نەیزەكێكی زەبەلاح لە بەرگە هەوای زەویدا تەقییەوە

19-03-2019 09:07


پەرەگراف

ئاژانسی ناسای ئەمەریكی ئاشكرای كرد، گەورەترین نەیزەكی تیشكدەر لە 30 ساڵی ڕابردوودا، چەند مانگێك لەمەوبەر بە گەیشتن بە بەرگە هەوای زەوی تەقیوەتەوە، وزەكەیشی 10 هێندەی وزەی بۆمبە ئەتۆمییەكەی هێرۆشیما بووە.

بەپێی هەواڵێكی بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی، ئاژانسی ناسا ڕایگەیاندووە: لە مانگی كانوونی یەكەمی ڕابردوو(نزیكەی سێ‌ مانگ لەمەوبەر) نەیزەكێك پاش گەیشتنی بە بەرگە هەواوی زەوی، پارچە پارچە بووە و سووتاوە.

نیوەڕۆی ڕۆژی 18ی كانوونی یەكەم، ئەو نەیزەكە بە خێرایی 32 كیلۆمەتر لە چركەیەكدا گەیشتووەتە بەرگە هەوای زەوی.

تەقینەوەی ئەم نەیزەكە تیشكدەرە زەبەلاحە، دووەمین تەقینەوەی گەورەی لەم جۆرەیە لە 30 ساڵی ڕابردوودا و گەورەترین تەقینەوە بووە لە دوای تەقینەوەی نەیزەكێكی دیكە لە ئاسمانی چلیابینسك لە ڕووسیا كە نزیكەی شەش ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە.

تەقینەوەی ئەم نەیزەكە زۆر نەبووەتە جێگای سەرنج، چونكە لەسەر دەریای برینگ لە نیمچەدوورگەی كامچاتكای ڕووسیا تەقیوەتەوە كە ناوچەیەكی دوورەدەستە.

ناسا دەڵێت"ئەو وزەیەی كە لە ئەنجامی تەقینەوەی نەیزەكەكە بڵاوبووەتەوە، دە هێندەی ئەو وزەیە بووە كە لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبە ئەتۆمییەكەی شاری هێرۆشیما بڵاوبووەتەوە."

لیندڵی جانسون، بەرپرس لە ناسا، بە بی بی سیی گوتووە"گەیشتنی نەیزەكی بەو قەبارە گەورەیە بە بەرگە هەوای زەوی، لە 100 ساڵدا تەنیا دوو تا سێ‌ جار ڕوو دەدات."

نەیزەكەكە لە دووریی 25 كیلۆمەتر و 600 مەتر لە ڕووی زەوییەوە و بە تێكڕای وزەی 173 كیلۆتۆن تەقیوەتەوە.

دیمەنی تەقینەوەی ئەم نەیزەكە لەلایەن مانگە دەستكردەكانەوە تۆمار كراوە و ناسا لە ڕێگەی هێزی ئاسمانیی ئەمەریكاوە ئاگاداری ڕووداوەكە بووە.