بە ڤیدیۆ؛ گەورەترین پەیكەری جیهان بەڕووی گەشتیاراندا كرایەوە

31-10-2018 03:47

 

پەرەگراف

 

گەورەترین پەیكەری جیهان لە هیندستان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەوە بەڕووی گەشتیاراندا كرایەوە.

 

پەیكەرەكە بە ماوەی كاركردنی 33 مانگ دروستكراوەو 404 ملیۆن دۆلاری تێچووەو 182 مەتر بەرزە، بۆ كەسایەتییەكی ناوداری هیندستان دروستكراوە بەناوی سەردار ڤالابای باتڵ كە بە یەكێك لە باوكانی هیندستان ناودەبرێت.

 

نارێندرا مۆدی سەرۆك وەزیرانی هیندستان ئەمڕۆ لە یادی 143 ساڵەی لە دایكبوونی ڤالابای باتڵ-دا پەیكەرەكەی كردەوە، پەیكەرەكە ناونراوە "پەیكەری یەكڕیزیی" بەوپێیەی ڤالابای ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە لە یەكڕیزیی نێوان گەلی هیندستان.

 

پەیكەرەكەی ڤالابای باتڵ دەكەوێتە ‌سەر كەناری ڕووباری نارمادە لە ویلایەتی گۆجارات لە باكووری ڕۆژئاوای هیندستان، نزیكەی دوو هێندەی درێژیی پەیكەری ئازادییە لە ئەمەریكا، هەروەها 29 مەتر بەرزترە لە پەیكەری پەرستگای بوزا كە بەرلەم پەیكەرە درێژترین پەیكەری جیهان بوو.

 

پەیكەرەكە بە ماددەی برۆنز ڕووپۆش كراوەو لە دروستكردنیدا زیاتر لە 70 هەزار تەن چیمەنتۆو نزیكەی 25 هەزار تەن شیش بەكارهاتووە، دەوروبەری 3 هەزار كرێكارو 250 ئەندازیار كاریان لە دروستكردنیدا كردووە.