دوای 13 ساڵ لە دزرانی، ئێف بی ئای بەناوبانگترین پێڵاوی هۆڵیود دەدۆزێتەوە

11-09-2018 03:47

 

پەرەگراف

 

جوتێك پێڵاوی ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانیی جودی گارلند كە ساڵی 1939 لە فیلمی ویزەرد ئۆف ئۆز لەپێی كردووە، دوای 13 ساڵ لەدزرانی، لەلایەن نوسینگەی فیدراڵی لێكۆڵینەوەی ئەمەریكا(ئێف بی ئای) دۆزرایەوە.

 

پێڵاوەكان بە دوو هەزار و 300 دەنك پولەكە داپۆشراوەو ماوەی چەندین ساڵ لە مۆزەخانە تایبەتەكەی جودی گارلند لە ئەمەریكا نمایشكراوە، بەڵام لە مانگی ئابی ساڵی 2005 لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە دزراوە تا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بەنادیاری ماوەتەوە.

 

لەشەوی ڕووداوەكەدا كامێراكانی چاودێری مۆزەخانەكە كاری نەكردووە، دزەكەش هیچ ئاسەوارێكی جێنەهێشتووە، ئەوەش وایكردبوو دۆزینەوەی پێڵاوەكە ئاسان نەبێت.

 

پێنج ساڵ بەر لەئێستا كەسێكی نەناسراو كە خۆی بە هەوادارێكی سەرسەختی فیلمەكە ناوبردبوو، خەڵاتی یەك ملیۆن دۆلاری دانابوو بۆ هەركەسێك زانیاری لەبارەی شوێنی جوتە پێڵاوەكەو ناسنامەی دزەكە بخاتەڕوو.

 

پێڵاوەكان لەپێی گارلنددا لە فیلمەكەدا/ ساڵی 1939.

 

بەپێی ڕاستیی ئەو چیرۆكەی فیلمی ویزەرد ئۆف ئۆزی لێوەرگیراوە، كچە پاڵەوانەكەی كە ناوی دوروسییە، پێڵاوێكی زیوی لەپێدایە، بەڵام كۆمپانیای بەرهەمهێنەری فیلمەكە ڕەنگەكەی گۆڕیوە بە سور بۆ ئەوەی تەكنیكێكی نوێی سینەمایی دەربخات كە لەو كاتەدا ئەو تەكنیكە تازە دۆزراوەتەوە.

 

پێڵاوەكان لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی نهێنیدا لە شاری مینۆپۆلیس لە ویلایەتی مینۆسۆتا دۆزراوەتەوەو چوارشەممەی ڕابردوو ئێف بی ئای دۆزینەوەی ئاشكراكرد.