بچوكترین ساوای جیهان نەخۆشخانەی جێهێشت

01-03-2019 12:56


پەرەگراف


بچوكترین منداڵی ساوای جیهان كە لەكاتی لەدایكبوونیدا كێشی تەنها 268 گرام بوو، نەخۆشخانەی بە جێهێشت، ئەوەش دوای جێگیربونی دۆخی تەندروستیی.

ئەو منداڵە كوڕەو لەمانگی ئابی ڕابردوودا لەڕێی نەشتەرگەرییەوە چەند مانگێك بەرلەوادەی ئاسایی خۆی لەدایكبووەو قەبارەی بەڕادەیەك بچوك بووە لەنێوان لەپی هەردوو دەستتدا جێیبووەتەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش لە بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانەیەكی تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن ماوەتەوە.

ئەو ساوایە هەفتەی ڕابردو كێشی بووەتە 3.2 كیلۆگرام‌و پزیشكەكان بەخێزانەكەیان ڕاگەیاندووە، دەتوانن بیبەنەوە ماڵەوە، ئەوە بەر لە دوو مانگ دێت لەو وادەیەی پزیشكەكان بۆیان دانابوو بۆ بە جێهێشتنی نەخۆشخانە.

دایكی منداڵەكە كاتێك لە هەفتەی 24هەمی دووگیانیدا بووە دۆخی تەندروستی تێكچووە و پزیشكەكان بە ناچاری نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامداوە، ئەوەش وایكردووە منداڵەكەی بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.

دایكەكە دەڵێت"تەنها دەتوانم ئەوە بڵێم زۆر دڵخۆشم كە گەیشتووەتە ئەو قەبارەیەی ئێستا، دڵنیا نەبووم لەوەی لەژیاندا دەمێنێتەوە."

لایخۆیەوە دكتۆر تاكیشی ئاریمیتسۆن كە سەرپەرشتی چارەسەركردنی كۆرپەكەی كردووە بە بی بی سی ڕاگەیاندووە"ئەمە بچوكترین منداڵە لە تۆمارەكانی نەخۆشخانەدا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی پێش وەخت‌و بە كێشێكی زۆر كەمەوە لەدایكدەبن، دەتوانن بە تەندروستییەكی باشەوە نەخۆشخانە جێبهێڵن."

پێشتر منداڵێكی كوڕی ئەڵمانی خاوەنی ژمارەی پێوانەیی كەمترین كێش بوو لەكاتی لەدایكبونیدا، ئەویش 278 گرام بوو، هەروەها ساڵی 2015 لە ئەڵمانیا كچێك بە كێشی 252 گرامەوە لەدایكبووە و لەژیانیشدا ماوە.

نەخۆشخانەی زانكۆی تۆكیۆ ڕایدەگەیەنێت، ئەو منداڵانەی لەكاتی لەدایكبونیاندا كێشیان لە كیلۆیەك كەمترە %90یان لەژیاندا دەمێننەوە، بەڵام ئەوانەی كێشیان لە 300 گرام كەمترە %50یان دەژین.

مانەوەی ئەو منداڵانە لە ژیاندا بەپێی ڕەگەز دەگۆڕێت، بەجۆرێك ڕەگەزی مێ ئەگەری مانەوەی زیاترە، هەرچەندە تائێستا هۆكاری سەرەكی بۆ ئەو حاڵەتە دیارینەكراوە، بەڵام بەشێكی پسپۆڕان دەڵێن پەیوەندی بە خاویی گەشەی سییەوە هەیە لای ڕەگەزی نێر، ئەوەش وادەكات ئەگەری مانەوەی لە ژیاندا كەمتربێت.