خانمانی خاوەنكارو دەست ڕەنگین لە سلێمانی بەرهەمەكانیان نمایش دەكەن

17-02-2021 12:48

پەرەگراف

لە پێشانگایەكی تایبەتدا، 18 خانمی خاوەنكارو دەست ڕەنگین لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەكە لە سلێمانی، بەرهەمەكانیان نمایش دەكەن.

پێشانگاكە ڕۆژانی 18و19ی ئەم مانگە لە كاتژمێر 11 بۆ 4ی ئێوارە كراوە دەبێت بە ڕووی هاووڵاییاندا، پڕۆژەی LS بۆ ناساندنی كار، سەرپەرشتیی پێشانگاكە دەكات.

لارە فەخرەدین، سەرپەرشتیار‌و خاوەنی بیرۆكەی پڕۆژەی LS، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ئامانجی پڕۆژەكەیان ناساندنی كارە بەتایبەت كاری خانمان، لە یەكەم چالاكیشدا پێشانگای خانمان لە مۆزەخانەی ئەمنەسورەكە دەكەنەوە، "وەكو پشتگیری و پاڵپشتییەك بۆ ئەو خانمانەی كاری خۆیان هەیەو كردویانە بە سەرچاوەیەك بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان".

سەرپەرشتیار‌ی پڕۆژەی LS، داوای لە هاووڵاتییان كرد وەك پشتیوانیەك بۆ كاری خانمان سەردانی پێشانگاكە بكەن، ئەوەشی خستە ڕوو، لە پێشانگاكەدا؛ شیرینی، نەخشی خەنە، لەمەسات، جلی كوردی، جلی كلاسیك، ئێكسسوارات، ئێكسسواراتی ماڵ، كۆزماتیك، ناوە شكێنەو ناو ساجی‌و ئیشی ئەتەمین، نمایش دەكرێن.