بەوێنە؛ ماسییەكی دەگمەن لە كالیفۆڕنیا لێكۆڵەران تووشی سەرسوڕمان دەكات

04-03-2019 11:43


پەرەگراف


ماسییەكی دەگمەن كە شوێنی ژیانی دەكەوێتـە ئاوەكانی نیوەی باشووری گۆی زەوی، لە كەناراوەكانی سانتا باربارا لە ویلایەتی كالیفۆڕنیای ئەمریكا دەركەوتووە.

ئەم ماسییە كە ناوە زانستییەكەی (هوودوینكەر)ـە، درێژییەكەی زیاتر لە دوو مەترە.

دەركەوتنی ئەم ماسییە لە كالیفۆڕنیا، لێكۆڵەرانی تووشی سەرسوڕمان كردووە. ئەو پرسیارەی لا دروست كردوون كە ئەم ماسییە چۆن تا ئەو ئەندازەیە لە شوێنی ژیانی دووركەوتووەتەوەو گەیشتووەتەوە كالیفۆڕنیا؟!

ئەم جۆرە ماسییە بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2014 دۆزرایەوە و ناوی لێ‌ نرا.

مارینە نیگارد، كە لێكۆڵەری زیندەوەرە ئاوییەكانە و بۆ یەكەم جار ئەم ماسییەی دۆزییەوە و ناوی لێ‌ نا، بە (سی ئێن ئێن)ی وتووە"ئەو ساتەی كە دەركەوتنی ئەم ماسییەم لە كالیفۆڕنیا بینیوە، تووشی سەرسوڕمانێكی گەورە بووم و خەریك بوو لەسەر كورسییەكەم بكەومە خوارەوە."

ئەو دەڵێت "پاش ئەوەی كە دڵنیا بووە ئەو ماسییە لە جۆری (هوودوینكەر)ـە، سەرنجەكانی لەسەر ئەوە چڕكردووەتەوە بە چ هۆكارێك ئەم ماسییە هێڵی كەمەرەیی گۆزی زەوی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە كەناراوەكانی كالیفۆڕنیا."

بەپێی توێژینەوەكان، ئەم جۆرە ماسییە لە ئاوە گەرمەكاندا دەژی، بە تایبەت لە ڕووبەرە ئاوییەكانی شیللی و نیوزلەندا و ئوسترالیا و ئەفریقای باشوور. هەندێك جار كێشی ئەم ماسییە دەگاتە دوو هەزار كیلۆ.

هەرچەندە تا ئێستا ئەوەی لێكۆڵەرانی زیندەوەرە ئاوییەكان پێی گەیشتوون، ئەوەیە كە ماسیی جۆری (هوودوینكەر) لە ڕووبەرە ئاوییە گەرمەكانی نیوەی باشووری گۆی زەویدا دەژی، بەڵام دەڵێن "پاش دەركەوتنی ئەم ماسییە لە كەناراوەكانی كالیفۆڕنیا، لێكۆڵینەوەیەكی نوێی لەبارەوە ئەنجام دەدەن."

مارینە نیگارد دەڵێت، لە ڕێگەی لێكۆڵینەوەیەكەوە نموونەی ئەو ماسییەی كە لە كالیفۆڕنیا دەركەوتووە، لەگەڵ نموونەكانی لای خۆی لە ئوسترالیا بەراورد دەكات، بۆ ئەوەی ئەوە ئاشكرا بكات كە ئایا ئەو ماسییە لە ڕووبەرە ئاوییەكانی كالیفۆڕنیاش دەژی، یاخود لە ناوچەكانی دیكەوە كۆچی كردووە.