ژیان لە ساردترین گوند لە جیهاندا

18-01-2019 07:33

پەرەگراف

لەم ڕۆژانەدا كە شەپۆلێكی باران و بەفر و سەرما ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و پلەكانی گەرما چەند پلەیەك بۆ ژێر سفر دابەزیوە، هەموو لە خەمی ئەوەدان باشتر ئاگاداری تەندروستیی خۆیان بن و جلوبەرگی پێویست بۆ خۆپاراستن لە سەرما لەبەر بكەن. ئەی ئەگەر پەلەكانی گەرما بۆ 70 پلەی ژێر سفر دابەزێت، مرۆڤ دەتوانێت درێژە بە ژیان بدات؟ لە ڕێگەی ناساندنی ساردترین گوندی جیهان بە خوێنەرانی پەرەگراف، وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە.

ئەیمیكۆن، ساردترین گوند و ناوچەی نیشتەجێبوونە لە جیهاندا كە مرۆڤ ئێستا تێیدا دەژی. ئەم گوندە دەكەوێتە ناوچەی سیبریا لە ڕووسیا، كە لە وەرزی زستاندا بە شێوەیەكی گشتی پلەی گەرما تێیدا بۆ 50 پلەی ژێر سفر و زیاتریش دادەبەزێت.

ساردترین ڕۆژانی ساڵ لەم گوندەدا پلەی گەرما بۆ 70 پلەی ژێر سفر دادەبەزێت. هەروەها ڕیكۆردی ساردترین ناوچەی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بە 71 پلەی ژێر سفر بە ناوی ئەم گوندە ڕووسییەوەیە.

كەشوهەوای ساردی ئەم گوندە وای كردووە ژیانێكی جیاواز لە خەڵكی دیكەیان هەبێت. بە زستاندا خواردنی سەرەكییان ماسی و گۆشت و ڕۆنی ئاژەڵە، كە ئەم خواردنانە وزەیەكی زۆر بە مرۆڤ دەدات‌و وادەكات بەرگەی ئەو كەشوهەوا ساردە بگرن.

ئەگەر لە زستاندا كەسێك لەم گوندەدا بمرێت، ئەوا تەنیا ناشتنەكەی سێ ڕۆژی پێدەچێت، چونكە زەوی بەهۆی بەفر و سەرماكەوە بە تەواوی دەیبەستێت و بۆ هەڵكەندنی گۆڕ پێویستیان بەوەیە بۆ ماوەیەكی زۆر ئاگر لەسەر شوێنی گۆڕەكە بكەنەوە تا بتوانن هەڵی بكەنن.

ئەم گوندە چەن سەد كیلۆمەترێك لە دووریی بازنەی جەمسەری باكووری گۆی زەوی هەڵكەوتووە. بەهۆی سەرماوە لە زستاندا بەلای كەمەوە یەك مانگ منداڵان ناچن بۆ قوتابخانە. هەروەها لە 20 دەقیقە زیاتریش ڕێگەیان پێ نادرێت لە دەرەوە یاری بكەن.

كاتێك پلەی گەرما دەگاتە 60 پلەی ژێر سفر، چیتر ڕێگە بە فڕینی فڕۆكە لە ناوچەكە نادرێت و تا سەرەتای بەهار گەشتە ئاسمانییەكان ڕادەگیرێن.

زستان لە گوندی ئەیمیكۆن لە مانگی 12وە دەستپێدەكات و پێنج مانگ درێژە دەكێشێت. جلوبەرگ و سیستمی ئاو و گەرمیی تایبەت بۆ دانیشتووانی ئەم گوندە ئامادە كراوە.

ژمارەی دانیشتووانی گوندی ئەیمیكۆن زیاتر لە 900 كەسە، زۆرینەیان بە كاركردن لە كانی بەردی گرانبەها و دۆزینەوەی ئاڵتوون و كانزاكانی دیكەوە سەرقاڵن.

ساردترین زستانی ئەم گوندە زستانی ساڵی 1924 بووە، كە پلەی گەرما تا 71 و پۆینت دوو پلەی ژێر سفر دابەزیوە.