چوار رێگا بۆ دوورخستنەوەی منداڵەکەت لە ئالوودەبوون بە مۆبایل

27-04-2018 02:18


پەرەگراف- سارا کامەران


گەر جاران منداڵان زۆربەی کاتەکانیان لەگەڵ منداڵانی دیکە و خێزان و دەرەوەی ماڵەکانیان بەسەر ببردایە، ئەوا ئێستا منداڵییان بەدیار شاشەی ئامێرە هۆشمەندەکانی وەک مۆبایل و ئایپاد و کۆمپیوتەرەوە دەگوزەرێنن.

شارەزایان پێیان وایە دایکان و باوکان بە ئاگایی و بێ ئاگایی منداڵەکانیان دەکەنە قوربانیی تەکنەلۆژیا و سەرەڕای کاریگەرییە لاوەکیە تەندروستییەکان، هاوکات کاریگەریی نەرێنیش دەکاتە سەر منداڵەکان لە رووی دەروونیی و کۆمەڵایەتییەوە.

بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکیەکان و دوورخستنەوەی منداڵان لە شاشەی مۆبایل و ئامێرەکانی دیکەی تەکنەلۆژیا، دایکان و باوکات دەتوانن ئەم چەند هەنگاوە بگرنە بەر:

 

- تۆمارکردنیان لە یانە وەرزشییەکان

ئەمڕۆ منداڵان لەبیریان کردووە چۆن چێژ لە منداڵییان وەرگرن، ئەوان زیاتر لە ماڵدا دەمێننەوە و ناچنە دەرەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە منداڵەکانت هان بدەیت بۆ چوونە دەرەوە و وەرزشکردن و تۆمارکردنیان لە یانە وەرزشییەکان، ئەو هەنگاوەش هەم دووریان دەخاتەوە لە مۆبایل و هەم سوودی جەستیەییشی لێ وەردەگرن.

- کاتی بەکارهێنانی مۆبایل بۆ منداڵەکەت دیاریی بکە

هەرچەندە سەختە داوا لە منداڵەکەت بکەیت دەستبەرداری مۆبایلەکەی ببێت، بەڵام پێویستە ئەو کارە بکەیت و تەنها چەند کاتژمێرێکی دیارییکراو رێگە بدەیت مۆبایل بەکاربهێنێت. کاتی نانی ئێوارە باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی منداڵەکەت لە مۆبایل دووربخەیتەوە و گفتوگۆی لەگەڵدا بکەیت.


- نمونەیەکی باش بە بۆ منداڵەکەت

ناتوانیت داوا لە منداڵەکەت بکەیت واز لە مۆبایل بهێنێت لە کاتێکدا خۆت زۆربەی کاتەکانت بە مۆبایلەوە بەسەر ببەیت، بۆیە لەگەڵ منداڵەکەتدا خۆشت هەوڵ بدە کەمترین کات مۆبایل بەکاربهێنیت و ئەو کاتانەشی بەکاری دەهێنێت، با لەبەرچاوی منداڵەکەتدا نەبێت.

- با منداڵەکانت بە ئاگا بن

منداڵان بوونەوەرێکی ناسکن، پێویستە هەمیشە ئاگاداریان بین و دڵنیا بین لەوە بە ئاگان. بەکارهێنانی ئامێرە هۆشمەندەکان بۆ ماوەیەکی زۆر رەنگە کاریگەریی نەرێنی بکاتە سەر ئاگاییان، بۆیە هەوڵبدە رۆژنامە و شتی هەمەڕەنگ بەدەنگی بەرز بۆ منداڵەکەت بخوێنەرەوە.