ڕێگەیان پێنادرێ ئەشكەنجەی بەندكراوان بدەن و بەندكراو مافی پێشكەشكردنی داوای یاسایی فەرمیی هەیە لەدژی ئەو كەسەی ئەشكەنجەی داوە. هەروەها وتی كە بەندكراو مافی ئەوەی هەیە داوای پارێزەر بكات و خێزانی منداڵەكان لە دەستگیركردنیان ئاگادار دەكرێنەوە و مێرمنداڵی دەستگیركراو دەتوانێ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەكەی ئەنجام بدا بە ئامادەبوونی ئەفسەرێكی ئاسایش. هیچ وەڵامێكی نەبوو سەبارەت بە كۆمیتەی لێكۆڵینەوەكە یان هەر ڕێوشوێنێك كە گیرابێتەبەر بۆ لێكۆڵینەوە لەو ئەفسەرانەی ئاسایش كە بەرپرسیاربوون لە ئەشكەنجەدان.


مافەكانی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا مرۆییەكان ئەشكەنجەو مامەڵەی خراپ لە دژی زیندانیان قەدەغە دەكەن. دەبێت دەستگیركردنی منداڵان دوا ڕێگەچارە بێت، وە بۆ كورتترین ماوە بێ. یاسا نێودەوڵەتیەكان سەبارەت بە منداڵ و ململانێی چەكداری داوا لە وڵاتان دەكەن هاوكاری ئەو منداڵانە بكەن كە بە نایاسایی لەلایەن هێزو گرووپی چەكدارەوە بە چەكدار كراون، لەگەڵ دابینكردنی هاوكاریی گونجاو بۆ چارەسەری جەستەیی و دەروونییان و تێكەڵ كردنەوەیان بە كۆمەڵگا. ئەو منداڵانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان، مافی هەبوونی هاوكاری یاساییان هەیەو دەبێت كەیسەكانیان دەستبەجێ یەكلایی بكرێتەوە. هەروەها مافی ئەوەیان هەیە كە ناچار نەكرێن بە شاهێدی دان و دانپێنان و ئەو وتەو دانپێنانەی لەژێر ئەشكەنجەدا دەستدەكەوێ ناتوانرێ لە دادگادا وەك بەڵگە بەكاربهێنرێت.


نابێت بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەبێ هەبوونی بەڵگەی ڕوون لەسەر ئەنجامدانی تاوان هیچ منداڵێك دەستگیر بكەن و دەبێت پرۆگرامی چاكسازی و گەڕانەوە بۆ كۆمەڵگا بۆ ئەو منداڵانە دابین بكرێ كە ڕەنگە لەگەڵ داعش پەیوەندییان هەبووبێ. دەبێت بەرپرسان دڵنیایی بدەن لەوەی كە بنەمایەكی یاسایی ڕوون بۆ دەستگیركردنی منداڵ هەیە و دەبێت منداڵەكە دەستبەجێ ببرێتە بەردەم دادوەر بۆ بڕیاردان لەسەر یاسایی بوونی دەستگیركردنەكەی.


دەبێت بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دڵنیایی بدەن لە هەبوونی پارێزەر بۆ هەر منداڵێك كە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوان لەكاتی لێكۆڵینەوەشدا لەگەڵی و ڕێگەپێدانی بە پەیوەندیكردن بە خێزانەكەیەوە‌. دەبێت بەرپرسان هەنگاوی بەپەلە بنێن لە كۆتایی هێنان بە بەكارهێنانی هەموو شێوازێكی ئەشكەنجەو دانپێنانی بەزۆر، لێكۆڵینەوەو سزای ئەو كەسانە بدەن كە بەرپرسیارن لەو كارە. دەبێت ئەو دادوەرانەی دەزانن‌ منداڵ ئەشكەنجەدراوە فەرمانی گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەیەكی تر بدەن و دڵنیابن لەوەی پێداویستی پزیشكی تەواویان بۆ دابینكراوەو هەروەها فەرمانی دووبارە دادگایكردنەوەیان بدەن ئەگەر زەبروزەنگ بەكارهێنرابێ بۆ ناچاركردنیان بە دانپێنان.


جۆو بێكەر، بەڕێوەبەری داكۆكیكردن لە مافەكانی منداڵ لە هیومان ڕایتس ۆوچ، وتی''زۆرێك لەم منداڵانە بەهۆی جەنگ و پێشێلكاریەكانی داعشەوە تووشی ترس و دڵەڕاوكێ بوون و لەبری بەدیهێنانی عەدالەت بۆیان، ئەشكەنجەو دانپێنانی بەزۆر تەنها نەهامەتیەكانیان زیاد دەكاو ڕقی زیاتر لە ناخیاندا دەچێنێ."


گێڕانەوەی مێرمنداڵەكان بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ


مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵان


هیچ كام لە منداڵەكان نەبراونەتە بەردەم دادوەر لەماوەی ٢٤ كاتژمێری دەستگیركردنیاندا، وەك لە یاساكانی حكومەتی هەرێمدا هاتووە. زۆرێكیان وتیان كە پاش چەند ڕۆژێك لە دەستگیركردنیان دادوەریان بینیووە. زۆرێكیان لە ماوەی ١٥ ڕۆژی دەستگیركردنیاندا گوێزراونەتەوە بۆ سەنتەری چاكسازی هەولێر، بەڵام هەندێكیان لە ٢ تا ٥ مانگەوە لە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون.


زۆرێك لە مێرمنداڵەكان كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كرا وتیان، لە بازگەكانی چوونە ناو هەرێمی كوردستان دەستگیركراون، زۆرجار لەبەرئەوەی ناویان لەناو لیستی داواكراوانی داعشدا هەبووە و هەندێكی تریان لەناو كامپی ئاوارەكان دەستگیركراون. زۆرێك لە كوڕەكان لەوباوەڕەدا بوون كە ناویان لەناو ئەو لیستانەدا بووە لەبەرئەوەی ئەندامێكی خێزانەكەیان پەیوەندی بە داعشەوە هەبووە یان ناویان هاوشێوەی ناوی گومانلێكراوێكی تر بووە یان خەڵكی گووندەكەیان ناویان داون بەهۆی ناكۆكی خێزانییەوە.


تەنها چوار لە مێرمنداڵەكان پارێزەریان هەبوو. هەندێكیان هەر نەیاندەزانی كە پارێزەریان هەبووبێ یان نا و زۆرێكیان نەیاندەزانی مافی هەبوونی‌ پارێزەریان هەبێ. هەندێكیان وتیان كە ستافی بەندیخانەكە پێیان وتوون پارێزەر هەیە ئەگەر پارە بدەن. دوو مێرمنداڵ كە پارێزەریان گرتووە تەنها یەك جارو بەرلە دادگایی كردنیان چاویان بە پارێزەرەكەیان كەوتووە و دوانی تر وتیان، یەك جار بەرلە دادگایكردنیان كەسێكیان بینیووە كە لەو باوەڕەدا بوون پارێزەر بووبێ و هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵ پارێزەرەكە نەكردوەو نەیانزانی ئەگەر پارێزەرەكە قسەی لەگەڵ دادوەر كردبێ چونكە بە كوردی بووەو ئەوان تێنەگەیشتوون.


وتیان كە دادگایكردنەكەیان تەنها ماوەی ٥ بۆ ١٠ خولەكی خایاندووە. وتیشیان كە هیچ شاهێدحاڵێكیان لە دادگایكردنەكەدا نەبینیووەو هیچ كام لە كوڕەكان ئاگادار نەبوون لەوەی كە هیچ بەڵگەیەك پێشكەش بە دادوەر كرابێ جگە لە دانپێنانەكانیان. زۆرێك لەوانەی سزادراون سزاكانیان لە نێوان ٦ تا ٩ مانگی بەندكردن بووە.


هیچ كام لە مێرمنداڵەكان نەیان وت كە ڕێگەیان پێدراوە پەیوەندی بە خێزانەكانیانەوە بكەن كاتێك لای ئاسایش بەندبوون. یەك جارو بەرلە دادگایكردنیان، منداڵەكان لە سەنتەرەكە ڕێگەیان پێدراوە سەردانی خێزانیی بكرێن، بەڵام زۆرێكیان وتیان ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیان پێنەدراوە بەرلە سزادانیان. بۆ هەندێك لە زیندانیەكان، ڕێگەنەدان بە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەكانیان مانای ئەوەیە كە كەس و كاریان سۆراخی منداڵەكان نازانن. مێرمنداڵێك وتی، نزیكەی دوو ساڵە زیندانیە بەبێ ئەنجامدانی هیچ پەیوەندیەك لەگەڵ خێزانەكەی. ستافی سەنتەرەكە وتیان، ئاسایش بڕیار دەدا چ زیندانیەك ڕێگەی سەردانی خێزانی یان تەلەفۆنكردنی پێدەدرێ.


ئەشكەنجەو نەبوونی پارێزەرو ناعەدالەتی لە دادگایكردنەكاندا

ئەشكەنجە

''سەمیر'' وەك ئەو مێرمنداڵانەی تر كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كرا ناوی ڕاستەقینەی ئاشكرا ناكرێ بۆ پارێزگاریكردن لە سەلامەتی، لە كۆتایی ٢٠١٧ لەلایەن هێزەكانی سەربە سووپاوە لە بازگەیەك دەستگیر دەكرێ كاتێك ١٦ ساڵ بووە، ئەو وای وت.


سێ ئەفسەری ئاسایش بوون. دەستیان لە پشتەوە بەستم بەشێوازی ''دوو پشكی''، دەستێكیان لە سەر شانمەوەو دەستێكیان لە پشتەوە. بە دار لێیاندام و نزیكەی ٥ تا ١٠ جار تەزووی كارەبایان لێدام. وایەری كارەبایان لەسەر شان و سكمدا. لەكاتی لێدانی تەزوی كارەبادا بە داریش لێیان دەدام. سێ ڕۆژی یەك لەدوای یەك بەم شێوەیە ئەشكەنجەیان ‌دام. بۆماوەی چەند كاتژمێرێك لەژورەكەدا بووم ئەوان دەهاتنەژورەوەو دەچونە دەرەوە بۆ پشودان. لە ڕۆژی سێیەمدا، ئیعترافم كرد. وتیان كە دەبێت ئیعتراف بكەم بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش بۆماوەی ٢ مانگ. ئیعترافم كرد، بەڵام ئەوە ڕاست نیە. بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ داعش نەبووم.



''تاهیر''ی ١٧ ساڵ وتی لەكۆتایی ٢٠١٧ لە ئاسایشی گشتی ئەفسەرانی ئاسایش لەكاتی لێكۆڵینەوەدا تەزووی كارەبایان لێدام. ئەو وتی كە ئاسایش بۆماوەی سێ ڕۆژ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردوەو ئەشكەنجەیان داوە:

"دەستم بەسترابوو لە ژورێكدا كە ٦ تا ٧ ئەفسەری ئاسایشی تێدابوو. هەموویان لێیان دەدام. لە قاچ و شانیان دەدام. هەموو ڕۆژێك پێنج جار تەزووی كارەبایان لێدەدام. وتیان كە پێویستە بڵێم لەگەڵ داعش بووم تەنانەت ئەگەر لەگەڵ داعشیش نەبووبم. لە ڕۆژی سێیەمدا ئیعترافم كرد بەوەی بۆماوەی چوار ڕۆژ لەگەڵ داعش بووم. وتیان كە دەبێت بڵێم زیاتر، بەڵام نەمگووت ڕەتم كردەوە ئەوە بڵێم."


''حوسین'' لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە لە كۆتایی ٢٠١٧ لە بازگەیەك دەستگیركرابوو ئەو كاتەی تەمەنی ١٤ ساڵ بووە. ئەو وتی كە بۆماوەی ٥ مانگ لە ئاسایش دەستبەسەر بووەو لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا، "ئەفسەرانی ئاسایش بە سۆندە لە هەموو جەستەیان دەدام و پاشان بە شێوەی دوو پشكی دەستیان لەدواوە بۆماوەی دوو كاتژمێر بەستم."


پرسیاریان دەربارەی داعش لێدەكردم و دەیان وت، ''دەبێت ئیعتراف بكەی كە داعش بووی. بەزۆر ناچاریان كردم بڵێم كە بۆماوەی یەك مانگ لەگەڵ داعش كارم كردووە. هەروەها وتیان‌ دەبێت بڵێم كڵاشینكۆف و ئێم ١٦ و بیكەیسیم بەكارهێناوە."


ئەو دەڵێت، هیچ كام لەم شتانە ڕاست نیە، بەڵام ئەفسەرانی ئاسایش پێیان وتووە "ئەگەر ئیعتراف نەكا، بەردەوام ئەشكەنجەی دەدەن و بە كێبڵ لێی دەدەن."

دانپێنان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش هێشتا هەندێكیانی لە ئەشكەنجە ڕزگار نەكردووە. جەبار وتی، كاتێك پێشمەرگە پرسیاریان دەربارەی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش لێكردوە، دەستبەجێ ئیعترافی كردوە كە بۆماوەی سێ مانگ لەگەڵ داعش وەك شۆفێر كاری كردوە‌. ئەو وتی، ئاسایش هێشتا لەكاتی لێكۆڵینەوەدا "ئەشكەنجەیان دەدا"، داوای ناوی سەركردەكانی داعش و هاوڕێكانی ناو داعشیان لێدەكرد. ئەو وتی كە ئەفسەرانی ئاسایش "بۆماوەی ٤٠ خولەك بە سۆندە لە پشتیان دەدا و پاشان بە شێوازی دوو پشكی لەدواوە دەستیان بۆماوەی یەك كاتژمێر بەستووە." ئەو وتی، ناوی هیچ سەركردەیەكی داعشی نەدەزانی، بەڵام ناوی هاوڕێكانی پێداون. وتیشی لەپاش ئەشكەنجەدان نەیتوانیوە بۆماوەی یەك هەفتە لەسەر پشت بخەوێ.


چەند مێردمنداڵێك وتیان لێیان نەدراوە، بەڵام ئاسایش هەڕەشەی ئەشكەنجەی لێكردون. ''نەسیم''ی ١٧ ساڵ كە لە كۆتایی ٢٠١٨ لە بازگەیەك دەستگیر دەكرێ، وتی لەكاتی لێكۆڵینەوەدا ئەفسەرانی ئاسایش دەیان وت، ''ئەگەر بڵێی پەیوەندیت لەگەڵ داعش نەبووە دەتنێرین بۆ حەشدی شعبی و ئەوان دەتكوژن."


ئەو بە هیومان ڕایتس ۆوچی وت كە پەیوەندی بە داعشەوە نەكردوە، بەڵام ئیعترافی بۆ ئەفسەری لێكۆڵەر كردوەو ڕازیبووە كە پێیان بڵێ بۆماوەی ١٥ ڕۆژ لەگەڵ داعش بووە. ''وتیان ئەوە كیفایەت نیە، بۆیە گووتم ٣٠ ڕۆژ. پاش هەفتەیەك دادوەری لێكۆڵەرم بینی و پرسیاری لێكردم ئەگەر دانپێنانەكەم ڕاستە. وتم بەڵێ، لەبەرەوەی دەترسام ئەگەر بڵێم نەخێر ڕەنگە ئەشكەنجەم بدەن و شتێكم لێبكەن."


''سەعدون''ی تەمەن ١٧ ساڵ وتی، لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ لە بنكەی ئاسایش ئەفسەرانی ئاسایش چەند جارێك لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردووەو لێیانداوە. ئەو وتی،''چەندجارێك پێیان وتم، ئەگەر ئیعتراف نەكەی دەتبەینە دەرەوەو لێت دەدەین هەتا ئیعتراف دەكەی. ناتهێنینە ناو سەنتەرەكە هەتا ئیعتراف نە‌كەی."


''شەماڵ''ی تەمەن ١٦ ساڵ وتی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ كاتێك لەگەڵ دایكی بۆ هەولێر دەڕوا ئاسایش دەستگیری دەكەن. یەكەم جار، نكۆڵی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەكات. ئەو وتی، كاتێك داعش دەگاتە ناوچەكەیان، خێزانەكەی مەڕوماڵاتەكەیان دەبەن و ناوچەكەیان جێدەهێڵن. وتیشی، ئەفسەرانی ئاسایش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردووەو لێیانداوە:


وابزانم سێ ئەفسەر بوون، دڵنیانیم چونكە چاوم بەسترابوو. بەردەوام دەیان وت،''تۆ داعش''ی و بەدارێكی درێژ لێیان دەدام. لە ڕۆژی دووەمدا هەمان شتیان كرد بۆیە لە كۆتایدا ئەو ڕۆژە ئیعترافم كرد. وتیان "دەبێت بڵێم كە بۆماوەی شەش مانگ لەگەڵ داعش بووم، بەڵام وتم نەخێر تەنها ئیعتراف بۆ دوو مانگ دەكەم."


هاوكاری یاسایی


''سەمیر'' لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٨ دادگایی كرا، ئەو وتی: دڵنیانیم، بەڵام وابزانم پارێزەرەكەم كچێك بوو. لەكاتی دادگایكردنی كەیسەكەمدا، بە كوردی لەگەڵ دادوەر قسەی دەكرد. بەهیچ شێوەیەك چاوی بەمن نەكەوت و قسەی لەگەڵ نەكردم لە پێش و لەپاش دادگایكردنەكە.


''سامی'' ١٧ ساڵ كە لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٨ دەستگیركرا، وتی: لێرە لە زیندان ستافی زیندانیەكە بە لیستێك ناوی پارێزەرەوە هاتن و وتیان پارێزەر چەندی تێدەچێ. وتیشیان بەبێ پارە ناتوانی پارێزەرت هەبێ. دەترسم داوای پارێزەر بكەم كاتێك دەچمە بەردەم دادوەر، چونكە ڕەنگە سزای زیندانیەكەم درێژبكەنەوە.


دادگایكردن


زۆرێك لە مێرمنداڵەكان وتیان كە پڕۆسەی دادگایكردنەكانیان لە ٥ تا ١٠ خولەك زیاتری نەخایاندوە. وتیان، عادەتەن دادوەر دانپێنانەكانیان دەخوێنێتەوەو پرسیاریان لێ دەكات ئەگەر پەیوەندیان لەگەڵ داعش هەبووە. هەرچەندە دادوەرەكان بە عەرەبی لەگەڵ مێرمنداڵەكان قسەدەكەن، بەڵام بە گشتی لەگەڵ ئەوانی ترو لەناوخۆیاندا بە كوردی قسە دەكەن.


''خەلەف''ی ١٤ ساڵ باسی لە پڕۆسەی دادگایكردنەكەی لە مانگی ئاب كرد: لە دادگایكردنەكەدا، دادوەر پرسیاری كرد ئەگەر داعش بووم یان نا. وتم داعش نەبووم. ئیعترافەكەی خوێندمەوە. وتم لەژێر ئەشكەنجەداندا ئیعترافم كردووە، بەڵام دادوەرەكە هیچی نەگووت. بۆماوەی شەش مانگ حوكمی دام و دادگایكردنەكەم ١٠ خولەكی خایاند.


''شەماڵ''ی ١٦ ساڵ لە سەرەتای ٢٠١٨ دەستگیركراو دوای پێنج مانگ دادگایی كرا. ئەو وتی كاتێك چووەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵەر، بە دادوەرەكەی وتوە كە لەژێر ئەشكەنجەداندا ئیعترافی كردووە. ''دادوەرەكە سەری لەقاندو پێی وتم ژورەكە جێبهێڵم. فەرمانی بە ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی و هیچ شتێكی لەو جۆرە نەدا. دادوەرەكە سزاكەی پشت ڕاست كردەوەو پاش دوو مانگ، لەبەردەم سێ دادوەردا سزادرام‌."


شەماڵ پارێزەری نەبوەو دووبارە بە دادوەرەكانی وتوە كە ئەشكەنجەدراوە. بەڵام دادوەرەكان قسەكەیان ''پشتگوێ خستووە."