پاش مردنیش بە بەخشینی ئەندامەكانی جەستەیان ژیانی ئەوانی تر ڕزگار دەكەن

28-05-2019 01:26
ئالین پاش مانگێك لە نەشتەرگەریی چاندنەوەی دڵ

پەرەگراف - سەنگەر سالار

ئالینی 31 ساڵ كاتێك كە سەرقاڵی خوێندنەوەی نامەی خێزانی ژنێك بوو كە بە بەخشینی دڵی چەند مانگێك لەمەوبەر ژیانی ئەمی ڕزگار كردبوو، دەلەرزی.

ئالین گراگوسیان دەڵێت "لە نەخۆشخانەوە پەیوەندییان پێوە كردم و وتیان كە خێزانی ئەو كەسەی كە دڵی خۆی بە تۆ بەخشیوە، نامەیان بۆ نووسیویت. ئەو پەرستارەی كە تەلەفۆنی كرد پێی وتم كە ئەگەر بمەوێت ڕاستەوخۆ نامەكەم بۆ دەنێرێت، بەڵام ڕەتم كردەوە، چونكە ئامادەیی خوێندنەوەی ئەو نامەیەم نەبوو".

نامەكە پاش چەند ڕۆژێك بە دەستی ئالین گەیشتووە. ئەو دەڵێت "كاتێك لەبارەی ژنێكەوە دەمخوێندەوە كە بە بەخشینی دڵی خۆی ژیانی منی ڕزگار كرد، لەبەر گریان خۆم نەدەگرت".

"هەمیشە بیرم لەوە دەكردەوە كە ئەو كەسەی بەشێك لە جەستەی خۆی بە من دەبەخشێت، وەكو من مرۆڤە. كاتێكیش چیرۆكی ژیانیم خوێندەوە، هەموو شتێك لەپڕ بوو بە واقیع. جەستەم وەكو شەقشەقە دەلەرزی. لێكچوونێكی زۆر لە نێوانماندا هەبوو! ئێمە دوو ژنی گەنج بووین كە هەر یەكەمان لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەیەكدا خەوتبووین و چاوەڕوان بووین تا بزانین كاممان زووتر دەمرین".

ئەو نامەیەی كە خێزانی كچە ئەندامبەخشەكە بۆ ئالینیان ناردووە

ئالین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئاماژەی بەو نامە كردووە كە خێزانی ئەو كچە بۆیان نووسیوە و، بەڵێنیشی داوە كە بە باشترین شێوە سوود لە دڵە تازەكەی وەربگرێت. لە كۆتاییشدا بۆ ئەو كچەی نووسیوە "لە ناخی دڵەوە سوپاست دەكەم".

ئالین خەڵكی فیلادلفیای ئەمریكایە. خەریكە لە بەشی چاودێریی ورددا دەبێت بە پسپۆڕ و لە بەشی فریاگوزاریی خێراش خزمەت دەكات.

خۆی دەڵێت "بەر لەمە كاری من ئەوە بوو كە كەسێك گیانی لەدەست دەدا، من پەیوەندیم بە ناوەندی بەخشینی بەشەكانی جەستەوە دەكرد بۆ بردنی تەرمەكەی".

ئالین پێشتر نامەی بۆ خێزانی ئەو كچە نووسیبوو كە دڵی خۆی پێ بەخشیوە، بەڵام دڵنیا نەبوو لەوەی كە نامەكەیان بەدەست گەیشتووە، چونكە لە ئەمریكا زانیارییەكانی تایبەت بەو كەسەی كە ئەندامەكانی جەستەی خۆی دەبەخشێت، تەنیا لە حاڵەتێكدا بە كەسی وەرگر دەدرێت كە خێزانی ئەو كەسە ڕازی بن.

ئالین كە پاش مەرگی كەسە ئەندامبەخشەكە ڕێگەیەكی بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ نەبوو، بڕیاری دا كە لە لاپەڕەی تایبەتی كەسەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیدا نامەیەكی بۆ بنووسێت.


لە نامەكەدا نووسیویەتی "من خاڵی هاوبەشی زۆرم لەگەڵ تۆدا هەبوو، زۆر زیاتر لە گرووپی خوێنی هاوبەش. ڕەنگە دوو هاوڕێی باش بووینایە بۆ یەكتر، بەڵام لە سەرسوڕهێنەرترین خاڵدا بە یەك گەیشتین، لە دوایین ڕۆژی ژیانی تۆدا و یەكەم ڕۆژی ژیانەوەی من! لە خراپترین ڕۆژی ژیانی تۆ و باشترین ڕۆژی ژیانی من!".

ئالین دەڵێت، ڕێز لە ویستی خێزانی كەسە ئەندامبەخشەكە دەگرێت كە نایانەوێت بناسرێن. هەموو هەوڵی خۆی داوە كە ناوەرۆكی نامەكەیان ئاشكرا نەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارە كە كەسوكاری ئەو كەسە وەڵامەكەی ئەم ببینن و لە هەستی قەدرزانیی ئەم ئاگادار بن.

چیرۆكێكی دیكەی ئەو كەسانەی كە پاش مردن ئەندامەكانی جەستەی خۆیان دەبەخشن، لای لینت هازاردە، كە دایكی گەنجێكە بە ناوی جەستن لە تەمەنی 20 ساڵیدا مردووە.

لینت و جەستن

جەستن چەند ساڵێك نەخۆش بوو، بە ئەندامانی خێزانەكەی گوتبوو كە پێی خۆشە پاش مەرگی ئەندامەكانی جەستەی ببەخشێت بە كەسانێك كە پێویستیان پێیەتی.

پاش مردنی جەستن، دەركەوت كە دڵ و سی و گورچیلەكانی بۆ چوار نەخۆش گونجاوە كە داوایان كردووە.

لینت نامەی بۆ ئەو چوار كەسە نووسیوە كە ئەندامەكانی كوڕەكەی ئەویان پێ‌ بەخشراوە. ئەو دەڵێت "چەندین مانگ درێژەی كێشا تا بتوانم ئەو نامانە بنووسم، چونكە وشەی شیاوم بۆ نەدەدۆزرایەوە. دەمویست ئەو كەسانە لەوە تێبگەن كە كوڕەكەم چ گەنجێكی بەهێز و میهرەبان بوو. دەمویست دڵنیا بن لەوەی كە كوڕەكەم چەندە عاشقی هاوكاریكردنی خەڵك بوو تەنانەت دوای مەرگی خۆیشی".

ئەو دەڵێت "ناسینی كوڕەكەم دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەو چوار كەسە ئامانجەكانی زیندوو ڕابگرن".

لە كۆتاییدا ئەو دایكە میهرەبانە دەڵێت "هەست دەكەم كوڕەكەم زیندووە و لە جەستەی ئەوانی دیكەدا دەژی. هیوادارم ئەو چوار كەسە هەرگیز ژیان بە بێنرخ تەماشا نەكەن".