پارچە بەردێك نیو سەدە ئاژانسی ناسای فریو دا

29-01-2019 04:03


پەرەگراف

پارچە بەردێك كە 50 ساڵە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت وەك پارچەیەكی سەر مانگ كەهێنراوەتە سەر زەویی، بەپێی نوێترین لێكۆڵینەوە دەركەوتووە ئەو بەردە پارچەی زەویی خۆیەتی نەك هی مانگ.

ئاپۆلۆ 14، سێیەمین گەشتی مرۆڤ بوو بۆ سەر مانگ، كە لەلایەن ئەمەریكاوە ئەنجام دراوە. تێیدا سێ‌ كەشتیوانی بۆشایی ئاسمان (ئالان شیپارد، ستوارت ڕۆزا، ئیدگار میشێل) لە 31 كانوونی دووەمی 1971 گەشتێكی نۆ ڕۆژییان بۆ سەر مانگ دەستپێكرد و لە 9ی شوبات گەڕانەوە سەر زەوی. ئەو سێ‌ كەشتیوانە 42 كیلۆگرام لە بەرد و پێكهاتەكانی سەر مانگیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە.

لێكۆڵەران لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا ئەوەیان سەلماندووە، یەكێك لەو پارچە بەردە دیارانەی كە كەشتیی ئاپۆلۆ 14 لەگەڵ خۆی بۆ سەر زەی هێناویەتییەوە، پارچەی زەوی خۆیەتی.

بە قسەی لێكۆڵەران، ئەو پارچە بەردە، كۆنترین بەردی هەسارەی زەوییە كە دۆزراوەتەوە.

لێكۆڵەران دەڵێن"بەپێی لێكۆڵینەوەكان نزیكەی چوار ملیار ساڵ لەمەوبەر پێكدادان لە نێوان زەوی و هەسارەیەكی گەورەی كلكدار ڕووی داوە، لە ئەنجامی ئەو پێكدادانەشدا بە شێوەیەكی پلە بە پلە زەوی لە مانگ نزیكبووەتەوە، بە جۆرێك لەو زەمەنەدا زەوی سێ‌ هێندەی ئێستا لە مانگەوە نزیك بووە."

لێكۆڵەران ئەم دۆزینەوەیەیان بە هەنگاوێكی گرنگ ناوبردووە كە دەبێتەهۆی ئەوەی تێڕوانین و وێنەیەكی نوێیان سەبارەت بە چۆنێتیی دروستبوونی زەوی بەم شێوەیەی ئێستا، بۆ دروست ببێت.

ئەم پارچە بەردە، یەكێكە لەو دەیان پارچە بەردانەی كە كەشتیی ئاپۆلۆ 14 لەگەڵ خۆی بۆ سەر زەوی هێنایەوە، كە ماوەی نزیكەی 50 ساڵە لێكۆڵینەوەی بەرفراوانیان لەبارەوە دەكرێت لە ئاژانسی ناسای ئەمەریكی. نوێترین لێكۆڵینەوەیش ئەم پاچە بەردەی بە بەشێك لە زەوی پشتڕاست كردووەتەوە.

لێكۆڵەران ژمارەیەك كانزای وەكو: كواتز، فیڵدسپارتس (ژمارەیەك جۆری بەردن كە لەسەدا 41ی زەوی پێكدەهێنن)، زیركۆنیۆم-یان لەو پارچە بەردەدا دۆزیوەتەوە كە بە دەگمەن لە مانگدا پەیدا دەبن، بەڵام لەسەر زەوی بە شێوەیەكی فراوان هەن، ئەمە پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەو پارچە بەردە هی زەوییە و لە پێكهاتەی كیمیایی زەوییەوە زۆر نزیكە.

لێكۆڵەران دەڵێن"ئەم پارچە بەردە كریستاڵییە دوورییەكی 80 هەزار میلیی بڕیوە تا گەیشتووەتە سەر مانگ، لەو ڕێگە دوور و درێژەشدا فشار و كەریگەریی گەورەی لەسەر دروست بووە كە بووەتە هۆی گۆڕانكاری تێیدا."

لێكۆڵەران بەم دۆزینەوەیە هیوادارن كە بتوانن لە ئایندەدا لە ڕێگەی كۆكردنەوەی نموونەی زیاتری ئەم بەردە مێژووییانەی زەوی، لێكۆڵینەوەی زیاتر سەبارەت بەم هەسارەیە و مانگ ئەنجام بدەن.

ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیەش لە گۆڤاری (Earth and Planetary Science Letters) بڵاوكراوەتەوە.