مێشك بە درێژایی تەمەن خانەی نوێ‌ دروست دەكات

27-03-2019 09:50


پەرەگراف


بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ‌، مێشك بە درێژایی ژیانی مرۆڤ -یان ئەگەر بە شێوەیەكی وردتر بڵێین، ئەوا تا تەمەنی 97 ساڵی- درێژە بە دروستكردنی خانەی نوێ‌ دەدات.

پرسیاری ئەوەی كە ئایا مێشكی مرۆڤ لە دروستكردنی خانە بەردەوام دەبێت؟ یان هەر لە سەرەتای لەدایكبوونەوە هەموو خانەكانی دروست دەبن؟ زەمەنێكی زۆرە جێگای مشتومڕ و توێژینەوە بووە.

بەپێی هەواڵێكی بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی، توێژەرانی زانكۆی مەدرید ئاشكرایان كردووە كە دروستبوونی خانەی نوێ‌ لە مێشكدا ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە، هەروەها دروستبوونی خانەی نوێ‌ لە مێشكدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.

توێژینەوەكان دەریان خستووە كە دروستبوونی ژمارەی خانە تازەكانی مێشك لە قۆناغە سەرەتاییەكانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەردا، بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت. ئەم دۆزینەوەیەش دەتوانێت بیرۆكەی نوێ‌ لەبارەی چارەسەری نەخۆشییەكەوە بە زاناكان ببەخشێت.

هەرچەندە توێژینەوەكان لەسەر زیندەوەرانی دیكە دروستبوونی خانەی نوێیان لە مێشكدا بە درێژایی تەمەن، پشتڕاست كردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەو پرسە جێگای لێكۆڵینەوە و مشتومڕە.

لە توێژینەوەیەكی نوێدا كە ئەنجامەكەی لە گۆڤاری (پزیشكیی سروشتی)دا بڵاوكراوەتەوە، تاقیكردنەوە لەسەر مێشكی 58 مرۆڤی مردوو ئەنجام دراوە كە تەمەنیان لە نێوان 43 بۆ 97 ساڵیدا بووە. تێیدا لەو بەشەی مێشك-یان كۆڵیوەتەوە كە تایبەتە بە یادەوەریی و سۆز، واتە ئەو بەشەی مێشك كە بۆ نموونە یارمەتیی مرۆڤ دەدات لە كاتی بیرچوونەوەدا ئەوەی بیر بكەوێتەوە كە ئۆتۆمبێلەكەی لەكوێ‌ ڕاگرتووە.

دەمارەخانەكان كاتێك لە مێشكدا دەردەكەون، هێشتا كامڵ نین، بەڵكو دەبێت قۆناغی گەشەكردن ببڕن. توێژەران توانییان لە مێشكی ئەو مردووانەی كە نموونەی توێژینەوەكە بوون، دەمارەخانەی نوێ‌ بدۆزنەوە.

دكتۆر ماریا لۆرنز مارتین، یەكێكە لەو توێژەرانە و بە بی بی سیی گوتووە"بە بۆچوونی من تا ئەو كاتەی پێویست بێت شتی نوێ‌ فێر ببین، مێشكمان دەمارەخانەی نوێ‌ دروست دەكات. ئەمەش ڕووداوێكە لە هەر چركەیەكی ژیاندا ڕوو دەدات."

بەڵام لە مێشكی تووشبووان بە ئەلزەهایمەردا بارودۆخەكە بە جۆرێكی دیكە بووە. لە قۆناغە سەرەتاییەكانی تووشبوون بەم نەخۆشییە، ژمارەی دەمارەخانە نوێیەكان لە 30 هەزار لە هەر میلیمەترێكدا، بۆ 20 هەزار دابەزیوە. وەكو دكتۆر ماریا لۆرنز مارتین دەڵێت"ئەم دابەزینە بە ڕێژەی لەسەدا 30 لە قۆناغی یەكەمی ئەلزەهایمەردا، بۆ ئێمە جێگای سەرسوڕمان بوو."