لە ڕەمەزاندا جیابوونەوەی ژن و مێرد قەدەغەکرا

28-05-2017 06:37

 

پەرەگراف

 

لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین تۆمارکردنی هەموو حاڵەتەکانی جیابوونەوەی ژن و مێرد لە مانگی رەمەزاندا قەدەغەکرا و هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە دەبێت دوابخرێت بۆ دوای ئەو مانگە.

 

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین، مەحمەد هەباش، ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیارێکی دەرکرد و بەسەر هەموو دادگا شەرعییەکاندا گشتاندنی بۆ کرد تا هیچ حاڵەتێکی جیابوونەوە تۆمار نەکەن.

 

هەباش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو رێوشوێنە لە ئەنجامی ئەزموونەوە گرتوویانەتەبەر بەو پێیەی لە میانی مانگی رەمەزان لە ساڵانی رابردوودا "بەشێک لە ژن و مێردەکان بەهۆی رۆژووەوە بڕیاری خێرایان داوە بۆ جیابوونەوە."

 

"هەندێک بەهۆی کەمی خواردن و نا جێگرییەوە، بڕیاری خێرا و نا هاوسەنگ دەدات،" هەباش وادەڵێت.

 

هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری باس لەوەش دەکات لە هەندێک حاڵەتی نا ئاساییدا جیابوونەوە لە مانگی رەمەزاندا تۆمار دەکەن "تەنها ئەگەر زۆر پێویست بکات و بە پشتبەستن بە راپۆرتی فەرمانگەی ئیرشاد و چاکسازیی خێزان."

 

ئەم بڕیارە تەنها لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین جێبەجێ دەکرێت و کەرتی غەزە ناگرێتەوە کە ئێستا بزوتنەوەی حەماس بەڕێوەی دەبات.