بە ڤیدیۆ؛ یەکەمین پۆلیسی رۆبۆت لە دوبەی دەستبەکاردەبێت

22-05-2017 10:33
پۆلیسی دوبەی لە کاتی پێشکەشکردنی رۆبۆتە پۆلیسەکەدا

 

پەرەگراف

 

یەکەمین پۆلیسی رۆبۆت لە جیهاندا لە شاری دوبەی دەستبەکاردەبێت وەک بەشێک لە پلانی شانشینی ئیمارات بۆ بەکارهێنانی رۆبۆت وەک ئامرازێک بۆ رێکخستنی کاروباری ئەو وڵاتە.

 

دەسەڵاتدارانی شاری دوبەی ئاشکرایان کرد بە فەرمی یەکەمین پۆلیسی رۆبۆت لە رۆژی یەکشەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستبەکاربووە. ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی میرەری بەریتانی.

 

رۆبۆتەکە درێژییەکەی پێنج پێیە و کێشەکەشی 100 کیلۆگرامە، دەتوانێت بە شەش زمانی جیاواز قسە بکات وەها نەخشەسازی بۆ کراوە لە توانایدا هەیە گوزارشتی رووخسار بخوێنێتەوە.

 

 

رۆبۆتەکە لە ئاستی سنگیدا شاشەیەکی تێیدایە و هاوڵاتیان دەتوانن بەکاریبهێنن بۆ رادەستکردنی پارەی غەرامە یاخود ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لە هەر کارێکی تاوانکاری، بەهەمان شێوە دەتوانن هەر پەیامێکیان هەبێت بیگەیەنن بە بنکەی سەرەکیی پۆلیسی شارەکە.

 

خەلیل ناسڕ رەزوقی بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری هۆشمەند لە پۆلیسی دوبەی لەو بارەیەوە رایدەگەیەنێت رۆبۆتی پۆلیس یارمەتی ئەوان دەدات بۆ رووبەرووبوونەوەی تاوان و پاراستنی ئاسایشی شارەکە و بەرزکردنەوەی ئاستی بەختەوەریی.

 

لەبارەی تایبەتمەندی ئەو رۆبۆتەشەوە دەڵێت "دەتوانێت گفتوگۆبکات و وەڵامی پرسیارە گشتییەکان بداتەوە، هەروەها دەتوانێت تەوقەو سڵاوی سەربازییش بکات."

 

وڵاتی ئیمارات لە بەرنامەیدا هەیە تا ساڵی 2030 لەسەدا 25ی پۆلیسەکانی بکاتە رۆبۆت.