پەرلەمانتارە میسرییەكان داوای قەدەغەكردنی پەبجی دەكەن

01-12-2018 02:37

 

پەرەگراف

 

ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی میسر داوای قەدەغەكردنی یاریی پەبجی دەكەن‌و دەڵێن، ئەو یارییە هانی گەنجان دەدات بۆ توندوتیژی.

 

میدیا ناوخۆییەكانی میسر بڵاویانكردوەتەوە، كە ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوای قەدەغەكردنی یاریی پەبجی دەكەن، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئەو یارییە لەناو گەنجانی میسردا.

 

داوای پەرلەمانتارە میسرییەكان بەتایبەت دوای ئەوە هات كە خوێندكارێك لە پارێزگای ئەسكەندەرییەی ئەو وڵاتە مامۆستاكەی خۆی كوشت، دوای لێكۆڵینەوەش باس لەوە كرا كە خوێندكارەكە ئالودەی یاریی پەبجی بووە و ئەو كارەی لەژێر كاریگەریی یارییەكەدا ئەنجامداوە.

 

پەبجی(PUBG) یارییەكی ئۆنلاینە و لە میسر و چەندین وڵاتی دیكەدا زۆر بەربڵاوەو ژمارەیەكی زۆری گەنجانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، لە هەرێمی كوردستانیش یارییەكە بەربڵاوەو لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا لیژنەی فەتوای یەكێتی زانایانی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدانی ئەو یارییەی بە "حەرام" لەقەڵەمدا، ئەوەش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

ئەحمەد بەدەوی، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی میسر لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، یاریی پەبجی توندوتیژی لەناو گەنجاندا بڵاودەكاتەوە. هەروەها باسی لەوەش كردووە كە ئەو یارییە لە یاریی "Blue Whale" مەترسیدارترە، كە ئەویش یارییەكی هاوشێوەبوو و بووە هۆی ئەوەی چەندین گەنج دووچاری خۆكوژی بكاتەوە.

 

"گەنجەكانمان لەم یارییانەوە فێری توندوتیژی دەبن،" پەرلەمانتارە میسرییەكە وادەڵێت.

 

بەدەوی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەم هەفتەیە پەرلەمان كۆبوونەوەیەك لەوبارەیەوە ئەنجام دەدات و گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەكەن.