کاریگەرە لاوەکییەکانی خواردنی گوێزەبۆن 

22-01-2017 06:31

 

پەرەگراف

 

 

گوێزەبۆن جۆرە بەهاراتێکە لە ئامادەکردنی خواردندا بەکاردەهێنرێت. ئەم جۆرە بەهاراتە لەلایەن ئەو هەرزەکار و پێگەیشتووانەوە کە بۆ گەیشتن بە دڵخۆشی دەیخۆن بەخراپی بەکار دەهێنرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە خزمەتگوزاری تەندروستی زانکۆی کۆلۆمبیا بەدەستیان هێناوە، ڕێژەی چەند کەوچکە چایەك بۆ 2 کەوچکە چێشت لە گوێزەبۆن ئەتوانێت سەرخۆشت بکات. ئەکرێت بەکارهێنانی ئەم جۆرە بەهاراتە بە مەبەستی گەیشتن بەخۆشی زیانێکی زۆری لێبکەوێتەوە. لەپاش خواردنی گوێزەبۆنەکە، نیشانەکانی لەماوەی نێوان 30 خولەك بۆ سێ کاتژمێر دەردەکەون‌و کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەکرێت بۆ ماوەی ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ دوابکەوێت.

 

دڵتێکهەڵاتن و ترشەڵۆکی گەدە و ڕشانەوە

خواردنی گوێزەبۆن بۆ ماوەیەکی کورت هەستی دڵخۆشی دروست دەکات. بەشێوەیەکی ئاسایی دروست بونی هەستی دڵخۆشی و دەرکەوتنی کاریگەرە لاوەکییە خراپەکان لەهەمان کاتدا ڕوودەدەن. بەپێی زانیارییەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی زانکۆی کۆلۆمبیا، گوێزەبۆن ئەبێتە هۆی دڵتێکهەڵاتن ودروست بوونی ترشەڵۆکی گەدە کە بەشێوەیەکی گشتی ڕشانەوەی لەدوا دێت.

 

شێتی ناو بەناو

ئەکرێت لەپاش خواردنی گوێزە بۆن، تاسان ڕوبدات. یەکێکی تر لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی بەکارهێنانی ئەم جۆرە بەهاراتە شێتی ناو بەناوە کە ئەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی نەتوانیت زاڵ ببیت بەسەر ڕەفتارەکانتدا. هەروەکوWSBTV.com  تێبینی کردووە، ماددەی مریستیسین کە لە گوێزە بۆندا هەیە ئەبێتە هۆی هەست کردن بە دڵ خۆشی و گۆڕانکاری لە تێڕوانینەکانتدا. ئەگەر لەپاش بەکارهێنانی گوێزە بۆن هەستت بەم نیشانە مەترسیدارانە کرد، ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشك یاوەخود سەردانی ژوری فریاکەوتن بکە.

 

وشك بوونی ناو دەم و هەبوونی تا

وشك بونی ناودەم و تا لێهاتن زیانێکی لاوەکی ترن کە بەهۆی خواردنی گوێزەبۆنەوە ڕوودەدەن. ئەم کاریگەرییانە ئەکرێت بەشێوەی پچڕ پچڕ ڕووبدەن یاوەخود بۆماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام بێت. تا لێهاتن لە کاتی گەیشتن بەخۆشی، ئەبێتە هۆی وشك بوونەوە کە بەهۆی پشتگوێخستنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش ڕودەدات.

 

خێرا لێدانی دڵ و سوورهەڵگەڕان

کاتێک کە گوێزەبۆن بۆ گەیشتن بەخۆشی بەکاردەهێنرێت، زیادبوونی خێرایی لێدانی دڵ ڕوودەدات. د. گیلۆرد لۆپێز، بەڕێوەبەری ناوەندی ژەهراوی بوون لە جۆرجیا بە  WSBTV.comی ڕاگەیاند کە گوێزە بۆن ئەبێتە هۆی ئەوەی لێدانەکانی دڵ زیادبکات و پێستیش سوور هەلبگەڕێت و نەخۆشیگەلێك لە دڵدا دروست بکات کە پێشتر دەستنیشان نەکراوە. کەواتە، خواردنی گوێزە بۆن ئەکرێت ببێتە هۆی ڕووداوی دڵی کوشندە.

 

ووڕێنەکردن و هەست کردن بە لەناوچوون

بەپێی زانیارییەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی لە کۆڵۆمبیا ، ئەکرێت هەست کردن بە لەناوچوون لەکاتی ووڕێنەکردندا ڕووبدات. ئەم کاریگەرییە لاوەکییە مەترسیدارانە پێویستی بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پزیشك هەیە. وا باشترە بە پزیشکەکەت بڵێیت کە گوێزە بۆنت بەکارهێناوە و بە چ ڕێژەیەكیش بەکارت هێناوە.

 

وەرگێڕانی: شلۆڤە عومەر