ژنێكی ڕووسی زیاتر لە 200 ساڵە ڕیكۆردی زۆرترین منداڵبوونی بە ناوەوەیە

16-01-2019 08:39


پەرەگراف

ژنێكی گوندنشینی ڕووسی كە لە ماوەی 40 ساڵدا 69 منداڵی بووە، زیاتر لە 200 ساڵە ڕیكۆردی زۆرترین منداڵبوونی بە ناوەوەیە.

بەپێی ژمارەی ئەو منداڵانەی هێناویەتیە دونیاوە، چاوەڕوان ناكرێت لەمەودوایش ڕیكۆردەكەی لەلایەن هیچ ژنێكەوە بشكێنرێت.

ڤالێنتینا ڤاسیلێڤ، هاوسەری پیاوێكی جووتیاری ڕووسی بووە بە ناوی فیۆدۆر ڤاسیلێڤ، كە لە نێوان ساڵانی 1707-1782 ژیاوە. لە تەمەنی 18 ساڵیدا هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو جووتیارە كردووە. لە نێوان ساڵانی 1725 تا 1765 كە دەكاتە 40 ساڵ، ئەو ژن و مێردە ڕووسییە 69 منداڵیان بووە.

بەپێی گۆڤاری گینس، ئەو ژنە ڕووسییە لە ماوەی ئەو 40 ساڵەدا 27 جار دووگیان بووە، كە 16 جاریان دووانە، حەوت جاریش سیانە، چوار جاریش چوار منداڵی بە یەك سك هێناوەتە دونیاوە، لەو ژمارەیەش تەنیا دوو منداڵیان گیانیان لەدەست داوە.

لە ڕووانگەی پزیشكییەوە ڕووداوێكی لەو شێوەیە قورسە، بەڵام ئەگەری ڕوودانیشی هەیە. بەپێی لێكدانەوە پزیشكییەكان، هەر دەورەیەكی سكپڕیی ماوەی 40 هەفتەی پێویستە، بەڵام هەتا ژمارەی منداڵەكان لە هەر سكێكدا زیاتر بێت، ئەوا ماوەی سكپڕییەكە كەمتر دەبێتەوە. بەو جۆرەیش ڤالێنتینا بۆ دوانەكانی 37 هەفتە و بۆ سیانەكانی 32 هەفتە و بۆ چوارەكانیشی 30 هەفتە ماوەی دووگیانییەكەی بووە، كە كۆی گشتی دەكاتە ٩٣٦ هەفتە، بەو جۆرە لە ماوەی ئەو 40 ساڵەدا زیاتر لە 19 ساڵ دووگیان بووە.

لە نووسینێكی فیۆدۆر ڤاسیلێڤی هاوسەری ڤالێنتینا كە لە ساڵی 1783 لە گۆڤاری (The Gentleman‌s Magazine) بڵاوكراوەتەوە، هاتووە "ئێستا تەمەنم 75 ساڵە و تەندروستیم باشە، 87 منداڵم هەیە كە 69 منداڵیان لە ژنی یەكەمم بە 27 سك (كە مەبەستی لە ڤالێنتینایە) لە ژنی دووەمیشم 18 منداڵم بە هەشت سك هەیە."

لە میدیا جیهانییەكاندا زۆر وێنە لەگەڵ ئەم هەواڵەدا بڵاوكراونەتەوە، بەڵام میدیا بەناوبانگەكان ئاماژەیان بەوە كردووە هیچكام لە وێنەكان پشتڕاستنەكراونەتەوە كە هی ئەو خێزانە بن.