شارۆچكەیەكی فەڕەنسا وەڕینی بەردەوامی سەگ قەدەغە دەكات

15-02-2019 06:00


پەرەگراف


سەرۆكی شارەوانی یەكێك لەناوچەكانی باكوری فەڕەنسا، بڕیاردەدات وەڕینی بەردەوامی سەگ قەدەغە بكات، ئەوەش وەك هەوڵی دانانی سنورێك بۆ پیسبونی هەستی بیستن.

بڕیارەكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەر سەگێك بۆ ماوەیەكی درێژ و بە بەردەوامی بوەڕێت، خاوەنەكەی بە بڕی 68 یۆرۆ سزای دارایی دەدرێت.

جان بییر ئیستیان سەرۆكی شارەوانی ناوچەی فۆكیت بە ڕۆژنامەی لۆ پاریزیانی فەڕەنسی ڕاگەیاند"بڕیارەكە بەهۆی وەڕینی بەردەوامی سەگەكان بووە بە شەو و ڕۆژ، كە دۆخێكیان دروستكردبوو كەس توانای بەرگە گرتنی نەمابوو".

ئیستیان باسی لەوە كردووە، بڕیارەكە قەدەغەكردنی بەخێوكردنی سەگ نییە، بەهۆی وەڕینێكی كەمیشەوە كەس سزا نادرێت.

بەپێی بڕیارەكە نابێت سەگەكان بێ خاوەنەكانیان لەشوێنێكی داخراو جێبهێڵرێن، بۆ ئەوەی بەردەوام نەوەڕن، هەروەها ئەو سەگانەش كە زۆر بێزاركەرن دەبێت لە ژوورەوە بهێڵرێنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بێزار نەكەن، ئەوانەش ژمارەیان 1400 سەگە.

بڕیارەكە دوای سكاڵای ژمارەیەك هاوڵاتی ناوچەكە بووە لە خانمێك كە خاوەنی چەندین سەگە كە بەردەوام بە وەڕینیان خەڵكیان بێزاركردووە.

سەرۆكی شارەوانی ناوچەكە دەشڵێت"ئەو خانمە چەندین سەگی هەیە، ژمارەیەكیان زۆر گەورەن، هەوڵی زۆرمان لەگەڵدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەرێك، بەڵام بێ سودبوو، بۆیە بڕیاری قەدەغەكردنی وەڕینمان دەركرد".

ستیڤن لامارت كە سەرۆكی كۆمەڵەی پارێزگارییە لە مافی ئاژەڵان ڕەخنەی لە بڕیارەكە گرتووە و بەبێ سود ناوی دەبات، بەشێوەیەكی گاڵتەجاڕیش دەڵێت"ڕەنگە زەنگلێدانی كەنیسەكانیش لە ڕۆژی یەك شەممە قەدەغە بكرێت".

لامارت دەیەوێت سكاڵایەك پێشكەشی دادگا بكات بۆ ئەوەی شارەوانی بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە، ئەو دەڵێت"هەرگیز گوێم لێنەبووە سەگەكانی ئێرە بە درێژایی ڕۆژ بوەڕن".

ئەمە یەكەمجار نییە كاربەدەستانی ناوچەیەكی فەڕەنسا وەڕینی سەگ قەدەغە بكەن، بەڵكو لە ساڵی 2012 شارۆچكەی سانت فۆی لا گراند لە باشوری خۆرئاوای ئەو وڵاتە وەڕینی سەگی قەدەغەكرد، بەو پێیەی دەبێتە هۆی تێكدانی سیستمی گشتیی ژیان.