دیوەخان‌و شەرع لەبری دادگا؛ هێشتا خەڵك كێشەكانی بەسوڵح چارەسەر دەكات

28-03-2019 03:46
دیوەخانی هەمەوەندییەكان لە قەزای چەمچەماڵ شوێنی یەكلاییكردنەوەی زۆر كێشەی كۆمەڵایەتییە.


پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

دوای بێنەوبەردەیەكی زۆر، پشتیوان یوسف بڕیاریدا كێشەكانی بباتە بەردەم لیژنەی فەتوا و لەوێ چارەسەری بكات، لەبری ڕێكارە یاساییەكان و قسەی دادگا.

كێشەكانی ئەو گەنجە زۆربون، لە كێشەی ناو خێزانەكەیەوە تا بردنی ماڵ و سامانەكەی، زیاتر لە ساڵێك بەدەستیەوە گیرۆدە بوو، زۆر قسەی خەڵك و كەسانی دەوروبەری بیست.

"جگە لە كێشە خێزانیەكەمان، برایەكی هاوسەرەكەم نزیكەی دوو دەفتەر دۆلاری خواردبووم، ئۆتۆمبێلەكەمی بە ئەمانەت بردبوو كەچی فرۆشتبوی و پارەكەی خواردبوو، هاوسەرەكەشم لەو كێشەیەدا پشتگیری منی نەدەكرد."

پشتیوان یوسف (34 ساڵ) بە پەرەگراف-ی وت"تەحەممولی ئەو ژیانەم نەما، بڕیارماندا جیا ببینەوە.. بۆیە كێشەكەم بردە لیژنەی فەتوا."

لیژنەی فەتوا؛ دوای زانینی وردەكاریی كێشەكەو بە بنبەست گەیشتنی، بە تایبەت كاتێك پشتیوان و هاوسەرەكەی بۆ جیابونەوە كۆك بوون، تەڵاقنامەی شەرعیی پێداون و بەوهۆیەوە، بە دوو دانیشتنی دادگا یەكلاییكراوەتەوە.

ئەو گەنجە هەردوو ڕێگاكەی تاقیكردووەتەوە؛ دادگا و سوڵح یان ڕێگا شەرعییەكان، وەكو خۆی دەڵێت، كێشەی بردنی پارە و سامانەكەی لەلایەن برای هاوسەری پێشویەوە بردووەتە دادگا، بەڵام دوو ساڵە چاوەڕوانی بڕیارێكی یەكلاییكەرەوە دەكات و نییە.

لە هەرێمی كوردستان، سەدان نمونەی وەك پشتیوان هەن، لەبری دادگا و ڕێكارە یاساییەكان، دیوەخان و شەرع و ڕێگا جیاوازەكانی تر بۆ چارەسەری كێشەكانیان هەڵدەبژێرن.

شێخ عەبدولوەهاب سەنگاوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی"سەرجەم ئەو دۆسێیانەی دێنە ناوەندەكانی فەتوا كێشەی خێزانیی وەك تەڵاق و مارەبڕین و میرات و دابەشكردنی زەوی و زارن، هەمویان لە یاسای باری كەسێـتی عێراق دا بنەما و بەندی تایبەت بەخۆیان هەیە."

"ئێمەش لە لیژنەكانی فەتوا هیچ بڕیارێك نادەین پێچەوانەی یاسا بێـت و پەیوەندییەكی زۆر باشمان لەگەڵ دادگاكان هەیە."

یەكێتی زانایانی ئیسلامی لە سەرتاسەری هەرێم لیژنەی فەتواو لە شاری هەولێریش ئەنجومەنی باڵای فەتوای شەرعیی هەیە.

سەنگاوی پێیوایە خەڵك وابەستەی دینە لەڕووی ڕوحییەوە بۆشاییە ڕوحییەكەی بەوە پڕدەبێتەوە بچێتە لیژنەی فەتواكان و لەوێ پرسیارە شەرعیەكانی بكات و كێشەكانی چارەسەر بكات.

ئەوەش لە كاتێكدایە هەر یاسایەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەردەچێت بەپێی دەستور پێچەوانە نیە لەگەڵ شەرع و بنەماكانی ئاینی ئیسلامدا.

شێخ عەبدولوەهاب ڕونیكردەوە یاسا كۆمەڵیك دەق و یاسای نوسراوی جێگیرە و كاری لەسەر دەكەن، بەڵام لە ناوەندەكانی فەتوا لەكاتی هاتنی كێشەیەكدا مامۆستایانی ئاینی بەدواداچونی بۆ دەكەن و بەجیا لەگەڵ هاوسەرەكان یان هەردوو لایەنی كێشەكە دادەنیشن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتن و بگەڕێنەوە لای یەكتر، ئەگەر چارەسەر نەكرا تەڵاقنامەی شەرعییان بۆ دەكرێـت و تەڵاقنامەكە دەبرێتە دادگا و دوای مانگێك پەسەند دەكرێت.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە قەزایەكی وەكو چەمچەماڵ كە دانیشتوانەكەی كەمتر لە 200 هەزار كەسە مانگانە 50 بۆ 80 كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتی لە دەرەوەی دادگاكاندا چارەسەر دەكرێن.

لە چارەسەری زۆربەی كێشەكاندا، بە تایبەت كۆمەڵایەتییەكان، دیوەخان و پیاوماقوڵ و ناوەندە كۆمەڵایەتییەكان، قسەی كۆتایی لەبری دادگا دەكەن.

مەریوان كەریم ئاغای هەمەوەند، كەسایەتی كۆمەڵایەتی و خاوەنی دیوەخان كە زۆر كێشە لەماڵەكەیدا یەكلاكراوەتەوە بۆ پەرەگراف وتی"هەموو كێشەیەك ڕوودەكاتە دیوەخانەكان لە گلەیی و گازندەیەكەوە تا دەگاتە ڕووداوی كوشتن، پێش سوڵح و دانیشتن لەگەڵ هەردوو لایەنی كێشەكە كۆدەبینەوە و كە هەردوولا ڕەزامەند بوون دادەنیشین كۆتایی بە كێشەكە دەهێنین."

پاساوی بەشێك لەو كەسانەی كێشەكانیان نابەنە دادگا یاخود ڕۆڵ بە سوڵحی عەشایەری دەدەن ئەوەیە یاسا لە هەرێمی كوردستان سەروەر نییە یان ڕێكار و ڕۆتیناتی زۆری دەوێت.

"بۆ چارەسەری كێشەكان پەنا دەبرێتەبەر یاسا، بەڵام لەبەرئەوەی یاسا بەرقەرار نیە و وەكو پێویست جێبەجێناكرێت بۆیە خەڵك پەنا دەباتەبەر ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، چارەسەرەكانیش بە ڕەزامەندی هەردوولا و بەپێی جۆری كیشەكان دەكرێـت."

بەوتەی مەریوانی كەریم ئاغا، سەدان كێشە لەماڵەكەی ئەواندا چارەسەركراوەو بەشێك لەو كێشانە چارەسەری زۆر ئەستەمیش بووە، بەڵام بەهەوڵی دۆستانە نەهێڵدراوە تەشەنەبكات.

یاساناس و ئەوانەی پشتگیری ڕێكاریی دادگایی دەكەن بۆ چارەسەری كێشەكان، سوڵحی عەشایەری نادیدە ناگرن، بەڵام بە باشی دەزانن بەرگێكی یاسایی بە بەردا بكرێت.

پارێزەر هیوا ڕەفیق بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە"لە یاسای باری كەسێـتی مادەی 698 هەیە كە باسی سوڵح دەكات بە گشتی، ئەو مادەیە ڕێگە بە سوڵح دەدات و دەتوانن دەعوا كۆتایی پێبهێنن، بەڵام زۆربەی ئەو سوڵحانەی لە دەرەوەی دادگا دەكرێن بنەبڕ نین، بۆیە پێویستە تەنیا لە دەعوا مەدەنیەكاندا بكرێـت‌و لەبەردەمی دادگاشدا بێت تاوەكو سیغەیەكی یاسایی وەربگرێت."

جگە لە دیوەخان و كەسایەتییەكان، زۆربەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستانیش مەكتەب و ناوەندی كۆمەڵایەتییان هەیە، یان بەشداردەبن لە سوڵحی عەشایەری بۆ چارەسەری چەندین كێشە، بە تایبەت لە نێوان دوو بنەماڵە یاخود دوو عەشیرەت.

"زۆرجار ئەو سوڵحانەی لە دەرەوەی دادگا دەكرێن لایەنێكی كێشەكە لەوانەیە پێوەی پابەند نەبێـت، بەڵام ئەگەر سوڵحەكان لەبەردەم دادوەردا بكرێت پابەندبونی یاسایی دەبێـت و لایەنەكانی كێشەكە پێوەی پابەند دەبن و ناتوانن پەشیمان ببنەوە"، هیوا ڕەفیق وادەڵێت.

ئەو پارێزەرە نەیشاردەوە لە كێشەكانی تەڵاقیشدا لیژنەكانی فەتوا هاوكارێكی باشی دادگاكانن، بەڵام ئەویش بێ كێشە نیە، چونكە هەندێكجار ئافرەت ئاگاداری مافەكانی نیە و لە دەرەوەی دادگا لێی خۆشبووە.

لە بەشێكی سوڵحە عەشایەرییەكاندا، بە تایبەت دۆسیەكانی كوشتن، لە بەرانبەر پارەدا بۆ لایەنی قوربانیی، كێشەكە چارەسەر دەكرێت، تاوەكو نەبێتە دوژمنداری و كوشتنی تری بەدوادا نەیەت.

هیوا ڕەفیق دەڵێت، هەندێك بابەت پەیوەندی بە مافی گشتییەوە هەیە، بۆیە ئەگەر سوڵحی عەشایەریشی تێدابێت هەر دەبێـت بگەڕێتەوە بۆ یاسا و سزای یاسایی وەربگرێت.