ئەڵماسە دەگمەنەكەی لەیدی گاگا سەرنجی هەمووان ڕادەكێشێت

25-02-2019 08:18


پەرەگراف


دەركەوتنەكەی ئەستێرەی جیهانیی لەیدی گاگا لەسەر فەرشی سوری 91هەمین خولی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار جیاواز بوو، لەبری لەبەركردنی جلی سەیر بە شێوازێكی سادەو عەزییەكی ڕەشەوە دەركەوت، ئەوەش بۆئەوەی سەرنجی هەمووان بۆ ملوانكەكەی ملی ڕابكێشێت.

لەیدی گاگا كە بووەبراوەی ئۆسكار بۆ باشترین گۆڕانیی، ملوانكەكەی ملی ناوی تیڤانی زەردە، تایبەتە بە خانەی ئەمەریكی (Tiffany&Co) بۆ خشڵ و كەلوپەلی گرانبەها، ئەوەش بە بەناوبانگترین و بەنرخترین پارچە ئەڵماسی زەرد دادەنرێت لە جیهاندا.

كێشی ئەڵماسەكە 128.54 قیراتە، كە پێوانەیەكە بۆ ئەڵماس و بەردی بەنرخ و مرواری بەكاردێت، لەماوەی 142 ساڵی تەمەنی ئەڵماسەكەدا لەخانە ئەمەریكییەكە پارێزراوەو بۆ سێهەم جارە لە مل دەكرێت.

دۆزینەوەی پارچە ئەڵماسەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1877 و ئەو خانەیە لە باشوری ئەفەریقا كڕیویەتی، لەسەرەتادا كێشی 287.42 قیرات بووەو لەسەردەستی دكتۆر جۆرج فریدیریك كۆنز كە بەرپرسی بەشی ئەڵماسی خانەكە بووە كەمكراوەتەوە تا ئەو شێوەیەی ئێستای وەربگرێت.

ئەڵماسی تیڤانی بۆ یەكەمجار لە ملی ماری وایتهاوسدا دەركەوتووە، ئەوەش لە ئاهەنگێكی خانەكە كە ساڵی 1957 لەشاری نیوبۆرتی ئەمەریكا سازكراوە، بۆ دووەم جاریش ئەستێرەی سینەمایی ئۆدری هەپبێرن لەكاتی ڕیكلام كردن بۆ فیلمە بەناوبانگەكەی (Breakfast at Tiffanys) لەملی كردووە، دوای ئەوەی خراوەتەسەر ملوانكەیەك كە دیزاینەر جان شلومیرگەر دروستیكردووە. دواتر ئەڵماسەكە خراوەتە سەر ملوانكەیەكی نوێ كە 100 قیراتی ئەڵماسی سپی پێوەیەو لە ساڵی 2012 و لە یادی 175 ساڵەی خانەی (Tiffany&Co) نمایشكراوە.

سەبارەت بە نرخی ئەڵماسەكە، خانەی (Tiffany&Co) ئاشكرای كردووە، ئەو خشڵە بۆ فرۆشتن نییە، بەڵام لە ساڵی 1972 بۆ ماوەی 24 كاتژمێر بە پێنج ملیۆن دۆلار بەكرێدراوە، هەرچەندە لەیدی گاگاو خانەكەش ئاشكرایان نەكردووە كە بەچەند دراوە بەكرێ بە لەیدی گاگا، بەڵام بەپێی نرخەكەی 1972 مەزەندە دەكرێت ئێستا بەهاكەی 30 ملیۆن دۆلار بێت.

ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئەكادیمیای ئۆسكار بە یەكەم بۆنە دادەنرێت كە ئەو پارچە ئەڵماسە بۆ سەر فەرشی سور لەمل كرابێت، بەوەش ئەڵماسەكە بەختێكی باشی بۆ گاگا هێناو كردیە خاوەنی خەڵاتی ئۆسكار.