گووگڵ لە ئەندۆنیزیا لەدایك بوو

29-06-2019 04:17

پەرەگراف

لە ئەندۆنیزیا دوو هاوسەر منداڵەكەیان ناو نا گووگڵ. دەیانەوێت كوڕەكەیان وەكو گووگڵ زیرەك و بەسوود بێت بۆ كۆمەڵگەكەی.

یەكێك لە ئەركەكانی دایك و باوك، هەڵبژاردنی ناوی جوان و گونجاوە بۆ منداڵ. هەڵبژاردنی ناو هێندە گرنگە، دەگوترێت ناوی منداڵ بە درێژایی تێپەڕینی تەمەن كاریگەریی لەسەر كەسێتیی منداڵ دەبێت.

ئێستا بیر لەوە بكەرەوە كە دایك و باوكێك بیانەوێت ناوی منداڵەكەیان لە دنیای تەكنەلۆژیادا هەڵبژێرن. بژارەكانیان (ویندۆز، مایكرۆسۆفت، گوگڵ، ئای ئۆ ئێس و ئافۆن) بێت!

ئەمانە هەر بە ڕاستی بژارەی دوو هاوسەری ئەندۆنیزیایی بوو بۆ ناونانی منداڵەكەیان. كە دواجار بەوهۆیەوە بوونە جێی باسی میدیاكان.

گوگڵ، ئەو ناوە بوو كە ئایلا كارینی 27 ساڵ و ئاندی كاهیای 31 ساڵی هاوسەری، بۆ دووەمین منداڵی خۆیان هەڵبژارد.

ئەم دوو هاوسەرە ئیندۆنیزیاییە هیوادارن بە هەڵبژاردنی ئەو ناوە، كوڕەكەیان هاوشێوەی گوگڵ لە دۆزینەوەی شتەكاندا زیرەك بێت و وەكو ئەو بۆ كۆمەڵگەكەی بەسوود بێت.

ئاندی لە كاتێكدا كە هاوسەرەكەی لە مانگی حەوتەمی سكپڕیدا بووە، بڕیاری دا بە سوودوەرگرتن لە دنیا تەكنەلۆژیان، ناوێك بۆ كوڕەكەیان هەڵبژێرێت.

هەڵبژاردنی ناوی گوگڵ لەلایەن ئەم دوو هاوسەرەوە بۆ منداڵەكەیان، لە كاتێكدایە كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕیزبەندیی دیارترین ناوەكان بۆ منداڵ لە ساڵی 2019دا بڵاوكرایەوە.

بەپێی ماڵپەڕی (BabyCentre) لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ناوەكانی (ئۆلیڤیا و سۆفیا) بۆ كچان، هاوشێوەی ساڵی 2018 لە ڕیزبەندیی یەكەم و دووەمی ئەو ناوانەدا بوون كە بۆ منداڵ هەڵبژێردراون. هەروەها ناوی (محەمەد) لە پلەی یەكەمی ناوی هەڵبژیردراودایە بۆ كوڕ.

هاوكات ناوی (ئۆلیڤەر) بۆ كوڕ كە ساڵی پێشوو لە ڕیزبەندیی دووەمدا بوو، بۆ ڕیزبەندیی چوارەم دابەزیوە. بەپێی لیستەكە ناوی (نوح و جۆرج) پلەكانی دووەم و سێیەمی ناوی كوڕانیان گرتووە.