"کامێراکەت دەوڵەمەندت دەکات"

ئەو 10 وێنەیەی بە ملیۆنان دۆلار فرۆشران
16-01-2017 03:42

 پەرەگراف

 

هەرچەندە زۆرینەی هاوڵاتیان پێیان وایە وێنەگرتن بۆ تۆمارکردنی یادگاری‌و ڕووداوەکانە، بەڵام هەندێک جار وێنەکان لەوە دورتر دەڕۆن‌و ئامانجی زۆر گەورەتر بەدەست دەهێنن کە رەنگە خاوەنی وێنەکانیش لەکاتی چرکاندنی کامێراکانیاندا بیریان لەو سەرکەوتنە نەکردبێتەوە. ئەم 10 وێنەیە توانیویانە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنن‌و لەبازاڕەکاندا بەملیۆنان دۆلار بفرۆشرێن‌و خاوەنەکانیان دەوڵەمەند بکەن.

 



ئەم وێنەیە بەگرانترین وێنەی جیهان دادەنرێت دوای ئەوە بە 4.3 ملیۆن دۆلار فرۆشرا. خاوەنی وێنەکە هونەرمەندی ئەڵمانی ئەندریاس جۆرسکی‌یەو لەساڵی 1999 گرتوویەتی. وێنەکە هی رووباری راین‌-ەو تێیدا رووبارەکە بەشێوەی ستونی دەردەکەوێت کە لەنێوان کێڵگە سەوزەکاندا دەڕوات.

 



دووەم گرانترین وێنە لەجیهاندا وێنەیەکی فۆتۆگرافەرو وێنەکێشی ئەمەریکی ریچارد برنس-ەو لەساڵی 1981دا گرتوویەتی، بەڵام تا ئەم ساڵانەی دوای گرنگی زۆری پێ نەدرا. هەرچەندە دەرکەوتنی کچێکی تەمەن 10 ساڵان بەڕووتی لەوێنەکەدا بووە هۆی مایەی توڕەبوون، بەڵام ئەوە لەنرخەکەی کەم نەکردەوەو لەساڵی 2014 بەبەهای 3.9 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.

 



فۆتۆگرافەری ئەمەریکی سندی شیرمان زنجیرەیەک فۆتۆی کەسیی خۆی گرت لەدۆخی جیاوازداو یەکێک لەوێنەکان لەساڵی 2011 بە 3.89 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، بەوەش بووە سێیەم گرانترین وێنە لەجیهاندا.

 



فۆتۆگرافەری ئیتاڵی گێلبێرت برۆسچ‌و فۆتۆگرافەری بەریتانی جۆرج باسمو بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە لەژێو ناوی گێلبێرت‌و جۆرج کاریان دەکرد. ئەم وێنەیە لەساڵی 1973 گیراوەو بە 3.7 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە. وێنەکەش پێک هاتووە لە چەند وێنەیەکی رەش‌و سپی بەشێوەی درێژیی‌و پانی، ئەوەش شێوازی ئەو دوو هونەرمەندە ڕوون دەکاتەوە.

 



لە پلەی پێنجەمدا وێنەیەکی سەربازانی سوپای رووسیا هەیە کە لەزستانی 1986 لەئەفغانستان گیراوە. لەوێنەکەدا کۆمەڵێک سەرباز دەبینرێن کە هەندێکیان مردون‌و ئەوانی دیکەش بریندارن. فۆتۆگرافەری کەنەدی جیف ۆڵ خاوەنی ئەو وێنەیەیەو لەساڵی 2012 بە 3.6 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.

 



ئەم وێنەیە پێک هاتووە لە دوو وێنە کە فۆتۆگرافەری ئەڵمانی ئەندریاس جۆرسکی گرتونی لەمیانی پرۆژەیەکدا بەناوی "99 سەنت" لەساڵی 1999. وێنەکە تیشک دەخاتە سەر شوێنێکی فرۆشتنی خواردن، لەگەڵ هێماکردن بۆ رەنگە جیاوازەکانی رەفەکان. لەساڵی 2007 وێنەکە بە 3.34 ملیۆن دۆلار فرۆشراو بەوەش چووە ریزی گرانترین وێنەکانی جیهانەوە.

 



لەریزبەندی حەوتەمدا جارێکی دیکە وێنەی فۆتۆگرافەری ئەڵمانی ئەندریاس جۆرسکی هەیەو ئەم جارە وێنەی بازاڕێکی پشکەکانی گرتوەو تێیدا تەکنیکی تێکەڵکردنی چەند وێنەیەکی بەکارهێناوە لەگۆشەی جیاوازەوە. وێنەکە لەساڵی 2013 بە 3.29 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.

 



فۆتۆگرافەری ئەمەریکی ریچارد برنس وەک خولیای خۆی دووبارە وێنەی ئایکۆنە کۆنەکانی دەگرتەوە. لەم وێنەیەشدا دووبارە دیمەنی ریکلامی جگەرەی 'مارلبۆرۆ"ی گرتوەتەوە بە ئەنجامدانی هەندێک گۆڕانکاری، سەرەنجامیش لەشاری نیویۆرک‌و لەساڵی 2014 وێنەکە بە 3.07 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.

 



خانمە فۆتۆگرافەری ئەمەریکی سندی شیرمان بۆ جاری دووەم لەلیستەکەدا ئامادەیە، ئەم جارەیان بە فۆتۆیەکی رەش‌و سپی کە یەکێکە لەو زنجیرە 69 وێنەیەی لەنێوان ساڵانی 1977 تا 1980 گرتونی. شیرمان خۆی لەوێنەکاندا بەشێوازی جیاوازو بەبەکارهێنانی کەرەستەکانی جوانکاری‌و قژی دەستکرد دەردەکەوێت. ئەم وێنەیەیان کە ژنێکە بەتەنها لەرێگایەکدا وەستاوەو جانتاکەی لەتەنیشتیدایە لەساڵی 2015 بە 2.9 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.

 



فۆتۆگرافەری ئەمەریکی ئیدوارد ستینشن لەگوندی مامورنیکی سەر بەنیویۆرک لەساڵی 1904 ئەم وێنەیەی گرتووە. فۆتۆکە بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە بەنرخێکی زۆرو بە 2.9 ملیۆن دۆلار لەساڵی 2006 فرۆشرا.