زارۆ ئاغا.. ئەو پیاوە كوردەی لە سێ سەدەدا ژیاوەو لە 96 ساڵیدا منداڵی بووە

22-01-2019 03:51
زارۆ ئاغا(ناوەڕاست) زیاتر لە 160 ساڵ ژیاوە.

 

پەرەگراف

هەرچەندە مشتوموڕو قسەی جیاواز لە بارەی مێژووی لەدایكبوون‌و ژیانییەوە هەیە، بەڵام زارۆ ئاغا كە خەڵكی شاری بەدلیسی باكوری كوردستان بووە بە یەكێك لە بەتەمەنترینەكانی مێژووی نوێی مرۆڤایەتی دادەنرێت و زیاتر لە 160 ساڵ ژیاوە.

ئاغا لە 20ی تەمموز/مانگی7ی 1930 گەیشتووەتە ئەمەریكاو ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز باسیلە سەردانەكەی كردووەو وەك بەتەمەنترین مرۆڤ ناوی بردووە كە لەو كاتەدا 156 ساڵ بووە.

ڕۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، زارۆ ئاغا زۆر سەرسام بووە بە شاری نیویۆركی ئەمەریكا، ئەوەش كە زۆر سەرنجی ڕاكێشاوەو پێی ئاسودە بووە، بانیۆی حەمامی هۆتیڵ كۆمۆدۆر بووە كە لێی ماوەتەوە، تەنانەت كاتێك چووەتە ناوی، ئەو كەسانەی لەگەڵیدابوون بەزۆر دەریانهێناوە.

لە ساڵی 2009 كتێبی (زارۆ ئاغا بەتەمەنترین پیاوی جیهان) بەتوركی بڵاوكراوەتەوەو چەند زانیارییەكی لەسەر ژیانی ئەو پیاوە تێدا بووە.

لەكتێبەكەدا باس لەوەكراوە، زارۆ ئاغا لەشاری بەدلیسی باكوری كوردستان لەدایكبووەو لە 10 ساڵی كۆتایی تەمەنیدا، ناوەندە جیهانییەكان گرنگییەكی زۆریان پێداوە، بەو پێیەی بەتەمەنترین كەسی مێژووی نوێی مرۆڤایەتی بووە.

یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی وایكردووە گرنگییەكی زۆر بە ئاغا كوردەكە بدرێت، سیستمی خۆراكی و ژنە زۆرەكانی بووە، تەنانەت هەواڵ و هۆكاری مردنەكەشی گرنگی پێدراوە.

بەپێی ماڵپەڕی هەواڵی بەدلیس، زارۆ ئاغا لەنێوان ساڵانی 1774 بۆ 1777 لەدایكبووە و سەر بە عەشیرەتی زازا بووە، كە یەكێكە لە عەشیرەتە گەورەكانی كورد، كاتێكیش تەمەنی بووە بە 18 ساڵ چووەتە ئەستەمبوڵ و لە گەڕەكی تۆپخانە نیشتەجێ بووە و تەواوی ژیانی لەوێ بەسەر بردووە.

یانزە ژنی هێناوە

زارۆ ئاغا، 11 جار ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوەو لەتەمەنی 96 ساڵیدا دواین منداڵی بووە، لەو ژنانەشی بووەتە خاوەنی 36 منداڵ كە سەرجەمیان پێش خۆی كۆچی دواییان كردووە جگە لە كچێكی، كاتێك ئاغا كۆچی دوایی كردووە ئەو كچەی 60 ساڵی تەمەنی تێپەڕاندووە.

زارۆ ئاغا ساڵی 1798 بووەتە جەنگاوەر و لەژێر فەرمانی ئەحمەد پاشا جەزار دژی سوپای ناپلیۆن لە عەكا جەنگاوە، دواتر ساڵی 1828 بەشدار بووە لە شەڕی توركیا-ڕوسیا و قاچی برینداربووە، بۆیە بۆ ماوەیەك گەڕاوەتەوە شوێنی لەدایكبونی لە بەدلیس، دواتر چووەتەوە ئەستەمبوڵ و بەشداریی دروستكردنی مزگەوتی ئۆرتاكۆی كردووە لە ساڵی 1853.

ناوبانگی زارۆ ئاغا لە كۆتا ساڵەكانی تەمەنیدا بەتەواوی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، وەك بەتەمەنترین كەس لە ژیاندا بانگهێشتی چەندین وڵات كراوە، ئەویش سەردانی ئەمەریكا و بەریتانیای كردووە، لە سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا بە ڤیدیۆی بێدەنگ وێنەی گیراوە.

ئاغا كاتێك لە ئەمەریكا بووە بۆیەكەمجار ل ەتەمەنی 156 ساڵیدا سواری فڕۆكە بووە، ئەوەشی وەك بەچێژترین ئەزمونی ژیانی ناوبردووە لەدوای بەشداریی شەڕی عەكا دژی سوپای ناپلیۆن.

ئەو پیاوە بەتەمەنەی كورد لەسەردانەكەیدا بۆ ئەمەریكا بەشداری چەند فیلم و نمایشێكی جیاوازی كردووە، هاوكات چەندین پشكنینی پزیشكیی بۆ ئەنجامدراوەو سەرجەمیان باسیان لە باشیی و جێگریی دۆخی تەندروستی كردووە، ئەویش بە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی وتووە، بۆ هەتا هەتایە دەژی‌و نامرێت.

زارۆ ئاغا لەكاتی چاوپێكەوتنەكانیدا توركییەكی باشی نەزانیوەو لە زۆربەی چاوپێكەوتنەكاندا بە كوردی قسەی كردووە.

نهێنیی تەمەن درێژییەكەی

كاتێك پرسیار لە زارۆ ئاغا كراوە دەربارەی نهێنیی تەمەن درێژیی و باشی تەندروستیی، ئەو باسی لەوە كردووە، ڕۆژانە شیر و خەیار دەخوات‌و زیاتر گرنگی بە خواردنە ڕووەكییەكان دەدات، لەسەردانەكەشیدا بۆ ئەمەریكا وێنەیەكی هەیە كە ئەكتەرێكی كردووەتە باوەش وەك ئاماژەیەك بۆ تواناكانی و باشیی تەندروستی.

زارۆ ئاغا لە نیویۆرك ئۆتۆمبێل لێی داوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕانەهاتووە بە شارێك كە ئۆتۆمبێلی زۆر تێدا بێت، بەو هۆیەوە سەری بە سەختی برینداربووە، پزیشكەكانیش ڕایانگەیاندووە، بەهۆی ئەو زەبرەی بەری كەوتووە ئەستەمە بتوانێت ماوەیەكی زۆرتر بژی.

ئاغا لە ئەمەریكا هیچ بڕە پارەیەكی پێنادرێت سەرباریی بەشداریكردنی لە چەند فیلم‌و نمایشێكدا، هەربۆیە كۆتایی بە گەشتەكەی دەهێنێت‌و لە 1931دا دەچێتە بەریتانیا.

زارۆ ئاغا دواتر دەگەڕێتەوە بۆ توركیاو دۆخی تەندروستی‌و دەرونیی تێكدەچێت، ئاغا لەمانگی تەمموزی ساڵی 1934 لە نەخۆشخانەی شیشلی لە ئەستەمبوڵ كۆچی دوایی دەكات‌و لە گۆڕستانی ئەیوب پاشا لەو شارە بەخاكسپێردراوە، بەپێی ئەو توێكارییەش كە بۆ جەستەی كراوە، دەركەوتووە بەهۆی وەستانی گورچیلەكانیەوە گیانی لەدەستداوە.

ڤیدیۆی زارۆ ئاغا