دڕانی پێڵاوێك زیانی دوو ملیار دۆلار لە كۆمپانیای نایك دەدات

23-02-2019 10:26


پەرەگراف


كۆمپانیای نایك تایبەت بە كەلوپەلە وەرزشییەكان، بڕی دوو ملیار دۆلار لە بەهای بازاڕكردنی لەدەست دەدات، ئەوەش بەهۆی دڕانی پێڵاوی یاریزانێكی باسكە.

لە ڕووداوێكی دەگمەندا و لە یارییەكی باسكەدا لە ئەمەریكا، تاكێك پێڵاوی زیۆن ولیامسۆن یاریزانی زانكۆی دیۆك دەدڕێت و بەهۆیەوە دەكەوێت بەزەویدا، ئەوەش دوای 40 چركە لەدەستپێكردنی یاریی نێوان زانكۆكە بەرامبەر باكوری كارۆلیتا.

لە دیمەنەكاندا دەردەكەوێت، پێڵاوەكە بەتەواوی دەدرێت، بە‌وهۆیەوە زیۆن ولیامسۆن توشی پێكان بووە لە ئەژنۆیدا و بەناچاری یاریگای جێهێشتووەو نەگەڕاوەتەوە بۆ یاریكردن.

بەهۆی ڕووداوەكەوە كۆمپانیای نایك كە پێڵاوەكەی دروست كردووە، 1%ی مامەڵەی ڕۆژانەی پشكەكانی دابەزیوە، ئەوەش بووەتە هۆی لەدەستدانی بڕی 2.06 ملیار دۆلار لە بەهای بازاڕی كۆمپانیاكە.

وتەبێژی كۆمپانیاكە بە ماڵپەڕی بیزنس ئینسایدەری ڕاگەیاندووە، ئەوان گرنگییەكی زۆر بە كوالێتی بەرهەمەكانیان دەدەین‌و ئەوەش كە ڕوویداوە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن.

لای خۆیەوە مات پاوڵ ڕاوێژكار لە كۆمپانیای (NBD) باسی لەوەكردووە، پێڵاوە وەرزشییەكان ڕوبەڕوی كێشە دەبنەوە، بەڵام بەو شێوە زەق و دیارە نییە، بۆیە كۆمپانیای نایك ڕوبەڕوی ڕەخنەیەكی زۆر بووەتەوە.

باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە ئامادەی یارییەكە بووە ڕووداوەكەی بینیوە، لە تویتێكدا نوسیویەتی "دیارە زیۆن ولیامسۆن گەنجێكی باش، لەهەمان كاتدا یاریزانێكی باسكەی بێوێنەیە، هیوادارم بە زوترین كات چاكببێتەوە."