كۆكاكۆلا بۆ یەكەم جار ئاستی بەكارهێنانی ساڵانەی پلاستیكی ئاشكرا كرد

21-03-2019 11:46


پەرەگراف


بۆ یەكەم جار كۆمپانیای كۆكاكۆلا ئاشكرای كرد لە ماوەی یەك ساڵی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكەدا، "سێ‌ ملیۆن تۆن پلاستیكی بەكار هێناوە."

كۆمپانیاكە لە ساڵی 2018دا ڕایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیك، تا ساڵی 2030 پلاستیك و قوتووە بەكارهێنراوەكان بۆ كۆمپانیاكە دەگەڕێنێتەوە.

كۆمپانیای كۆكا كۆلا كە 500 جۆر ساردیی گازدار و شەربەت و ئاوی خواردنەوە بەرهەم دەهێنێت، دەڵێت، هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت دووبارە پلاستیك و قوتووی بەرهەمەكانی كۆبكاتەوە و بە ڕێگەیەكی دروست بەكاریان بهێنێتەوە.

دامەزراوەی ئیلین ماركئارسەر، فشاری خستووەتەسەر وڵاتان و كۆمپانیاكان تا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەكارهێنانی بێبەرنامەو بێسنووری پلاستیك هەنگاوی جیدی هەڵبگرن.

لە ئەنجامدا تا ئێستا 150 كۆمپانیا بەڵێنیان داوە ئاستی بەكارهێنانی پلاستیك داببەزێنن، بەڵام كۆمپانیاكانی وەكو پیپسی و لۆریاڵ و ئێچ ئێم، ئاستی بەكارهێنانی پلاستیكیان ئاشكرا نەكردووە.

بەهۆی بەكارهێنانی بەرفراوانی ڕۆژانەی پلاستیك و فڕێدانی بە تایبەت بۆ نێو دەریاكان، كێشەی ژینگەیی گەورە لە ڕووبەرە ئاوییەكانی زۆرێك لە وڵاتاندا دروست بووە، هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە لە لایەن حكومەت و ڕێكخراوەكانەوە بەردەوامە.