بە ڤیدیۆ؛ لە ڕوسیا بەفری ڕەش دەبارێت

21-02-2019 02:13


پەرەگراف- پەپولە هوشیار


لە ڕوسیا بەهۆی پیسبوونێكی زۆری ژینگەوە ڕەنگی بەفر دەگۆڕدرێت بۆ ڕەش.

بیهێنە بەرچاوت؛ خەوتن لە دوای ڕۆژێك بەفر بارین‌و ڕۆژی دواتر كاتێك هەڵدەستیت دەبینی سپێتیی بەفر گۆڕاوە بۆ ڕەش، ئەم ڕووداوە بۆ خەڵكی كیسلیڤیسك‌و پڕۆكۆپیفیسكی هەرێمی كوسباس لە ڕوسیا نامۆ نییەو پێشتریش ئەزموونیان كردووە.

خەڵكی ئەو ناوچانە وێنەو گرتە ڤیدۆیی بەفرەكەیان بە فراوانیی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردووەتەوە، ئەوەش ڕاستییەكی مەترسیدار پیشان دەدات دەربارەی ژیانكردن لە ناو ئەو ناوچانەی كانی خەڵوزیان تێدایە، شەقام و زەویەكان بە ڕەشیی خەڵوز داپۆشراون كاتێك سپێتیی بەفر لەكاتی بارینیدا گۆڕدراوە بۆ ڕەش.

هەموومان لە ناوچەكانی دەرەوەی شار بەفری خۆڵاویمان بینیوە، بەڵام بەفری ڕەش شتێكی دەگمەنە و تێكدەری بیناییە، خەڵكی ناوچەكە خەم‌و كێشەی هەناسەدانیان هەیە، زۆربەی زۆریان لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە ناڕەزایی دەردەبڕن و فشار دەخەنەسەر دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو ناوچانە ببنەوە كە كانی خەڵوزیان تێدایە، بەڵام كێشەكەیان ئاڵۆزە‌و تائێستا چارەسەرنەكراوە.

ئەندری پانۆڤ جێگری بەڕێوبەڕی پیشەسازی‌و گەیاندن‌و كەشزانیی دەڵێت، بەهۆی گرنگی نەدان بە گەشەپێدانی ڕایەڵەكانی گاز لەهەرێمەكەدا، زۆربەی بیناكان پشت بە سوتاندنی خەڵوز دەبەستن بۆ دەسكەوتنی گەرمیی، بۆیە خەڵكی ماڵەوەو بازرگانەكان هەموو بەشدارن لەو پیسبوونە زۆرەدا، هەروەها ئەكسۆزی ئۆتۆمبێلەكانیش شایەنی سەرزەنشتن.

ئەنتۆڵی ڤۆلكۆڤ بەڕێوبەری گشتی كانی خەڵوزی پرۆكۆپیڤیسكیا لەو هەرێمەی ڕوسیا، باسلەوەدەكات كۆمپانیاكەی ئەو، هەرچەندە دەلاقەی تایبەت بەكاردەهێنێت كە بووەتە پارێزەری شارەكانی نزیك لە كانە خەڵوزەكە لە پێكهاتە خراپەكان، بەڵام ناشكرێ بڕوا بكرێ كە كانەكە بەهیچ شێوەیەك بەرپرس نییە لە ڕەشبوونی بەفرەكە.