بە ڤیدیۆ؛ دایك‌و كچێك ئازایانە ڕووبەڕووی دزێك دەبنەوە

27-02-2018 12:25

 

پەرەگراف

 

دایك‌و كچێك لە شاری تولسای ویلایەتی ئۆكلاهۆما لە ئەمەریكا ئازایانە ڕووبەڕووی دزێك بوونەوە كاتێك هەوڵیدا بە زەبری چەك هەرچی لە دەغیلەكەیاندایە بەتاڵانی بەرێت.

 

ڕووداوەكە ئێوارەی پـێنجشەممەی ڕابردوو بووە، دزەكە بە تاپـڕێكەوە چووەتەسەر فرۆشگاكەیان‌و كچەكە (ئاشلی لی) تەمەن 33 ساڵ لەگەڵ دایكی (تینا ڕینگ) تەمەن 53 ساڵ سەرەتا هیچ بەرگرییەكیان نەكردووەو ڕێگەیان بە دزەكەداوە هەرچی پارە هەبووە لە دەغیلەكەیاندا بیخاتە گیرفانییەوە.

 

پاشان دزەكە لەوەدا بووە فرۆشگاكە جێبهێڵێت، بەڵام كچەكە پەنجەی ناوە بە دوگمەی داخستنی هەردوو دەرگای فرۆشگاكەدا تاوەكو ڕانەكات‌و هەروەها نەتوانێت بۆیان بگەڕێتەوە. دەرگای دەرەوە دەستبەجێ داخراوە، بەڵام دەرگای دووەم لەوەدابووە دابخرێت، دزەكە فریاكەوت بگەڕێتەوە ناو فرۆشگاكە تاوەكو بە چەكەكەی دیسانەوە هەڕەشەیان لێبكاتەوە.

 

دزەكە چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد كچەو دایكەكە هەریەكەیان سەروو دەمانچەیان پـێبێت، ئیدی ڕووبەڕووبوونەوەكە دەسـتیپـێكرد كە نزیكەی یەك خولەك‌و نیو درێژەی كێشا. لەو ماوەیەدا هەرسێكیان لەسەر لێواری ژیان‌و مەرگدا بوون، بەڵام دواتر كچەو دایكی توانییان دزە برینداربكەن‌و خۆیان لە فرۆشگاكە هەڵبێن.

 

پـۆلیسی ئەوشارە لەسەر تویتەری خۆی لە بارەی ڕووداوەكە چەند وێنەیەكی شوێنەكەی بڵاوكردووەتەوەو نووسیویەتی، پـیاوێك گەیشتووەتە نەخۆشخانە كە چەند گولـلەیەكی پـێوەبووەو لە دزەكە دەچێت.

 

ڤیدیۆی كامێرای چاودێری فرۆشگاكە لە ڕۆژی شەممەوە لە میدیاكانی ئەمەریكا بڵاوبووەتەوەو جارێكی دیكە پـرسی یاسای هەڵگرتنی چەكی لەو وڵاتە هێنایەوە بەرباس، هەندێك دەڵێن پـێویستە ئەو یاسایە گۆڕانكاری تێدابكرێت كە ڕێگە بە زۆر كەس نەدرێت چەك هەڵبگرێت و هەروەها چەكی ئۆتۆماتیكی قەدەغەبكرێت، بەڵام لە بەرامبەردا بەشێك هەن دەڵێن، بەپـێی دەستور ئەوە یەكێكە لە مافی هاوڵاتی ئەمەریكایی كە چەكی خۆی هەبێت تاوەكو بتوانێت بەرگری لە خۆی بكات.