لە باوەشی حكومەتەوە بۆ سەر شەقام؛ گەنجانی بێسەرپەرشت بەدوای پەناگەدا دەگەڕێن

20-04-2019 01:55
گەشتێكی خانەی نەوجەوانانی كوڕان لە سلێمانی بۆ قەرەداغ/ 2016. وێنە؛ ماڵپەڕی چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی.


پەرەگراف- سەنگەر سالار

كوڕان و كچانی بێسەرپەرشت، لە دەستپێكی تەمەنی گەنجێتییەوە ماڵی حكومەت جێدەهێڵن و بەدوای پەناگەیەكی تردا دەگەڕێن، دوای بەڕێكردنی منداڵییان دوور لە سۆزی دایك و باوك.

ئەو منداڵانەی دایك و باوك، یان كەسی پلەیەكی نزیكیان نییە لەخۆیان بگرن، لە ژێر چاودێری حكومەتدا پەروەردە دەكرێن، بەڵام ئەو سۆزەی حكومەت تا گەنجێتییە و بە دیاریكراوی لە تەمەنی 18 ساڵی بەدواوە، ناتوانێت بیانگرێتە خۆی.

خانەی بێسەرپەرشتان؛ یان ماڵی منداڵان، سێ بەشی سەرەكی هەیە لەسەر بنەمای تەمەن، لە یەك ڕۆژ تا چوار ساڵی دەخرێنە ماڵی ساوان، لە چوار تا 18 ساڵی، كوڕ و كچان لە خانەی نەوجەوانان دادەنرێن.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، هیچ مەرجێك نیە بۆ ڕێگری لە وەرگرتنی منداڵ لەو خانانە و دەرگاكانی كراوەن بەڕوی ئەو منداڵانەی چوارچێوە خێزانییەكەی لە دەستدەدات و پێویستی بە شوێنێكە بۆ پەروەردە و پێگەیاندن، یان ئەوانەی دادگا بڕیاردەدات بەهۆی مەترسی لەسەر ژیان یاخود نەبونی كەسێك تا سەرپەرشتیی بكات.

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست پەرەگراف كەوتون، لە خانەی بێسەرپەرشتان و ماڵی ساوایانی هەولێر، 41 كوڕ و كچ، لە سلێمانی 41 و دهۆكیش 45 كوڕ و كچی بێسەرپەرشت هەن.

ئەو خانەیە بەپێی پەیڕەوێكی ساڵی 1986ی عێراق كاردەكات و تا تەمەنی 18 ساڵی كەسی بێسەرپەرشت بۆی هەیە بمێنێتەوە.

گوڵپی وتی"خۆ ئەگەر پێویستی كرد و كەسەكە بەردەوام بوو لە خوێندن، ئەوا دەكرێت تا تەمەنی 20 ساڵیش لە خانەكە بمێنێتەوە، بەڵام لەوە بەدواوە واحساب دەكرێت بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت لە دەرەوە."

ئەوەی لە پەیڕەوی خانەكاندا بە كێشە دەزانرێت، ئەو بڕگەیەیە كە كەسانی بێسەرپەرشت دوای 18 ساڵی دەخرێنە سەر شەقام، بەبێ ئەوەی لە لایەنی بژێوی و شوێنی مانەوە و داهاتووی دڵنیایی هەبێت.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر بۆ پەرەگراف وتی"پێنج منداڵ كە خوێندكارن و تەمەنیان لە 18 ساڵ تێپەڕیوە و بێ‌ كەسوكارن، ئێمە بە ناچاری وەكو خۆبەخش لە بەڕێوەبەرایەتییەكە كاریان پێ‌ دەكەین، لە بەرانبەردا شوێنی مانەوەمان بۆ دابین كردوون."

ئەوەی لێپرسراوان و لایەنی پەیوەندیداری ئەو دۆسیەیە باسی دەكەن ئەوەیە؛ تەنیا لە لایەنە مرۆییەكە و بەدەر لە چوارچێوە یاساییەكان، مامەڵە لەگەڵ بێسەرپەرشتانی دوای 18 ساڵی دەكەن تا شوێنی مانەوە و كاریان بۆ دابین بكەن.

سەرنج حەمەسەعید، بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتیی سلێمانی بە پەرەگراف-ی وت"ئەو كەسانەی تەمەنیان لە سەروو 18 ساڵیەوەیە و كێشەیان هەیە، ئەگەر ڕوویش لە خانەكانی ئێمە بكەن، ناتوانین وەریانبگرین، چونكە یاساكە ڕێگە نادات و لە دەرەوەی ئێمەیش هیچ شوێنێكی دیكە بۆ داڵدەدانیان نییە."

بەپێی پەیڕەوی كاركردنی خانەكانی بێسەرپەرشت، پەیوەندی منداڵ بە خانەوە لە دوای تەواوكردنی تەمەنی 18 ساڵی كۆتایی پێدێت، لەو حاڵەتەشدا دەكرێت یەك ساڵی دیكە بمێنێتەوە، ئەگەر لە پۆلی كۆتایی خوێندنی ئامادەیی یان پیشەیی یان هاوئاستەكانیاندا بوو.

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی، ئەوان هەوڵدەدەن لە پاش ئەو تەمەنەش هاوكاریان بن بە دۆزینەوە ماڵێك، یان كەسێك كە بە كار یان پێدانی شوێن، پشتیوانیان بێت.

پێشتر چەندین سیمینار و كەمپەین بۆ چارەسەری بارودۆخی بێسەرپەرشتی سەروو 18 ساڵ ئەنجامدراوە، بەڵام لە چوارچێوە كردارییەكەیدا هیچ دەرەنجامێكی نەبووە.

سەمیرە محەمەد، چالاكی مافەكانی مرۆڤ و ڕاهێنەرە لە بواری كۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێت، لە نزیكەوە ئاگادارن ئەوانەی لە خانەی بێسەرپەرشتانن خەمبارن بەوەی تەمەنیان لە 18 ساڵی نزیكدەبێتەوە، چونكە ئەوكات بێ لانە دەمێننەوە.

"زۆرجار فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی پرسی منداڵانی بێسەرپەرشت دەكەنە خەمی شەخسیی خۆیان و هەوڵی پێكهێنانی هاوسەرگیرییان بۆ دەدەن تا بێ لانە نەمێننەوە" سەمیرە وای وت، وتیشی"هەندێكجار كچانی بێسەرپەرشت بەر لەگەیشتنە ئەو تەمەنە هەوڵی هاوسەرگیری پێشوەختە دەدەن تا شوێنێكیان هەبێت."

ئەو چالاكوانە هاوسەرگیریی هاوشێوە بەشیاو نازانێت، بەوپێیەی كۆمەڵگە نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغەی ڕێز لەو جۆرە كەسانە بگرێت، وەك ئەو دەڵێت"ڕەنگە ئەو كچە چاوبەرەوژێری هاوسەرەكەی بێت، من ئاگاداری حاڵەتی لەوشێوەیەم."

پەیڕەوی كاركردنی خانەكان، ڕوبەڕوی ڕەخنە بووەتەوە بەهۆی كۆنییەوە و داواكراوە، لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم و پێیویستییەكاندا هەمواربكرێتەوە و بگونجێندرێت.

بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتیی سلێمانی یاساكە بە باش دەزانێت تاڕادەیەك، لەگەڵ پێویستی هەمواركردنەوەیدا، سەرنج حەمەسەعید وتی"لە 2014دا پڕۆژەی هەموارمان ڕەوانەی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی كرد، بەڵام كاری لەسەر نەكراوە."

تائێستا لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە منداڵانی بێسەرپەرشت نیە بۆیە كار بە یاسا و پەیڕەوەكانی عێراق دەكرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر، هاوشێوەی لێپرسراوانی تر بە پێویستی زانی یاساكە هەموار بكرێتەوە، "یاخود پەرلەمانی كوردستان خۆی یاسایەك دەربكات، یان وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی ڕێنمایی نوێ‌ دەربكات."

دەركردنی یاسایەك لە نێوان پەرلەمان و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیدا ماوەتەوە و هەردوولا چاوەڕێی دەستی یەكتری بون.

گەشە دارا، سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان بوو لە خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت، پەیڕەوی ئێستای خانەكان كەموكوڕی زۆری تێدایە و وەزارەت داوایكردووە كە خۆیان پڕۆژەی هەمواری سیستمی كاری خانەكان ئامادە بكەن، بەوپێیەی ئاگاداری كەموكوڕی و كێشەكانن، بەڵام "كەمتەرخەم بون لە ئامادەكردنی پڕۆژەكەدا."

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو بۆ پەرەگراف وت"لەگەڵ ئەوەدا بوین پڕۆژەكە بكرایە بە یاسا، ئەگەر لەو كاتەشدا جێبەجێنەكرایە، ئەوا دواتر دەكرا جێبەجێبكرێت."

یەكێك لە چارەسەرە بنەڕەتییەكانی منداڵانی بێسەرپەرشت، خێزانی جێگرەوەیە، كە لەلایەك گرەنتی ژیانیان دەكات‌و داهاتوشیان بەنادیاری نامێنێتەوە، ئەوەش لە 2017وە لە سلێمانی كاریپێكراوە و زیاتر منداڵی یەك ڕۆژ تا چوار ساڵ لێی سودمەند بون.

عومەر گوڵپی ڕونیكردەوە "لە 2018دا چوار منداڵ لەوڕێیەوە لە خانەكان دەرچون و چونەتە ماڵە جێگرەوەكان، بەوەش ژمارەی منداڵی ڕاسپێردراو بە خێزانی جێگرەوە گەیشتۆتە 10 منداڵ."

بەپێی ئەو پڕۆژەیە، هەر خێزانێك بەپێی ڕێكارە یاساییەكان، منداڵێكی بێسەرپەرشت هەڵدەگرێتەوە تا پەروەردەی بگرێتە ئەستۆ وەك ئەندامێكی نوێی خێزانەكە، لەوەشدا ئەوانەی تەمەنیان زیاترە بێبەشن، چونكە ئەو خێزانانە داوای منداڵی زۆر بچوك دەكەن.

چالاكوانەكەی مافی مرۆڤ خێزانی جێگرەوە بە هەنگاوی باش دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە كێشەكە ئەوەیە لە كۆمەڵگەی كوردی، خێزانەكان كوڕو كچی گەورەی بێسەرپەرشت وەرناگرن، "وابیردەكەنەوە ئەمانە فامیان كردووەتەوە و دواتر وەفایان بۆ خێزانە جێگرەوەكان نابێت."

منداڵانی بێسەرپەرشت، لە خانەكاندا هەوڵدەدرێت بۆشاییەكانی نەبونی خێزانی ڕاستەقینەیان بۆ پڕبكرێتەوە، مافەكانی هەر منداڵێكی تریان بۆ دابیندەكرێت لە خوێندن و پەروەردەدا.

سەمیرە محەمەد پێشنیارێكی هەیە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی و خەمی بێسەرپەرشتانی سەرو 18 ساڵ، ئەویش دەرفەتی بەردەوامیی خوێندنە، "دەبێت ئۆفەری تایبەت هەبێت وەك بۆ كوڕ و كچانی شەهید هەیە و لە پارەی خوێندن دەبەخشرێن لەگەڵ دابینكردنی ناوخۆیی یان شوێنی مانەوە."

داواشیكرد كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت ناچاربكرێن بە دابینكردنی ڕێژەیەك لە ئۆفەرەكانیان بۆ بێسەرپەرشتانی 18 ساڵ بەرەو سەرەوە تا بێكار نەبن و لە پاڵ ئەوەشدا هەڵمەتی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیرییان بۆ ڕێكبخرێت لە تەمەنێكی گونجاودا.