باڕبی بوو بە 60 ساڵ

12-03-2019 02:26


پەرەگراف


بووكەشووشەی باڕبی كە ناوبانگێكی گەورەی لە جیهاندا هەیە، 60 ساڵ بەسەر دروستكردنیدا تێدەپەڕێت.

ئەم بووكەشووشەیە بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1959 لە پێشانگای یارییە منداڵانەكانی نیویۆرك نمایش كرا. لە هەمان ساڵدا 350 هەزار دانە لەم بووكەڵەیە فرۆشرا.

یەكەم باڕبی لە پێشانگاكەدا بە سێ‌ دۆلار فرۆشرا، كە بەرانبەرە لەگەڵ 25 دۆلاری ئێستا.

ئێستا بووكەشووشەی باڕبی لەسەر ئاستی جیهان خواستی زۆری لەسەرە، بە جۆرێك لە هەر چركەیەكدا 100 دانەی لێ‌ دەفرۆشرێت.

ڕوس هاندلەر (1916-2002) ژیاوە، ژنێكی ئەمریكییە و دروستكەری بووكی باڕبییە، ناوی كچەكەی خۆی لەو بووكەشووشەیە ناوە. هاندلەر دەڵێت، بیرۆكەی دروستكردنی باڕبیی لە بووكەشووشەیەكی دروستكراوی ئەڵمانی بە ناوی (بیڵد لیلی)ـەوە وەرگرتووە كە ساڵی 1952 دروست كراوە.

لەم ساڵانەی دواییدا كۆمپانیای بەرهەمهێنەری بووكەشووشەی باڕبی، بەهۆی دروستكردنی بووكەڵەكانی بە شێوەیەكی ناواقیعی، ڕووبەڕووی ڕەخەی گەورە بووەوە. لەبەرئەوە لە ساڵی 2016دا كۆمپانیاكە چەندین جۆری جیاوازی باڕبیی بە حەوت ڕەنگی پێست و 22 ڕەنگی چاو و 24 مۆدێلی قژ و سێ‌ قەبارەی جەستەی جیاواز خستە بازاڕەوە.

لەمساڵیشدا بڕیارە چەندین شێوازی جیاوازی بووكەشووشەی باڕبی بخرێنە بازاڕەوە، لەنێویشیاندا بووكەڵەی خاوەن پێداویستیی تایبەت.

پاش دوو ساڵ لە بەرهەمهێنانی باڕبی، لە ساڵی 1961 هاوڕێیەكی كوڕیشیان بە ناوی (كین) بۆ دروست كرد، كەویش هەر بە ناوی كوڕەكەی (ڕوس هاندلەر)ـەوە ناو نراوە.

باڕبی پڕفرۆشترین بوكەڵەی جیهانە و تا ئێستا یەك ملیارد دانەی لێ‌ فرۆشراوە.