بە ڤیدیۆ؛ پیاوێك ژیانی تەرخان دەكات بۆ ڕزگاركردنی پشیلەی سەر دارە بەرزەكان

13-10-2018 02:09

 

پەرەگراف

 

زۆرن ئەو كەسانەی حەز و خولیایەكی زۆریان بۆ بەخێوكردنی پشیلە هەیە، بەڵام جیاواز لەو حەزە پیاوێكی ئەمەریكی هەموو ژیانی خۆی بۆ ڕزگاكردنی ئەو پشیلانە تەرخان كردووە كە لەسەر داری بەرزی ناو شار و دارستانەكاندا گیردەخۆن.

 

ڕانداڵ كۆڵب، ئەو پیاوە تەمەن 64 ساڵەیەو خەڵكی ویلایەتی لویزیانای ئەمەریكایەو خۆشەویستییەكی زۆری بۆ پشیلە هەیە، بە جۆرێك بەردەوام لە هەوڵی ڕزگاركردنی ئەو پشیلانەدایە كە لەسەر داری ناو شار و شوێنی گشتی و دارستانەكان گیردەخۆن.

 

كۆڵب پێشتر مامۆستای زانكۆی لویزیانا بووە و ساڵی 2014 خانەنشین بووە، دوای دوو ڕۆژ لە خانەنشین بوونی بەڕێكەوت پشیلەیەكی بینیوە كە لەسەر دارێكی بەرزی نزیك ماڵەكەی گیری خواردووە، بۆیە ماوەی دوو ڕۆژ بەدوای كەسێكدا گەڕاوە كە شارەزای سەركەوتن بێت بەسەر داردا بۆ ئەوەی پشیلەكە ڕزگار بكات.

 

ئەو پیاوە بە ماڵپەڕی كات ڕیسكیۆ گای ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی لەڕێی كەسێكەوە پشیلەكەی ڕزگاركردووە، بڕیاریداوە خۆی فێری سەركەوتن بەسەر داردا بكات‌و كەرەستەكانی ئەو كارەشی كڕیوە، تالەكاتی بینینی هەر پشیلەیەك لەسەر دارێكی بەرز ڕاستەوخۆ ڕزگاری بكات، بۆیە ماوەی چوار ساڵە كاتەكانی ڕۆژانەی بە ڕزگاركردنی ئەو گیاندارە بەسەر دەبات و لەهەر شوێنێك بزانێت پشیلەیەك پێویستی بە یارمەتی ئەوە، ڕاستەوخۆ بە هانایەوە دەچێت.

 

لەئێستاشدا بەجۆرێك فێری هونەری سەركەوتن بەسەر داردا بووە لەماوەیەكی كەمدا بەسەر داری زۆر بەرزدا سەردەكەوێت و بە نیو كاتژمێر پشیلەكە ڕزگار دەكات.

 

ڕانداڵ كۆڵب دەڵێت، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 150 پشیلەی ڕزگار كردووە و بێ بەرامبەریش ئەو كارە دەكات‌و هەست بە دڵخۆشی و ئاسودەییەكی زۆر دەكات، بۆیە هەتا توانای جەستەی هەبێت لەو كارە بەردەوام دەبێت.