كوردێك بووە باشترین وەرزشكاری جیهان لە هەڵگرتنی قورسایی بۆ ساڵی 2016

07-02-2017 08:27
كیانوش ڕۆستەمی

 

پەرەگراف

 

كیانوش ڕۆستەمی لەلایەن فیدراسیۆنی جیهانیی هەڵگرتنی قورسایی وەك باشترین یاریزان بۆ ساڵی 2016 دیار كرا، ڕۆستەمی ساڵی ڕابردوو مەدالیای زێڕی بە دەستهێنا لە ئۆڵۆمپیادی بەڕازیل لە وەرزشی هەڵگرتنی قورسایی.


ماڵپەڕی فیدراسیۆنی جیهانیی هەڵگرتنی قورسایی، 6 وەرزشكاری بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ینۆ بزۆكۆیچ‌و هەڵبژاردن بۆ باشترین یاریزانی ئەو وەرزشە لەساڵی 2016دا دیاری كردبوو كە كیانوش ڕۆستەمی یەكێك بوو لەوانە.

 

هەڵبژاردنی باشترین یاریزان بە دەنگی خەڵك‌و لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی فیدراسیۆنی هەڵگرتنی قورسایی جیهان ئەنجامدراوەو ڕۆستەمی پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.

 

دوای ئەو یاریزانە كوردە هەر یەك لە (لاشا تالاخادزەو نجات ڕەحیمۆف) خەڵكی كازاخستان پلەكانی دووەم‌و سێیەمیان بەدەستهێناوە.

 

كیانوش ڕۆستەمی خەڵكی شاری شائابادی پارێزگای كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە‌و پاڵەوانی كێشی 85 كیلۆگرامە لە هەڵگرتنی قورسایی.

 

ڕۆستەمی لە یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی ڕیۆی بەڕازیل ساڵی ڕابردوو پلەی یەكەمی بەدەستهێنا‌و لە ئۆڵۆمپیادی لەندەنیش مەدالیای زیوی بە دەستهێنا.

 

خاڵی جێگای سەرنج لەسەر ئەو یاریزانە كوردە ئەوەیە كە ناوبراو بەبێ ڕاهێنەر خۆی ئامادە دەكات، هەر ئەوەش بووەهۆی ئەوەی كە 3 ڕۆژ لەمەوبەر ڕاهێنەری تیمی هەڵگرتنی قورسایی ئێران ناوی ئەو یاریزانە كوردە بۆ بەشداریكردن لە یارییە ئاسیاییەكان لابدات‌و ڕێگەی بەشداریكردنی پێنەدا.