ملیاردێرێك لەكاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا

09-03-2019 11:57


پەرەگراف

ملیاردێرێكی ئیسرائیلی-بەلژیكی كە گەورە بازرگانێكی ئەڵماس بوو، لەكاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەورەكردنی ئەندامی نێرینە گیانیلەدەستدا.

ڕۆژنامەی (Le Point) فەڕەنسی ئاشكرای كردووە، ئەو نۆڕینگەیەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئیهۆد لاندینۆ، تەمەن 66 ساڵ، تێدا ئەنجامدراوە، بەیەكێك لە بەناوبانگترینەكان دادەنرێت كە لەو بوارەدا كاردەكات، بەڵام ئەوەی پۆلیسی نیگەران كردووە ئەوەیە، كاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە لە ئێوارەدا بووەو دوای كاتی داخستنی نۆڕینگەكەبووە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، لاندینۆ توشی جەڵتەی دڵ بووە كاتێك ماددەیەكی تایبەت كراوەتە چوكییەوە، هەرچەندە پزیشكەكان هەوڵی بوژاندنەوەی دڵیانداوە، بەڵام نەتوانراوە ژیانی ڕزگار بكرێت.

لاندینۆ، بەیەكێك لە كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانی جیهان لەقەڵەم دەدرێت كە سامانەكەی لەڕێی ئەڵماسەوە كۆكردووەتەوە، بە تایبەت لە هەردوو وڵاتی ئەنگۆلا و كۆنگۆ، خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی و بەلژیكییە.

ڕۆژنامەی (The Mirror) ئاشكرای كردووە، ئەو ملیاردێرە لە ساڵی 2015 گرانترین ئەڵماسی جیهانی فرۆشتووە كە بە مانگی شین ناسراوە و نرخەكەی 48.4 ملیۆن دۆلار بووە.