10 ماڵپەڕ هەموو رۆژێک شتێکی نوێت فێردەکات

16-01-2017 03:25

 پەرەگراف 

 

هەرچەندە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت رۆژانە کاتێکی زۆر بەسەردانکردنی ماڵپەڕە جیاوازەکان‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر دەبەن، بەڵام لەکۆتاییدا تێدەگەن تەنها کاتیان بەسەر بردوە بەبێ ئەوەی شتێکی ئەوتۆ فێربووبن یاخود کاتێکی بەسوودیان بەسەر بردبێت.

ئەم 10 وێبسایتە لەبوارە جیاوازەکاندا، رۆژانە بابەتی نوێ‌و بەسود بڵاودەکەنەوەو سەردانیکردنی رۆژانەی هەر یەکێکیان دەبنە مایەی فێربوونی شتی نوێ.

Quora

بیرۆکەی ئەم ماڵپەڕە ئەوەیە کە هەر بەکارهێنەرێک دەتوانێت لەبوارێکی دیارییکراودا پرسیار بکات، دواتر پسپۆڕانی ئەو بوارە وەڵامی وردو باوەڕپێکراوی دەدەنەوە کە پاڵپشتە بەبەڵگەی زانستی. هەروەها دەتوانی تۆش بەدروستکردنی هەژمارێک وەڵامی پرسیاری ئەوانی دیکە بدەیتەوە گەر شارەزاییت هەبێت، یاخود سەیری پرسیارو وەڵامی بەکارهێنەرەکانی دیکە بکەیت.

 

Coursmos

گەر بەدوای جێگرەوەی کۆرسە درێژەکاندا دەگەڕێت لەسەر ئینتەرنێت، ئەوا ئەم ماڵپەڕە ئەوەت بۆ دابین دەکات. لێرەوە چەندین کۆرسی جیاواز لەبوارە جیاوازەکاندا بەردەستن‌و سوودێکی زۆر بەبەکارهێنەرانیان دەگەیەنن.

 

Gohighbrow

 

دوای ئەوەی هەژمارێکت لەم وێبسایتەدا دروست کرد، رۆژانە ئیمەیڵێکت بۆ دەنێرێت‌و لەماوەی کەمتر لە پێنج خولەکدا شتێکی نوێت لەبوارە جیاوازەکاندا فێردەکات. دەشتوانی ئەو بوارانە دیاریی بکەیت کە گرنگیی پێ دەدەیت‌و دەتەوێت لەو بوارانەدا زانیارییەکانت بگاتە دەست.

 

Creativelive

داهێنەران لەبوارە جیاوازەکانی هونەرو مۆسیقاو نەخشەسازیدا ئەزمونی خۆیان لەڕێی کۆرسی جیاوازەوە بەبێ بەرامبەر پێشکەش دەکەن‌و دەتوانن بینەری بن‌و سوودی لێ وەربگرن.

 

Stuk.io

گەر ئارەزووی فێربوونی بەرنامەت هەیەو هیچ پاشخانێکت لەو بوارەدا نییە، ئەوا ئەم ماڵپەڕە ئەو بۆشاییەت بۆ پڕ دەکاتەوە. چەندین بابەتی فێرکاری پرۆگرامسازی بۆ فێرخوازە سەرەتاییەکان لەم وێبسایتەدا خراوەتەڕوو.

 

Thinkful

بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت لەبواری پرۆگرامسازی‌و نەخشەسازیدا پسپۆڕی وەربگرن‌و لەو ڕێگەیە کار بدۆزنەوە، ئەوا لەڕێی ئەم ماڵپەڕەو لەماوەی سێ مانگدا دەتوانن پەرە بەتواناکانی خۆیان بدەن‌و چانسی دەستکەوتنی کاریان هەبێت، ئەوەی لەم ماڵپەڕەدا هەیە ئەوەیە بۆ فێربوون‌و بەشداریکردنی کۆرسەکان پێویستی بەبڕیک لەپارە هەیە.

 

Datamonkey

 

لەڕێی ئەم ماڵپەڕەوە هەلی شیکردنەوەی داتاو زانیارییەکانت هەیە. لێرەوەو لەڕێی کەسایەتییەکی کارتۆنییەوە فێری چۆنیەتی شیکردنەوەو نووسینی زانیارییەکان دەبیت.

 

 Duolingo

ئەم ماڵپەڕەیان بۆ فێربوونی زمانە. لێرەوە دەتوانیت لێهاتووییەکانت لەگوێگرتن‌و قسەکردن‌و نووسینەوە پەرەپێ بدەیت، بابەتەکانی فێرکردنی 20 زمان لەڕێی ئەم وێبسایتەوە بەخۆڕایی بەدەستبهێنە.

 

Guides

گەر بەدوای هەنگاوەکانی کارێکی دیارییکراودا دەگەڕێت، ئەوا ئەم ماڵپەڕە ڕەنگە بەسوود بێت بۆت. لێرە لیستی ڕێنمایی چەندین کاری دیارییکراو دانراوە، گەر دەتەوێت فێری یۆگا ببیت‌و نازانیت چۆن دەستپێبکەیت، یاخود دەتەوێت پارە بۆ پرۆژەیەکی بچوک کۆبکەیتەوە، ئەم ماڵپەڕە لەو بوارانەو چەندین بواری دیکەدا ڕینمایت دەکات.

 

 Chesscademy

ئەکادیمیای شەترەنج شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت فێری ئەو یارییە جیهانییە ببن یاخود پەرە بەتواناکانیان لەو یارییەدا بدەن. ماڵپەڕەکە چەندین وانەی فێرکاریت دەخاتە بەردەست، هەروەها دەتوانیت بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ کەسانی پێشکەوتوودا یاری شەترەنج بکەیت.