بەڤیدیۆ؛ كەشتییەكی گەشتیاری كۆنتڕۆڵی لەدەستداو خۆی كێشا بە بەربەستێكدا

25-04-2017 02:36

 

پەرەگراف

 

كەشتییەكی گەورەی گەشتیاری بەهۆی هەڵەیەكی تەكنیكییەوە كۆنتڕۆڵی لەدەستداو خۆی كێشا بە یەكێك لە بەربەستە كۆنكرێتییەكانی كەنار ئاوەكانی ئیسپانیادا.

 

لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا، كە ساتی ڕووداوەكە پیشاندەدات، كەشتییەكی گەورەی گەشتیاری ڕاستەوخۆ بەرەو كەناری لاس پاڵماسی دورگەی گران كاناریای ئیسپانیا دەڕوات و خۆی بە یەكێك لە بەربەستە كۆنكرێتییەكانی ئەو دورگەیەدا دەدات.

 

بەپێی وتەی كاپتن‌و سەرپەرشتیارانی كەشتییەكە، ئەو ڕووداوە بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە بووەو بۆ ماوەی تەنها دوو خولەك تەزووی كارەبا بە یەكێك لە بەشەكانی كەشتییەكە نەگەیشتووە.

 

بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو گرتنەبەری تەواوی ڕێنماییەكانی سەلامەتی بەشێوەیەكی زۆر ورد لەلایەن كارمەندانی كەشتییە گەشتیارییەكانەوە، پێكدادان‌و ڕودانی حاڵەتی لەمشێوەیە زۆر دەگمەنە.

 

بەهۆی ڕووداوەكەوە، شەوی هەینی ڕابردوو پێنج سەرنشینی كەشتییەكە بە سووكی برینداربوون، كە لە نێویاندا ئافرەتێكی دووگیان هەبوو، ڕاستەوخۆ گەیەندرانە نەخۆشخانە.

 

ژمارەی سەرنشینان 140 كەس بوون لەگەڵ 30 كارمەندی بەڕێوەبردنی كەشتییەكە، هاوكات دەیان ئۆتۆمبێلی تێدابوو.

 

گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوەكە، بەخێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵابوویەوەو لەسەرەتادا گوماندەكرا كە زیاد لە 200 هەزار لیتر سوتەمەنی ڕژابێتە ناو ئاوەكەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەك لە بەرپرسانی كەنارەكە بە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی-یان ڕاگەیاندووە كە دۆخەكە بەبێ هیچ دەرئەنجامێكی مەترسیداری سروشتی دەگەڕێنرێتەوە باری ئاسایی خۆی.