بە وێنەو ڤیدیۆ؛ بەفرێكی پرتەقاڵی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای داپۆشیوە

27-03-2018 04:06

 

پەرەگراف- شنیار حسێن

 

ڕەنگی پرتەقاڵی بەرزاییەكانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، یاریزانانی خلیسكێنەی سەر بەفری توشی سەرسوڕمان كرد لەم هەفتەیەدا، زانایان دەڵێن، خۆڵی بیابانەكانی ئەفریقا بەهۆی گەردەلوولەوە تێكەڵ بە كەش‌و هەوا بووەو پاشان بەرەو باكوری ڕۆژهەڵات هاتووە كە وەكو بەفرێكی خۆڵاوی لە ڕۆمانیا تاوەكو ڕوسیا باریوەو ڕەنگی پرتەقاڵی گرتووە، ئەوە لە كاتێكدایە ئەو بەرزاییانە پێشتر بە بەفری سپی داپۆشرابوون.

 

خەڵك وێنەو گرتەی ڤیدۆیی ئەم دیاردەیان بڵاوكردۆتەوە، زاناكان كەناڵی بی بی سی-یان ڕاگەیاندووە، ئەم دیاردەیە هەموو چەند ساڵ جارێك ڕوودەدات. بەڵام وەكو دیارە ئەم بەفرە خۆڵاوییەی ئەمساڵ لە بولگاریا، ئۆكرانیا، ڕۆمانیا، ماڵدۆڤا، ڕوسیا و شاری سوچی ئۆڵۆمپی باریوە، زیاتر خۆڵاویترە لەچاو پێشووتر.

 

 

 

پیاوێك وێنەیەكی ڕوونی ئەو دیاردەیەی گرتووە كە شوێن پێیەكان لەسەر بەفرەكە دیارە و بڵاویكردۆتەوەو تێبینییەكی لەسەر نوسیوەو دەڵێت (خەڵك لێرە تۆقیون) هەندێك لە پیس بوون یاخود پڕبوونی قژ و دەمووچاویان لەو خۆڵە، بێزاری دەردەبڕن لە بەرزاییەكانی خلیسكێنەی سەر بەفر.