بەكارهێنانی مۆبایل لەكاتی نان خواردن دەبێتەهۆی قەڵەوی

24-02-2019 11:19


پەرەگراف- خەزان جەنگیز


زانایان دەڵێن، بەكارهێنانی مۆبایلە زیرەكەكەت لەكاتی ژەمەكاندا دەكرێت ببێتەهۆی گەورەبوونی هێڵی كەمەر.

توێژەران دەریانخستووە كە ئافرەتان‌و پیاوان لەسەدا 15 زیاتر لە كاتی ئاسایی كالۆری وەردەگرن‌و خواردنی پڕ چەوریی دەخۆن لە كاتێكدا كە سەیری ئامێرە زیرەكەكانیان دەكەن لەكاتی نان خواردن.

ئەم لێكۆڵینەوە تازەیە ئەوەدەخاتەڕوو، سەیركردنی شاشەی تەلەفۆن سەرقاڵت دەكات‌و ئەگات لەوە نامێنێت كە چەند خواردن دەخۆیت.

"لەوانەیە ڕێگربێت لە مێشك بۆ ئەوەی تێگەیشتنێكی دروستی هەبێت بۆ ئەو بڕە خواردنەی دەچێتە گەدەوە."

زانایان داوایان لە 62 كەس كردووە لە ژن‌و پیاو كە تەمەنیان لە 18 بۆ 28 ساڵ بوو، كە ئەو خواردنانەی حەزیان لێیەتی هەڵیبژێرن -لە هەڵبژاردەی تەندروست هەتا خواردنەوە گازییەكان و شوكولاتە- بەوبڕەی خۆیان پێی ڕازین و بەتەنیاش خواردنەكانیان بخۆن.

لە سێ تاقیكردنەوەدا، كەسەكان تۆماركران لەكاتی نان خواردن بەبێ سەرقاڵبوون بە ئامێر و خوێندنەوەوە، لەگەڵ سەرقاڵ بوون بە ئامێرە زیرەكەكانیانەوەو لە سێیەم تاقیكردنەوە سەرقاڵ بوون بە خوێندنەوەی گۆڤارەوە.

بە تێكڕایی، كەسەكان 535 كالۆرییان وەرگرت بەبێ سەرقاڵ بوون بە ئامێرە زیرەكەكانیان، ئەوانەشی سەرقاڵ بوون پێیەوە 591 كالۆرییان وەرگرت.

ئەو نموونانەی كە بە قەڵەو لە قەڵەم دەدران، لەو تاقیكردنەوەیەدا 616 كالۆرییان وەرگرت‌و لەسەدا 10 زیاتر خواردنی چەورییان خوارد لەكاتی بەكارهێنانی مۆبایلەكانیان، هەروەها زیاتریان دەخوارد لەكاتی خوێندنەوەی گۆڤار.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە، مارسیۆ گیلبێرتۆ، كە لە زانكۆكانی لاڤراسی فیدراڵی لە بەڕازیل و زانكۆی ناوەندی پزشكیی ئورێخت لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو، وتی، بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان لەكاتی خواردنی ژەمەكان بووەهۆی زیادكردنی وەرگرتنی چەوری و كالۆری.

هەروەها وتیشی"تابلێت و ئامێرە زیرەكەكان بوونەتە هۆكاری سەرەكی سەرقاڵبوون لەكاتی خواردنی ژەمەكاندا، تەنانەت لە سەرەتای منداڵیشەوە. لەبەرئەوە گرنگە ئاگاداری ئەوەبیت كە چۆن ئەم بارودۆخە كاریگەری دەكاتەسەر هەڵبژاردنی خواردنەكەت. سەرقاڵبوون لەكاتی نان خواردن ڕێگە لە مێشك دەگرێت تاوەكو بە شێوەیەكی ڕاست دەرك بەو بڕە خواردنە بكات كە خوراوە."