بە ڤیدیۆ؛ خەڵكی ئێران تەنانەت بۆ كڕینی هێلكەش ڕیزیان بەستووە

26-02-2019 08:24


پەرەگراف


قورسایی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران كەوتووەتەسەر شانی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، گرانی و بێكاری و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی كاڵا و خۆراك، فشاری گەورەی لەسەر خەڵك دروست كردووە.

هاووڵاتیانی ئێران لە ڕێگەی تۆماركردنی گرتەی ڤیدیۆیی و ناردنی بۆ میدیا فارسییە دەرەكییەكان، ئەو بارودۆخە سەختەی ژیانیان دەخەنەڕوو.

ئەو دۆخە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 دروست بووە كە بەهۆیەوە واشنتۆن بە دوو قۆناغ سزاكانی خۆی بەسەر تاراندا سەپاندەوە. ئەوەش بووەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانێكی دارایی و ئابوریی گەورە لە ئێران، كە بەهای دراوی تمەن لە بەرانبەر دۆلاردا بە ئەندازەی چوار ئەوەندەی بەهای پێشووی دابەزیوە، هەروەها نرخی كاڵاو شمەك لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا چەند هێندەی پێشتر بەرزبووەتەوە.

كەناڵی (iran international) ژمارەیەك گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا دەردەكەوێت سەرەڕای بەرزیی نرخ، كێشەی كەمیی هەندێك خواردن سەری هەڵداوە. لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ دەستخستن و كڕینی گۆشتی بەستووی ئاژەڵ، مریشك، تەنانەت بۆ كڕینی هێلكەش ڕیزیان بەستووە.

یەكێك لەو هاووڵاتیانەی كە گرتە ڤیدیۆییەكەی تۆمار كردووە، دەڵێت"زیاتر لە دوو كاتژمێرە بۆ كڕینی گۆشتی بەستوو سەرەیان گرتووە، بەڵام هێشتا گۆشت دیار نییە."

لە نوێترین لێدوانیشدا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، دانی بەوەداناوە كە "هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی بە ئاستێك دابەزیوە كە ئێستا كەمتر لەو بڕەیش هەناردە دەكەن كە بەر لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی هەناردەیان دەكرد."

زەریف ئاماژەی بەوەش كردووە، "هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی كە گەیشتبووە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، بەهۆی سزاكانەوە بۆ كەمێك زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل دابەزیوە"، ئەمەش كاریگەریی گەورەی لەسەر داهاتی وڵاتەكەی هەیە.

لە پێشهاتێكی نوێدا، كۆمەڵەی كاری دارایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و بنەبڕكردنی پاڵپشتییە داراییەكانی تیرۆر (FATE) دواین هەلی داوەتە ئێران بۆ پابەندبوون بە ڕێوشوێنەكانی كۆمەڵەكەوە.

سەرۆكی ئەم خولەی كۆمەڵەی ناوبراو كە نوێنەری ئەمریكایە، ڕایگەیاندووە"ئەگەر ئێران تا مانگی حوزەیران بە مەرج و ڕێوشوێنەكانی ئەم كۆمەڵەیەوە پابەند نەبێت (كە تا ئێستا لە كۆی چوار خاڵ دوو خاڵی جێبەجێ‌ كردووە) ئەوا ڕێوشوێنی جیددی دژی چالاكییە نێودەوڵەتییە بانكییەكان‌و دامەزراوە داراییەكانی ئێران دەگیرێنە بەر"، كە ئەوەش قورسایی فشارەكان بۆ سەر ئێران زۆر زیاتر دەكات.