محەمەد بن سەلمان ‎چەكێكی ئاڵتونیی پێ بەخشرا

20-02-2019 11:34


پەرەگراف- بەرهەم كامل


لە میانەی سەردانەكەی بۆ پاكستان محەمد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە چەكێكی ئاڵتونیی پێبەخشرا لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتە.

ئێوارەی دووشەممەی ڕابردوو، نێردراوێكی ئەنجومەنی پیرانی پاكستان سەردانی شوێنی حەوانەوەی محمد بن سەلمانی كرد لە ئیسلام ئابادی پایتەخت بۆ پێشكەشكردنی چەكێك لە جۆریHeckler & Koch MP5K و وێنەیەكی خۆی.

سەردانەكەی بن سەلمان بۆ پاكستان لە كاتێكدایە لە وڵاتانی خۆرئاوا توڕەییەكی زۆر هەیە لەبارەی كوشتنی ڕۆژنامەنوس جەمال خاشقچی لە توركیا، كە پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی محەمەد بن سەلمان دەكرێت لەو بارەیەوە.

محەمەد بن سەلمان، تەمەن 33 ساڵ، سەردانێكی ئاست بەرزی دەستپێكردووەو سەرەتا چووە پاكستان‌و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆبووەوە‌و ڕێكەوتنێكی وەبەرهێنانی بە بڕی ٢٠ ملیار دۆلار واژۆ كردو بەڵێنی ئازادكردنی هەزاران بەندكراوی پاكستانیی دا كە لە زیندانەكانی سعودیەدان.

بن سەلمان دوای پاكستان بەرەو هیندستان گەشتیكردو دواتر دەچێتە چین.

سەردانەكەی شازادەی جێنشینی سعودیە دوای 5 مانگ دێت لە ڕووبەڕووبونەوەی فشارێكی زۆر بەهۆی كوژرانی خاشقچی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ.

سعودییەكان، پاش ئەوەی لە سەرەتادا نكوڵییان لەوە دەكرد كە هیچ شتێك بزانن لەسەر دیارنەمانی خاشقچی، لە كۆتاییدا دانیان بەوەدانا كە ئەوە كاری گروپێك بووە كە هەستاون بە كوشتنی ئەو ڕۆژنامەنوسە لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان، بەوە وەسفیان كرد كە ئەمە بەدكارییەك بووەو پەیوەندی بە شازادەوە نییە.

جەمال خاشقچی