پاقلاوەی كولەكەی ئەنتاڵیا جیاوازە

20-05-2018 08:56

 

پەرەگراف

 

پاقلاوەی كولەكە، بەهۆی ئەوەی خواردنێكی سووكەو زۆر بەتامە لە هەموو وەرزێكدا دەخورێت بەتایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا. لە شاری ئەنتاڵیا كە ساڵانە ملیۆنەها گەشتیار سەردانی دەكەن بووەتە دیارترین خوانی گەشتیاران.

 

پاقلاوەی كولەكەی ئەنتاڵیا جیاوازە لە ناوچەكانی دیكە، ئەویش بە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی تایبەت و جوان ورد دەكرێت و لیمۆی پیادا دەكرێت و بۆ ماوەی ڕۆژێك لەناو شەكری وردەدا دەهێڵدرێتەوە. پاشان لەسەر ئاگر دەبرژێنرێت ودوای ئەوە دەخرێتە فڕنەوە. دواتر قەیماغ، تاعین، گوێز، فستقی عەنتاب و گوێزی هیندی بەسەردا دەكرێت و پێشكەش دەكرێت. پاقلاوەی كولەكە بە گەرمی و بە ساردی بەگوێرەی خواست پێشكەش دەكرێت.

 

بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە شیرینیە لە شیلەی كولەكە دروست دەكرێت، سووكە، زۆر بەتامە و خواستی زۆر لەسەرە و لە هەموو ماڵێكی شاری ئەنتاڵیا دروست دەكرێت و یەكێكە لە خوانە دانەبڕاوەكانی سفرەی ڕەمەزان و لە بەربانگ و پارشێودا دەخورێت و بووەتە دیارترین ئەو شیرینیانەی گەشتیاران حەزی پێدەكەن.

 

ئەو گەشتیارانەی لە ئەوروپا و ڕوسیاوە ڕوو لە شارەكە دەكەن بە دیاریی لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنەوە بۆ وڵاتەكەیان.

 

مەهمەت ئاكداغ، خاوەنی ڕێستۆرانتێكە لە شاری ئەنتاڵیا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو باسیلەوەكرد كە پاقلاوەی كولەكە لە ناوچەكانی دیكەی توركیا دروست دەكرێت، بەڵام ئەوەی ئەنتاڵیا جیاوازترە.

 

 

مەهمەت ئاكداغ ئاماژەی بەوەدا كە میوانە بیانییەكان سەرسامدەبن بەوەی كە شیرینی لە كولەكە دروست دەكرێت، وتی"شێفەكانی میشلین هاتبوونە ڕێستۆڕانتەكەمان، وتیان بەبیرماندا نەهاتووە كە كولەكە شیرینی لێ دروست دەكرێت. زۆر حەزیان لە پاقلاوەكەبوو. سەروەستای چێشتلێنەرەكانی ئەتاتورك، حاجی حەسەن دروستكردنی پاقلاوەی كولەكەی فێری باپیرم كردبوو، ماوەی 82 ساڵە لە ڕێستۆرانتەكەماندا دروست دەكرێت."

 

مەهمەت ئاكداغ ئاماژەی بەوەدا كە نهێنیی سەرەكی، بەتامیی پاقلاوەی كولەكە ئەوەیە كە كولەكەی ئەنتاڵیا ماوەی 18 كاتژمێر لەگەڵ شەكری بوردور پێكەوە لەسەر ئاگر چاوەڕێ بكات.

 

خاوەنی ئەو ڕیستۆرانتە باسیلەوەشكرد، پاقلاوەكە بە توونییش دروست دەكەن، وتی"قەیماغی گامێش دەكەین بەسەر پاقلاوەكەدا و بیبەری توونی هاڕاویشی بەسەردا دەكەین. كاتێك دەم، توونیی بەردەكەوێت، باشتر دەتوانێت تام بكات. پاقلاوەی كولەكە لێبڕانی دەوێت، كاتێك دەكوڵێت پێویستە بەردەوام كەفەكەی بگریت. ئەم شیرینییەمان زۆرترین خواستی لەسەرە و گەشتیارانیش زۆریان حەز لێیە. دەیبەنەوە بۆ ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپا."