ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێكی نهێنیدا ڕووفاتی سەربازێكی لە لوبنان دەگەڕێنێتەوە

03-04-2019 11:42
زاكای بومل، لە شەڕی سوڵتان یەعقوب بێسەروشوێن بوو.


پەرەگراف

سوپای ئیسرائیل پاش 37 ساڵ لە جەنگی لوبنان، لە ئۆپەراسیۆنێكی نهێنیدا ڕووفاتی سەربازێكی وڵاتەكەی لەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕووفاتی یەكێك لە سەربازەكانی وڵاتەكەی كە 37 ساڵ لەمەوبەر لە شەڕی لوبناندا بێسەروشوێن بووە، بۆ ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە.

زاكای بومل، لەگەڵ دوو سەربازی دیكەی ئیسرائیل لە شەڕی سوڵتان یەعقوب (شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و سوپای سووریا لە چوارچێوەی جەنگی لوبنان) لە ساڵی 1982، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكدا لەگەڵ هێزەكانی سووریا، بێسەروشوێن بوو.

زاكای بومل لە ساڵی 1960 لە نیویۆرك لەدایك بووە، لەگەڵ خێزانەكەی كۆچیان بۆ ئیسرائیل كردووە و لە تەمەنی 21 ساڵیدا لە جەنگی لوبنان بێسەروشوێن بووە.

جاناتان كانریكۆس، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ ئاشكرای كرد "ڕووفاتی ئەو سەربازەمان چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بۆ وڵاتەكەمان گەڕاندووەتەوە."

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل وتیشی"ڕووفاتەكە بە پشكنینی دی ئێن ئەی ناسراوەتەوەو لە ڕێگەی فڕۆكەوە بۆ ئیسرائیل گوازراوەتەوە."

گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئەو سەربازە ئیسرائیلییە لە ئۆپەراسیۆنێكی نهێنیدا بووە، سوپای ئیسرائیل وردەكاری ئۆپەراسیۆنەكە و ئەو شوێنەی ئاشكرا نەكردووە كە ڕووفاتەكەیان لێ‌ دۆزیوەتەوە.

ساڵی ڕابردووش ڕووسیا ڕایگەیاند"هێزەكانی لە سووریا هەوڵ دەدەن شوێنی ڕووفاتی سەربازانی ئیسرائیل كە لە جەنگەكانی ڕابردوودا كوژراون، بدۆزنەوە."

هێشتا ناوی دوو سەربازی دیكەی ئیسرائیل كە لە شەڕی سوڵتان یەقوبدا بێسەروشوێن بوون، لەناو لیستی بێسەروشوێنانی جەنگی ئیسرائیلدان.

ساڵی 2016 لە مەراسیمێكدا ڕووسیا تانكێكی بۆ ئیسرائیل گەڕاندەوە كە هێزەكانی سووریا لە شەڕی سوڵتان یەعقوبدا دەستیان بەسەردا گرتبوو.

لەو مەراسیمەدا بینیامین ناتانیاهو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتی زاكاری بومل و دوو سەربازە هاوڕێكەی.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكردووە "ڕەنگە پشكنینەكان ئاشكرای بكەن كە ئەو سەربازە لە شەڕدا كوژراوە، یاخود بە هۆكاری دیكە گیانی لەدەست داوە."

چەندین ساڵ پاش بێسەروشوێنبوونی ئەو سەربازانە، هەندێك زانیاریی پشتڕاستنەكراوە باسیان لەوە دەكرد كە ئەوان بە دیل گیراون و هێشتا لە ژیاندا ماون.