دۆزینەوەی درێژترین تونێلی قاچاخچێتی لە سنووری نێوان ئەمریكا و مەكسیك

30-01-2020 06:54


پەرەگراف

بەرپرسانی ئەمریكا دۆزینەوەی درێژترین تونێلی قاچاخچێتییان لە سنووری نێوان وڵاتەكەیان و مەكسیك ڕاگەیاند كە درێژییەكەی 1313 مەترە.

بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، باس لەوە دەكات كە لەناو تونێڵەكەدا بەرزكەرەوەی كارەبایی، ڕێگای ئاسنین، سیستمی هەواگۆڕكێ و وایەری كارەبایی ڤۆڵتاج بەرز دۆزراونەتەوە.

تونێلەكە ٢١ مەتر لەژێر زەویدایە و بەرزییەكەی 167 سانتیمەترە، پانییەكەیشی ٧٠ سانتیمەترە. تونێلەكە ناوچەیەكی پیشەسازیی شاری (تیخوانا)ی مەكسیك بە ناوچەیەكی شاری (سان دیاگۆ)ی ویلایەتی كالیفۆرنیا دەبەستێتەوە.

لە كاتی دۆزینەوەی تونێلەكەدا هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە و ماددەی هۆشبەریش لەناو تونێلەكەدا نەدۆزراوەتەوە.

بەرپرسانی ئەمریكا زانیارییان لەبارەی ئەو كەسانەوە نەداوە كە تونێلەكەیان دروست كردووە، بەڵام (كارتل سینالوا)ی مەكسیكی كە ئەمریكا بە یەكێك لە گەورەترین گرووپەكانی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا ناساندوویەتی، لەو ناوچەیەدا چالاكیی هەیە.

دامەزرێنەر و سەردەستەی ئەم گرووپە (خواكین گوزمن)ی ناسراو بە ئالچاپووە كە لەلایەن ئەمریكاوە سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەم تونێلە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا دۆزراوەتەوە، بەڵام بەر لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی دۆزینەوەی، بەرپرسانی مەكسیك دەرگای چوونەژوورەوەی تونێلەكەیان ئاشكرا كردبوو.

لە ساڵی 2016ـەوە تا ئێستا دەیان تونێل لە سنووری نێوان ویلایەتی كالیفۆڕنیای ئەمریكا و وڵاتی مەكسیكدا دۆزراونەتەوە. دووەم درێژترین تونێل لە ٢٠١٤ لە سان دیاگۆ دۆزراوەتەوە كە درێژییەكەی ٩٠٤ مەتر بووە.

ساڵی 2018 تونێلێكی 182 مەتریی لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریكا دۆزرایەوە كە بۆ مەكسك ڕاكێشرابوو. لە نیسانی 2016 تونێلێك لە ڕێستۆرانتێكی شاری سان دیاگۆی مەكسیك دۆزرایەوە كە بۆ ناو خانوویەك لە كالیفۆڕنیا ڕاكێشرابوو. لە ئەیلوولی 2015یش تونێلێكی تەواونەكراو بە بوونی ڕێگای ئاسنین، سیستمی هەواگۆڕكێ لە شاری تیخوانای مەكسیك دۆزرایەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دروستكردنی دیوارێك لە نێوان ئەمریكا و مەكسیكدا بە یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی خۆی ڕاگەیاندووە، ئەوەش بە پاساوی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆچی نایاسایی و قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر، بەڵام بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن كە زۆرینەی ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی بەندەرەكان و ڕێگا یاساییەكانی وشكانی و ئاوییەوە بە شاردنەوە لەناو كاڵاكانی دیكەدا هاوردە دەكرێن.