نیوەی نەخۆشە ئەفغانییەكان بەبێ‌ ڕەچەتەی پزیشك دەرمان بەكاردەهێنن

18-03-2019 01:28


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان ڕایگەیاند: نزیكەی لەسەدا پەنجای نەخۆشە ئەفغانییەكان بەبێ‌ سەردانی پزیشك دەرمان بەكاردەهێنن، زۆرینەی دەرمانەكانیش دژە بەكتریان.

وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان بەپێی بڕیارێكی نوێ‌ سزای هەر دەرمانخانەیەك دەدات كە بەبێ‌ ڕەچەتەی پزیشك دەرمان بفرۆشێت، وەزارەتەكە دەڵێت"ئەو دەرمانخانانە ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە و غەرامە دەكرێن."

بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە 8400 جۆر دەرمان لەلایەن وەزارەتەكەوە تۆمار كراون، كە تەنها نزیكەی 80 جۆریان دەتوانرێت بەبێ‌ ڕەچەتەی پزیشك بفرۆشرێن، بەڵام لەو وڵاتەدا جۆرە جیاوازەكانی دەرمان بەبێ‌ ڕەچەتەی پزیشك دەفرۆشرێن.

وەحیدوڵڵا مایار، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان، دەڵێت"لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتیانەوە، تا ئەندازەیەكی باش توانیومانە ڕێگری لە فرۆشتنی دەرمان بە بێ‌ ڕەچەتەی پزیشك بكەین."

بەپێی بەدواداچوونێكی كەناڵی بی بی سی، زۆرینەی دەرمانخانەكانی كابووڵی پایتەختی ئەفغانستان بەبێ‌ ڕەچەتەی پزیشك دەرمان دەفرۆشن، بەڵام هەندێكیشیان خۆیان لەو كارە بەدوور دەگرن.

یەكێك لەو نەخۆشانەی كە بەبێ‌ ڕەچەتەی پزیشك هەوڵی كڕینی دەرمانی داوە، دەڵێت"هۆكاری ئەو كارەم بۆ هەژاری دەگەڕێتەوە، چونكە زۆرێك لە خەڵكی توانای دارایی ئەوەیان نییە سەردانی پزیشكی تایبەتمەند بكەن و پشكنینیان بۆ بكرێت."

بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، فرۆشتنی دەرمان بەبێ‌ ڕەچەتەی پزیشك، ڕێگەی بۆ قاچاخچییەكانی دەرمان خۆش كردووە.