كچ و كوڕێك لە ئێران بەهۆی داوای هاوسەرگیریی لە شوێنی ئاشكرا دەستگیركران

11-03-2019 12:24


پەرەگراف


پۆلیسی ئێران كچ‌و كوڕێك دەستگیردەكات، بەهۆی ئەوەی كوڕەكە لە مۆڵێكدا بەشێوەی سوپرایزو بە ئاشكرا داوای هاوسەرگیری لە كچەكە كردووە، گرتەی ڤیدیۆی ئەو كارە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە.

ڕووداوەكە لەیەكێك لە بازاڕەكانی شاری ئەراكی باكوری ئەو وڵاتە ڕوویداوە، كوڕەكە لەبەردەمی دەیان كەسدا و لەنێو دڵێكی بە پەڕەی گوڵ دروستكراو داوای هاوسەرگیری لە كچەكە دەكات.

دوای ڕەزامەندبوونیشی باوەش بەیەكدا دەكەن، ئامادەبوانیش بە چەپڵە لێدان دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕن، بەڵام دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراون.

مەحمود خەلاجی، بریكاری پۆلیسی هەرێمەكە بە ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی ڕاگەیاندووە"ئەو كارە دژی بنەماكانی ئاینی ئیسلامە، بۆیە دەستگیرمان كردن، هەروەها خەڵكێكی زۆر داوای دەستگیركردنی ئەو دوو كەسەیان كردووە، چونكە ئادابی گشتییان پێشێل كردبوو، بەهۆی كاریگەرییان بە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو كارەیان كردووە، بەڵام دواتر بە كەفالەت ئازاد كران."

ڕووداوەكە دەنگدانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو بەشێكی ئێرانییەكان پشتگیری كاری ئەو كچ و كوڕەیان كردووە، بەشێكی دیكەشیان دژی وەستاونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو كۆت و بەندانەی لەسەر تێكەوڵابونی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە شوێنە گشتییەكانی ئێران دانراوە.

ئەمە یەكەمجار نییە گەنجانی ئێران لەسەر بەزاندنی بنەمای ئاینی و ئادابی گشتی دەستگیر دەكرێن، ساڵی ڕابردووش چەند گەنجێك بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی سەماكردنیان لە بازاڕێكی شاری مەشهەد دەستگیركران.