مشكێك زیانی 190 ملیۆن دۆلار لە ڕیستۆرانتێك دەدات

16-09-2018 07:37

 

پەرەگراف

 

دوای ئەوەی ژنێكی دووگیان مشكێكی لە خواردنی ڕیستۆرانتێكی ناوداری وڵاتی چیندا دۆزییەوە، بەوهۆیەوە كۆمپانیای خاوەنی ڕیستۆرانتەكە 190 ملیۆن دۆلار بەهای لە بازاڕدا دابەزی.

 

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویكردوەتەوە، پشكەكانی كۆمپانیای خایبو خیابوی چینیی تایبەت بە ڕیستۆرانت، نزمترین بەهای تۆماركردووە لەمساڵدا بەهۆی بڵابوونەوەی وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە تێیدا مشكێك دەردەكەوێت لەناو خواردنی یەكێك لە ڕیستۆرانتەكانیدا.

 

ڕووداوەكە دوای ئەوەهات كە ژنێكی دووگیان لەگەڵ هاوسەرەكەیدا لەدوای نانخواردنیان، مشكێكیان لە خواردنەكەیاندا دۆزیبووەوە، لێپرسراوانی ڕیستۆرانتەكەش دەڵێن، گەر منداڵەكەی ئەو ژنە ژەهراوی بووبێت، ئەوا تێچووی لەباربردنی دابین دەكەن، كە بڕی 3 هەزار دۆلار بووە، بەڵام هاوسەری ژنە دووگیانەكە ئەوەی ڕەتكردوەتەوەو ئاماژەی بەوە كردووە پێش باسكردنی قەرەبوو، دەبێت پشكنینی پزیشكی تەواو بكەن.

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو ڕووداوەشدا، بەرپرسانی تەندروستی سەردانی ڕیستۆرانتەكەیان كردووە، هەرچەندە هیچ شوێنەوارێكی ئەو مشكەیان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام بەهۆی چەند كەموكوڕییەكی دیكەوە ڕیستۆرانتەكەیان داخستووە.